وەرزش وەك ئامڕازێك بۆ خۆناساندنی نەتەوە
ئەمڕۆ 28ی تشرینی دووەمی 2025، سی و چوارەمین ئەڵقەی بازنەی گفتوگۆ بە ناونیشانی "وەرزش وەك ئامڕازێك بۆ خۆناساندنی نەتەوە" لە هۆڵی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان بەڕێوەچوو.
لەم گفتوگۆیەدا كە هەریەك لە بەڕێزان "سەلاحەدین سیامەند، د.ئالان قادر، دلێر خدر، سەردار ئیسماعیل، شیلان كەمال، كاژین خۆزەندە، د.عەبدوڵڵا جەلال و سەمیر عەبدوڵڵا بە سكایب، هەروەها ئەندامانی بازنەی گفتوگۆ (شڤان حەمدی، د.جەلال ئەحمەد، فەرهاد محەمەد)" ئامادەبوون، لە دەستپێكدا ئەو ڕاپۆرتە مەیدانییە نمایش كرا كە بازنەی گفتوگۆ لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكانی هەرێمی كوردستان ئامادەی كردبوو و تێیدا ڕاوبۆچوونی كۆمەڵێك وەرزشوان و بەرپرسانی وەرزشی وەرگیرابوو. دوای ئەوەش بەڕێزان گفتوگۆیەكی زۆر ڕاشكاوانەیان لەسەر بارودۆخی ئێستای وەرزشە جۆراوجۆرەكانی كوردستان خستەڕوو.
خاڵی سەرەكی كە لەم گفتوگۆیەدا جەختی لەسەر كرایەوە ئەوە بوو كە لە هەرێمی كوردستان یاسایەكی تایبەت بۆ ڕێكخستنی وەرزش بوونی نییە، هەروەها تێڕوانینێكی دیاریكراومان نییە بۆ شێوازی بەڕێوەبردنی وەرزش، چ لەسەر ئاستی كەرتی گشتی یان كەرتی تایبەت.
گرفتێكی دیكەی وەرزش لە هەرێمی كوردستان ئەوەیە كە كوردستان هەرێمێكە لە چوارچێوەی دەوڵەتی فیدراڵی عێراق، بەڵام ئەم دەوڵەتە وەك دەوڵەتێكی فیدراڵی مامەڵە لەگەڵ هەرێمی كوردستان ناكات و گرنگی بە یانە وەرزشییەكانی كوردستان نادات.
لەسەر ئاستی وەرزش وەك خۆناساندنێك بۆ نەتەوە، زۆر بە ڕاشكاوی جەخت لەسەر ئەوە كرایەوە كە زۆر لە یاریزانانی كورد لە وەرزشە جۆراوجۆرەكاندا، لەسەر ئەوەی ئاڵای كوردستانیان لە پاڵەوانێتییەكان بەرز كردۆتەوە، لەلایەن دامەزراوە وەرزشییەكانی عێراقەوە سزا دراون.
سەبارەت بە بایەخ و گرنگیدانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە بونیادنانی ژێرخانی وەرزشی، جەخت لەسەر ئەوە كرایەوە كە حكومەتی هەرێمی كوردستان هاوكاری هەموو یانە وەرزشییەكانی كوردستانی كردووە و یاریگاكانی نۆژەن كردۆتەوە.
لایەنێكی گرنگ كە زۆر بە گرنگییەوە هەڵوەستەی لەسەر كرایەوە و وەك ڕەخنەیەك ئاراستەی پەروەردە كرا، ئەوە بوو كە بایەخ بە وانەی وەرزشی وەك پێویست نادرێت و ماوەی چەند ساڵێكیشە بەهۆی دابیننەكردنی بودجەی پێویست، نەتوانراوە ساڵانە چالاكی وەرزشی قوتابخانەكان ئەنجام بدرێت.
جێگەی ئاماژەپێكردنە، پوختەی ئەم گفتوگۆیە لە ڕۆژی 11ی 11ی 2025 لە گۆڤاری گوڵان بڵاو دەكرێتەوە.
