هونەرمەند حەمە هاشم (یادەوەرییەكانی بەرد) دەباتە سلێمانی
ئەگەرچی لە میدیا گەلەریی شاری هەولێر ب ماوەی 10 ڕۆژ پێشانگەیەكی تایبەتی شێوەكاریی بە ناونیشانی(یادەوەرییەكانی بەرد)كردەوە,لە ئێستادا نووسەر و هونەرمەندی شێوەكار (حەمە هاشم)پێشانگەكەی بردووەتە شاری سلێمانی.
ڕۆژی سێشەممە ڕێكەوتی25/11/2025,بەڕێوەبەرایەتی گشتی ڕۆشنبیری و هونەری سلێمانی لە هۆڵی مۆزەخانەی سلێمانی هەستا بە سازدانی پێشانگەی شێوەكاری (یادەوەرییەكانی بەرد)كە ئەم پێشانگەیە بۆ ماوەی سێ ڕۆژ بەردەوام دەبێت.
لە پێشانگەكەدا هەریەك لە (نیاز نوری) نەقیبی سەندیكای هونەرمەندانی كوردستان و (د.موحسین ئەدیب) بەڕێوەبەری گشتی ڕۆشنبیری و هونەری سلێمانی و ژمارەیەك لە هونەرمەندان و هونەردۆستان ئامادەی كردنەوەی پێشانگەكە بوون.
نووسەر و هونەرمەندی شێوەكار حەمە هاشم لە پێشانگاکەیدا کۆمەڵێك تابلۆی شێوەكاری نمایش كرد كە بە گشتی كارەكانی نێو ئەم پێشانگەیە كۆمەڵێك چیرۆكی خەمناك دەگێڕنەوە,بەشێكیان گوزارشت لە ڕۆڵی ژن دەكات لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە شێوەیەكی گشتی,بەو پێیەی كە هەندێجار ژنان لە كۆمەڵگەیەكی دواكەوتوودا دەبنە قوربانیی بیرێكی توندڕەو.
لە پشت هەر بەردێكی نێو ئەم پێشانگەیە چیرۆكێكی جیاواز دەبیندرێت,بەردەكان پێمان دەڵێت كە هەندێ مرۆڤ تووشی هەژاری و قورسایی دەبێت و لە پێناو بژێوی ژیانی لەگەڵ گرفت و ئاستەنگەكانی ژیان دەجەنگێت,هەروەها هەندێ بەردی دیكەی نێو ئەم تابلۆیانە وەكو كێڵی قەبر دەردەكەون كە ئەمەش ئاماژەی هونەرمەندە دەربارەی چیرۆكی ئەو ژن و كچانەی كاتێك كە دەكوژرێن تەنانەت لە گۆڕستان ناویان نانووسرێت و وەكو گۆڕستانێكی بێ ناو دەمێننەوە,هەروەها بەشێكی دیكەی تابلۆكانی نێو ئەم پێشانگەیە باس لە نەهامەتی گەلی كورد و چیرۆكی ئەنفال و كۆمەڵكوژی كورد دەكات.
گوڵان-ئاسۆ كاكەیی
