بەلەمێکی پەنابەران لە تورکیا نوقم بوو
ڕۆژی شەممە 25ی تشرینی یەکەم، بەهۆی نوقمبوونی بەلەمێک کە پەنابەرانی هەڵگرتبوو لە کەنارەکانی ڕۆژئاوای پارێزگای موغلا لە تورکیە، لانیکەم ١٤ کەس گیانیان لەدەستدا.
ئۆفیسی پارێزگاری موغلا ڕایگەیاند: ئۆپەراسیۆنەکانی گەڕان و ڕزگارکردن بەردەوامن بۆ گەڕان بەدوای ئەو کەسانەی کە ئەگەری ڕزگاربوونیان هەیە.
ئۆفیسی پارێزگار لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند: پیاوێکی ئەفغانی کە لە ڕووداوەکە ڕزگاری بووە و توانیویەتی بگاتە کەنار دەریا لە دەوروبەری کاتژمێر 1:00 ی بەیانی بە کاتی ناوخۆ هەواڵی ڕووداوەکەی داوە.
ئۆفیسی پارێزگار دەڵێت: ئەو هاوڵاتیە ئەفغانییە بە هێزەکانی فریاگوزاری گوتووە کە 18 کەس لەناو بەلەمەکە بوون، بەڵام دوای ماوەیەکی کورت لە ڕۆیشتنەکە، بەلەمەکە کەوتە ژێر ئاو و نقوم بوو.
گوڵان: سەردار خەلیل
