د. دلێر عادل ئاكرەیی سەرۆكی بەشی فیزیا لە زانكۆی زاخۆ: زانكۆكانی كوردستان ساڵ بە ساڵ لە ڕیزبەندییە نێودەوڵەتییەكاندا پێش دەكەون
پێویستە زانكۆكان شێوازێكی نوێ بگرنەبەر بۆ گەیشتن بە ئاستی نێودەوڵەتی، نەك تەنیا ڕكابەری لەسەر ئاستی ناوخۆ بێت. لە ڕاستیدا ستافی زانكۆكانی كوردستان هەوڵێكی جدی دەدەن بۆ ئەوەی بتوانن ڕكابەری زانكۆ نێودەوڵەتییەكان بكەن. ئەم هەنگاوە لە ڕێگەی چەندین خاڵی سەرەكییەوە دەست پێ دەكات، كە یەكێكیان بریتییە لە: توێژینەوەی زانستی.
لێكۆڵینەوەی زانستی ڕێگەیەكی كاریگەرە بۆ دەركەوتنی زانكۆكان لەسەر ئاستی جیهانی. بە خۆشحاڵییەوە ستافێكی باشمان هەیە و من خۆم لەگەڵ چەندین مامۆستا و پڕۆفیسۆری دەرەوەدا مامەڵەم كردووە، چ لە زانكۆی زاخۆ بێت، چ لە زانكۆكانی دیكەی كوردستان. ئێمە كار لەسەر پڕۆژەی هاوبەشی زانستی دەكەین و ئەمە دەبێتە پردێك كە دەتوانین لەگەڵ زانكۆ نێودەوڵەتییەكاندا بكەوینە ناو ڕكابەرییەوە.
زانكۆ لە ڕێگەی كوالێتیی توێژینەوەكان و ئەو شوێنانەی كە لایەنی زانستیی پێشكەوتوویان تێدایە، دەردەكەوێت. تا ڕاددەیەكی باش، زانكۆكانی كوردستان ئەم هەنگاوەیان ناوە و لایەنی باشیان هەیە، هەرچەندە كەم و كورتییش هەیە. بەڵام بوونی ستافێكی ئەكادیمی كە لە دەرەوە خوێندوویانە و بڕوانامەی ماستەر و دكتۆرایان هێناوەتەوە، هەنگاوێكی بەهێزە. ئەم ستافە توانای ئەوەی هەیە كە توێژینەوەی نێودەوڵەتی ئەنجام بدات و لە گۆڤارە زانستییە نێودەوڵەتییەكاندا بڵاوی بكاتەوە.
ئەمە هۆكارێكە كە دەبێتە ڕێگەخۆشكەر بۆ ڕكابەریی زانكۆكانی كوردستان لەگەڵ زانكۆ نێودەوڵەتییەكاندا. وەك دەبینین، زانكۆكانی كوردستان ڕۆژ بە ڕۆژ و ساڵ بە ساڵ لە ڕیزبەندییە نێودەوڵەتییەكاندا پێش دەكەون. ئەگەر پێشتر لە ناو ڕیزبەندی ١٠ هەزاردا بووبن، ئێستا دێنە ناو هەزارەكان. بۆ نموونە، زانكۆی زاخۆ لەم دواییەدا لە بواری (Interdisciplinary)دا لەناو عێراقدا بووە یەكەم، ئەمەش بەهۆی زۆریی توێژینەوەكانمانەوەیە، لێكۆڵەرەكانمان توێژینەوەی نێودەوڵەتی ئەنجام دەدەن و لە گۆڤارە نێودەوڵەتییەكاندا بڵاو دەبنەوە. لە ڕێگەی وەزارەتی خوێندنی باڵا و دابینكردنی داتا و زانیاریی پێویست، ستافەكەمان بە ئارەزوویەكی زۆرەوە گرنگی بە پڕۆگرام و پڕۆژەكانیان دەدەن. ئەم هەنگاوانە دەبێتە ڕێگەیەكی ڕاستەقینە بۆ ئەوەی زانكۆكانمان ببنە ئەو شوێنانەی كە بتوانن لەگەڵ زانكۆ نێودەوڵەتییەكاندا بە شێوەیەكی كاریگەر ڕكابەری بكەن.
