پڕۆژەكانی ڕێزدار سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و پاراستنی هەرێم لەبەبیابانبوون

پڕۆژەكانی ڕێزدار سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و پاراستنی هەرێم لەبەبیابانبوون

 

 

 

 

پڕۆژە بەردەوام و یەك لە دوای یەكە ژینگەدۆستەكانی ڕێزدار سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، وەك پڕۆژەی زیادكردنی ڕووبەری سەوزایی و پشتێنەی سەوز و پڕۆژەی فریاگوزاریی خێرای ئاوی خواردنەوە بۆ شارەكانی هەولێر و سلێمانی و قوشتەپە و زۆر شوێنی دیكە و، پڕۆژەی ڕیسایكلینی ئاوی ئاوەڕۆ و دووبارە بەكارهێنانەوەی لە ئاودانی درەخت و ڕووبەرە سەوزەكاندا، هەنگاوی زۆر گرنگن بۆ كەمكردنەوەی هۆیەكانی گۆڕانی كەشوهەوا و، خۆگونجاندنیش لەگەڵ ئاسەوارەكانیدا بەگشتی و، بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی دیاردەی وشكەساڵی و بەبیابانبوونیش بەتایبەتی، كە دیارترین نیشانەكانی بریتین لە لەدەستدانی چینی سەرەوەی خاك و، گۆڕانی ڕووبەرێكی بەپیتی زەوی بۆ زەوییەكی كەم دەرامەت و هەژار لە ڕووی ڕووەك و فرەجۆریی زیندەوەران و بەرهەمهێنانی كشتوكاڵییەوە.

بۆیە گشت ئەو پڕۆژانەی كە لە پێشەوە ئاماژەمان پێ كردن، كە ڕێزدار سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەردەوام كاریان لەسەر دەكات، هۆكارن بۆ ئەوەی ئێمە بتوانین وشكەساڵی و بەبیابانبوون لە هەڕەشەوە بگۆڕین بۆ دەرفەت، چ بە هەوڵەكانی خۆمان بێت، یان بە هەماهەنگییمان لەگەڵ وڵاتانی پێشكەوتووی خاوەن ئەزموون لەم بوارەدا، چونكە بۆ ئێمە زۆر گرنگە وەك كێشەیەكی گشتگیریی جیهانیی تەواوی سەر گۆی زەوی بڕوانینە گرفتە ژینگەییەكان، لەبەر ئەوەی زەوی و سیستمە ئیكۆلۆژییەكەی سەرچاوەی سەرەكیی ژیان و بژێویی گشت دانیشتووان و گیانلەبەرانە، ئەمەش داوای زیاتر تەبایی و كۆكبوونمان لێ دەكات لەگەڵ سرووشت و زەویدا، لەپێناو دابینكردنی هاوسەنگییەكی دادپەروەرانە لە نێوان پێداویستییە ئابووری و كۆمەڵایەتییەكانی نەوەكانی ئێستا و داهاتوودا.

 هەرچەند وشكەساڵی وەك دیاردەیەك نزیكەی هەر دە ساڵ جارێك ڕووی لە ناوچەی ئێمە كردووە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئامادەكاریی لە بەرانبەردا كراوە بۆ ڕێگەگرتن لە ئاسەوارە مەترسیدارەكانی لە چەند ناوچەیەكی هەرێمی كوردستاندا، بۆیە ئەنجومەنی وەزیران بۆ ڕێگەگرتن لە بەبیابانبوون لە هەرێمی كوردستاندا لە مێژە «بۆردی ڕووبەڕووبوونەوەی وشكەساڵیی» پێك هێناوە كە وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو و وەزارەتی شارەوانی و دەستەی ژینگە و پارێزگارەكان و سەرپەرشتیارانی ئیدارە سەربەخۆكان و، فەرمانگەی كەشناسی و لایەنە پەیوەندیدارەكان تێیدا بەشدارن، بۆ خستنەڕووی پێداویستییەكانی هەر سێكتەرێك بەپێی ناوچە و پارێزگاكانی هەرێم و، میكانیزمەكانی ڕووبەڕووبوونەوەی وشكەساڵی و گرتنەبەری ڕێكاری پێویست.

