ژمارەی قوربانیانی لافاو لە ڤێتنام بۆ ٩٠ کەس بەرزبووەوە

ژمارەی قوربانیانی لافاو لە ڤێتنام بۆ ٩٠ کەس بەرزبووەوە

 

 

بەهۆی بارانبارینی بەخوڕ و لافاو لە ناوەڕاستی ڤێتنام 90 کەس گیانیان لەدەستدا و زیانێکی زۆری بە ژێرخانی وڵات گەیاندووە.

بەگوێرەی ڕۆژنامەی ڤین ئێکسپرێس، دەسەڵاتدارانی ڤێتنام ڕایانگەیاندووە، کە ژمارەی قوربانییانی لافاوەکانی ئەم دواییە لە ناوچەکانی ناوەڕاستی ئەو وڵاتە بۆ ٩٠ کەس زیادی کردووە.

ئەمەش لە کاتێکدایە کە ١٣ کەسی دیکەش بێسەروشوێنن و ئۆپەراسیۆنی گەڕان بۆ دۆزینەوەیان بەردەوامە.

بەگوێرەی ئاماری دەسەڵاتدارانی خۆجێی، لافاوەکە بووەتە هۆی وێرانکردنی 946 خانوو و نزیکەی 28 هەزار و 500 یەکەی نیشتەجێبوون ژێرئاوکەوتووە.

بەهۆی لافاوەکەوە زیاتر لە ملیۆنێک ماڵ بێ کارەبا ماونەتەوە و کۆی زیانەکانیش بە ٣٤١ ملیۆن دۆلار مەزەندە دەکرێت.

هەرچەندە چڕی بارانبارین کەمی کردووە و ئاستی ئاوی بەشێک لە ڕووبارەکان دابەزیوە، بەڵام مەترسی لافاو بەردەوامە.

لافاوەکە کە سەرەتای ئەم هەفتەیە دەستیپێکرد، یەکێکە لە کوشندەترین کارەساتە سروشتییەکانی ڤێتنام لە چەند مانگی ڕابردوودا.

هەروەها کارمەندانی فریاگوزاری سەرەتایی پەناگەی کاتی بۆ بریندارەکان دابین دەکەن.

 

 

 

گوڵان: سەردار خەلیل

 

Top