چیتر وتار و هوتاف جێی خزمەت ناگرێتەوە.

چیتر وتار و هوتاف جێی خزمەت ناگرێتەوە.




هەرێمی کوردستان لە قۆناغێکی چارەنووسسازدایە کە تیایدا پێوەرەکانی سەنگی سیاسی بە یەکجاری گۆڕاون. "چیتر وتار جێی خزمەت ناگرێتەوە" دەستنیشانکردنی ستراتیژییەتی نوێی حوکمڕانی کابینەی نۆیەمە بە سەرۆکایەتی مەسروور بارزانی، کە تیایدا میتۆدی کاری سیاسی لە گۆڕەپانی وتار و دروشمەوە بۆ گۆڕەپانی کردار و چاکسازی گوازراوەتەوە. ئەمە ڕاگەیاندنی کۆتاییهاتنی سەردەمێک و دەستپێکی تێگەیشتنێکی قووڵترە لە دەوڵەتداری.
مێژووی حوکمڕانی کوردی پاش ڕاپەڕین و دامەزراندنی پەرلەمان، بە دوو فۆرمی جیاواز لە دەربڕینی سیاسی ناسراوە. سەرەتا، قۆناغەکە بە "وتار و هوتاف"ـی نەتەوەیی زاڵ بوو، کە لە بنەڕەتدا ئامانج لێی کۆکردنەوەی ورەی گشتی و پاراستنی قەوارە سیاسییەکە بوو لە مەترسییە گەورەکانی ناوچەکە. لەو کاتەدا، سەرکردەکان پێویست بوو بە پەیامەکانی خەبات و مانەوە، دڵی هاووڵاتیان ڕابگرن. بەڵام کاتێک هەرێم بەرەو پێگەیشتنی دامەزراوەیی هەنگاوی نا، جەوهەری داواکاری خەڵک گۆڕا.
ئەم گۆڕانە لە کارنامەی کابینەی نۆیەمدا خۆی نمایش کرد، کاتێک سەرۆک وەزیران مەسروور بارزانی "خزمەتکردن"ـی وەک ئامانجی ژمارە یەک خستە پێش هوتافە حەماسییەکان. ئەمە گواستنەوەی هەرێمە بۆ قۆناغی دەوڵەتداری، کە تیایدا فەرمانڕەوایەتی دەبێت پابەند بێت بە مەرجەکانی ژیانی مۆدێرن، وەک دادپەروەری، گەشەپێدانی بەردەوامی ئابووری، و دابینکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان بۆ هاووڵاتیان.
ئێستا پێوەرەکانی سەرکەوتنی سیاسی ڕاستەقینە تر بوون. چیتر خەڵک بە مێژووی خەبات یان قسەی گەورە ڕازی نابێت، بەڵکو داوای داتا و ئەدای کردەیی دەکات. لە دوای ساڵانێکی پڕ لە قەیرانی دارایی و ناسەقامگیری، هاووڵاتی پێویستی بە ژیانێکی سەقامگیر و گەرەنتی مافە سەرەتاییەکانی خۆی هەیە. ئەو فشارە جەماوەرییەی بۆ چاکسازی و خزمەتگوزاری دروست بووە، گەیشتووەتە ئەو ئاستەی ئیتر پڕوپاگەندەی حیزبی یان لێدوانی بێ کردار ناتوانێت شوێنی پڕۆژە ستراتیژییەکانی ژێرخان و وەبەرهێنان بگرێتەوە. لە چوارچێوەی جیهانی مۆدێرن و چەمکی حوکمڕانی دروست (Good Governance)، ئەدای حوکمڕانی بە شەفافیەت، چاکسازی کارگێڕی، و کوالیتی خزمەتگوزارییەکان دەپێورێت، نەک بە توانای وتارخوێنی. ئەمە دەریدەخات کە کۆمەڵگەی کوردیش بە تەواوی پێگەیشتووە! گواستنەوەی هەرێم لە دۆخی "خەبات بۆ مانەوەی نەتەوە" بۆ دۆخی"داوای مافی هاووڵاتی بوون، خزمەتکردن، و ژیانێکی شایستە"، ڕێگەی گەڕانەوەی بۆ دواوە نەهێشتووەتەوە. بۆیە، ئەم سەردەمە بۆ سەرکردە و پارتەکان، تەنیا سەردەمی کردارە نەک دروشم.

Top