هەروەها پێكهێنانی «ئەنجومەنی باڵای ئاو لە هەرێمی كوردستان» لە ساڵ 2023 ڕۆڵی گەورەی هەبوو لە ئامادەكردنی توێژینەوەی پەیوەست بە سیاسەتەكانی ئاو و كشتوكاڵ و ژینگە و هەوڵدان بۆ زیادكردنی توانای گلدانەوەی ئاو لە بەنداوەكاندا و، هەوڵدان بۆ بنیادنانی بەنداوێكی نوێ و هەوڵدان بۆ دۆزینەوەی چارەسەر بۆ كێشەكانی ئاوی عێراق لەگەڵ دەوڵەتانی دەوروبەردا، چونكە ئاو وێڕای ئەوەی پێداویستییەكی هەرە سەرەكیی ڕۆژانەی مرۆڤە، لە هەمان كاتیشدا ڕۆڵی ئاو لە زۆر بواری دیكەشدا دیار و بەرچاوە، وەك لە پڕۆسەی كشتوكاڵكردن و ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێبووندا، لەم پێناوەشدا ئەوەی زۆر گرنگە ئەوەیە ئیرادەیەكی بەهێز هەیە لە هەرێمی كوردستان بۆ كۆكردنەوەی ئاو و چۆنییەتی بەكارهێنان و دابەشكردنەوەی ئاو لە ڕێگەی سوودوەرگرتن لە ئاوی سەر زەوی و بایەخدان بە ئاو وەك بڕ و وەك جۆر لە پێناوی پاراستنی هەمەجۆریی زیندەوەران و، باش ڕاگرتنی هاوسەنگیی ژینگەیی، هەروەها سەرخستنی ئاوی نێو ڕووبارە قووڵەكان بۆ ئاستی زەوییە كشتوكاڵییەكان لە ڕێگەی ترومپا و پەمپی تایبەتەوە و، هەوڵدان بۆ سەرپۆشكردنی ڕووبارەكان بە پانێڵی بەرهەمهێنەری وزە لە تیشكی خۆر و، هەروەها ناوپۆشكردنی ڕووبارە لاوەكییەكانیش بە ماددەی تایبەت و گۆڕینی كاری كشتییاری لە شێوازی كۆنەوە بەرەو شێوازی زیرەكیی كشتوكاڵكردن و، ڕەچاوكردنی ڕۆڵی دارستانەكان و نەمامگەكانیش لە بەڕەنگاربوونەوەی بەبیابانبووندا لە ڕێگەی كاراكردن و كاركردن بە یاسای پاراستنی دارستانەكان و پاراستنی زەوییە كشتوكاڵییەكان و، پۆلێنكردنی نەمامگەكان لە ڕووی ژمارە و، سوودمەندبوون لێیان و چارەسەركردنی پاشماوە كشتوكاڵییەكان بە سوودوەرگرتن لە تەكنۆلۆژیای سەردەم و، چارەسەركردنی بەنداوە كۆنەكان و دیزاینكردنی بەنداوە پێشنیازكراوەكان و كەمكردنەوەی هەڵكەندنی بیری نوێ و پاراستنی ئاوی ژێر زەوی.

بۆ ئەم ئامانجانەش حكومەتی هەرێمی كوردستان هەنگاوی گەورەی ناوە لەم بوارەدا لە ڕێگەی بڵاوكردنەوەی هۆشیاریی ژینگەیی و ئامادەكردنی توێژینەوەی زانستی و داڕشتنی یاسا و ڕێنمایی و دروستكردنی بەنداو و گۆل و پۆند، بۆ كۆكردنەوەی ئاوی لافاوەكان بۆ ئاودێری و ئیدارەدان و بەڕێوەبردنی سەردەمییانەی ئاو و ئاودێری و بەكارهێنانی سەرچاوەكانی وزەی نوێبوەوە و هەوڵدان بۆ هاوردەكردن و بەكارهێنانی تەكنۆلۆژیای نوێ و، دروستكردنی پارێزراوە سرووشتییەكان و بەرزكردنەوەی ڕێژەی سەدیی ڕووبەری سەوزایی بۆ ئاستی ستانداردی جیهانی.

Top