پ.د.نەزاكەت حسێن ئەندامی بازنەی گفتوگۆ: دەبێت خوێندنی باڵا كەسی باڵا و داهێنانی باڵا وەبەربهێنێت
پ.د.نەزاكەت حسێن، ئەندامی بازنەی گفتوگۆ و ئەندامی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستانە و سەرنووسەری ڕۆژنامەی كوردیش گلۆپە، كە بە زمانی ئینگلیزی دەردەچێت. لە گفتوگۆی ئەم جارەی «بازنەی گفتوگۆ»دا، (خوێندنی باڵا و توانا زانستییەكانی نەتەوە)، بەم جۆرە دید و تێڕوانین و بۆچوونەكانی خۆی خستە ڕوو.
خوێندنی باڵا وەك هەموو سێكتەرەكانی دیكە گۆڕانكاری و گەشەی تەكنەلۆجیا و بازاڕی كار، كاریگەریی ڕاستەوخۆی هەیە لەسەری و، بەردەوام دەبێت تازەگەری لە پڕۆگرام و شێوازی خوێندندا هەبێت، تەنانەت لە شێوازی كڵاس و وانەوتنەوەشدا. ئەڵبەتە ئەم قۆناغە نابێت تەنیا وەك قۆناغێك لە قۆناغەكانی پێشتر وەك ئامادەیی و ناوەندی سەیر بكرێت، كە ئەوانە قۆناغی ئامادەكاری بوون، بەڵكو دەبێت ئەم قۆناغە قۆناغی داهێنان و دۆزینەوەی نوێی توێژینەوە و پێگەیاندنی كادری بەتوانا و خاوەن ئایدیا و پیشەزانین بێت. ئەگەر سەیری هەرێمی كوردستان بكەین، دەبینین بەداخەوە بارودۆخی سیاسی و قەیرانی دارایی زۆر بە ئاشكرا بەم سێكتەرەوە دیارە، نەبوونی هاوكاریی دارایی بۆ توێژەران و ناردنە دەرەوەوە و بەشداریی كۆنفڕانسی زانستی و نەبوونی تاقیگە و ماددەی پێویستی توێژینەوە زانستییەكان، وای كردووە لەم ناوەندە جووڵە و تێكەڵیی قوتابی لەنێوان خۆیان و زانكۆكانی دیكە و بەشداریی كاری پراكتیكی و بینینی ناوەندەكانی كار و كارگەكاندا زۆر كەم بووەتەوە. دەگوترێت ئێستا زانكۆكان بە زۆری بوونەتە شوێنی پێدانی بڕوانامە و، بەشێكی زۆری ئەوانەش ئەم بڕوانامانە بەدەست دەهێنن، كەم كاریان دەست دەكەوێت و دامەزراندنیان ئاسان نییە. ئەمە نەك تەنیا گرفتەكە لە نەبوونی هەلی كاردایە، بەڵكو لە ڕووی گەشەی مرۆییەوە تاكێك دروست دەبێت، كە تووشی داڕمان دەبێت، چونكە كاتێك هەست دەكات، بڕوانامەكەی بەرزە، بەڵام بێكارە و لە ماڵەوەیە و كاری دەست ناكەوێت، یان كارێكی سادە دەكات، كە كەسانێك بە بێ هیچ بڕوانامەیەك ئەو كارەی ئەو دەكەن، یان بگرە هەندێك جاریش كاری لەم خاوەن بڕوانامەیە باشتر دەكەن، ئەم بارودۆخە وادەكات قوتابی لە قۆناغەكانی زانكۆ و دوای تەواوكردنیش كەمتر شوناسی نیشتمانی و نەتەوەیی بۆ دروست ببێت.
لە كۆنفڕانسێكی زانستی لە زانكۆی سلێمانی، توێژەرێكی زانكۆكانی ئێران هاتبوو باسی لەوە دەكرد كە لە ٢٠ ساڵی ڕابردوودا زانكۆكانی ئێران بە زۆری تەنیا بڕوانامەیان دەدا، وەك زانكۆكانی ئێستای ئێمە، بەڵام دوای ماوەیەك بۆیان دەركەوت، كە زۆر كەسی خاوەن بڕوانامە لە ماڵەوەن و تووشی داڕمانی دەروونی و كۆمەڵایەتی و كەم بژێوی بوون، بۆیە شێوازی خوێندنیان گۆڕی و وایان لە زانكۆكان كرد، وا پەیوەستیان كرد بە كارگە و بازاڕەكانەوە، كە لە زۆربەی بەشەكاندا هەر قوتابییەك بڕوانامەیەكی زانكۆیی بەدەست دەهێنا، لەگەڵیدا فێری پیشەیەك دەبوو، ئیتر ئەوە وای لێهات وردە وردە لەو قەیرانە مرۆییە ڕزگاریان بوو، كە تەنیا بڕوانامەیەكی هەبێت و كاری دەست نەكەوێت. لە هەمان كاتدا سەربەخۆیی ئابووریی زانكۆكان هۆكارێكی گرنگە بۆ گەشەی زانستی و دەبێت زانكۆكان خاوەن بڕیاری خۆیان بن، بۆ ئەمەش زانكۆكانی جیهان وایان كردووە كە لەگەڵ ئەوەی لە خوێندندا بەرهەمهێن بن، بەشەكانی وەك كشتوكاڵ، پزیشكی، ڤێتەرنەری و دەرمانسازی، تەكنەلۆجیا و تەكنیكی، بەرهەمیان هەبێت و بەرهەم بفرۆشن، وەك بەرهەمی كشتوكاڵی و ئاژەڵی و داهێنانی تەكنیكی و دروستكردنی ئامێر، ئەمە وای لێ كردوون، ساڵانە بەروبوومەكانیان بفرۆشن و بەشێك لە داهاتی خۆیانی پێ دەستەبەر بكەن. جگە لەوەی ئەو داهێنان و دەرەنجام و توێژینەوە گرنگانەی قوتابیەكان پێی دەگەن، لە دەرنجامی پڕۆژە و كارەكانیان، دەتوانرێت لەگەڵ كارگە و بازاڕەكاندا سپۆنسەری بۆ وەربگیرێت. بەگشتی زانكۆ دەبێت سەربەخۆیی ئابووریی هەبێت، سەرچاوەی داهێنانی هەبێت، تاكی داهێنەر و خاوەن بیر و ئایدیا پێك بهێنێت و ببێتە سەرچاوەیەك بۆ پێدانی پێشنیار و ڕاوێژ بە ئۆرگانەكانی دیكەی وڵات. لە هەمان كاتدا جگە لە سەربەخۆیی ئابووری، پێویستە زانكۆ دوور بێت لە دەستتێوەردانی سیاسی و بەكارهێنانی قوتابی و ناوەندەكانی زانكۆ بۆ مەبەست و مەرامی سیاسی، ناكرێت پۆستەكانی ناو زانكۆ وەك پۆستی سیاسی ئەژمار بكرێن و وەك ئیمتیاز بدرێت بەو كەسانەی نزیكن، یان ئەندامی ئەو حزبە سیاسییەن لەو دەڤەرەدا باڵا دەستە، یان كاتێك قوتابیان لە ڕووی سیاسی و بنەماڵەییەوە قەرەبوویان بۆ دەكرێتەوە، دێن پۆستەكانی زانكۆیان دەدەنێ، كاتێك پۆستیكی ناو زانكۆ لەسەر بنەمای دیكە بێت، نەك ئاستی زانستی، ئەمە كاریگەریی دەكاتە سەر داهێنان و گەشەی زانستی.
