بەهۆی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەیەکی بارهەڵگری هۆنگ کۆنگ دوو کەس گیانیان لەدەستدا

بەهۆی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەیەکی بارهەڵگری هۆنگ کۆنگ دوو کەس گیانیان لەدەستدا

 

 

بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممە، فڕۆکەیەکی بارهەڵگر لەکاتی نیشتنەوەی لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هۆنگ کۆنگ لە ڕێڕەوی فڕینەوە بەرەو دەریا وەرگەڕا و بەهۆیەوە دوو کەس گیانیان لەدەستدا.

وێنەکانی دوای کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەکە کە نزیکەی کاتژمێر ٣:٥٠ خولەکی بەیانی ڕوویداوە، دەریدەخەن فڕۆکەیەکی بارهەڵگری جۆری بۆینگ ٧٤٧ بەشێکی لە ئاودا نوقم بووە لە نزیک دیواری فڕۆکەخانەکە.

بەپێی هەواڵی سکای نیوز، فڕۆکەی ئیرکات لە دوبەیەوە فڕیوە.

ستیڤن یی، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ئۆپەراسیۆنەکانی فڕۆکەخانە لە دەسەڵاتی فڕۆکەخانەی هۆنگ کۆنگ ڕایگەیاند، بەهۆی ئەوەی فڕۆکەکە خۆی بە ئۆتۆمبێلێکدا کێشاوە، دوو کارمەندی ئەمنی گیانیان لەدەستداوە.

ناوبراو لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا سەبارەت بە ئۆپەراسیۆنی ڕزگارکردنی فڕۆکەوانەكان بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند، ئەو چوار کارمەندەی کە لەناو فڕۆکەکەدا بوون، بە خێرایی لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی ئاگرکوژێنەوە ڕزگارکراون.

فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هۆنگ کۆنگ ڕایگەیاند، دوای ڕووداوەکە ڕێڕەوی فڕینی باکوور كە قەرەباڵغترین فڕۆکەخانەی بارهەڵگرە لە جیهاندا داخراوە.

هەروەها هێڵی باشوور و ناوەڕاست بەردەوامن لە کارکردن.

ستیڤن یی ئاماژەی بەوەشکردووە، "بەپێی ئەو زانیاریانەی لەو ساتەدا لەبەردەستماندایە، کەشوهەوا و بارودۆخی ڕێڕەوی فڕین سەلامەت بووە و هەموو مەرجێکی پێویستی هەبووە بۆ ئۆپەراسیۆنەکانی ڕێڕەوی فڕین. لێکۆڵینەوەکە بەردەوامە".

ئیمارات لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە، گەشتی 9788-AKA لەکاتی نیشتنەوەی لە هۆنگ کۆنگ لە ڕۆژی دووشەممەدا زیانی پێگەیشتووە و فڕۆکەیەکی بارهەڵگری جۆری بۆینگ 747 بووە و لەلایەن هێڵی ئاسمانی ACT بەکرێ گیراوە و بەڕێوەدەبرێت.

هێڵی ئاسمانییەکە ڕایگەیاندووە: "تەندروستی تیمی فڕۆکەوانییەکە پشتڕاستکراوەتەوە و هیچ بارێک لەناو فڕۆکەکەدا نەبووە".

 

 

 

گوڵان: سەردار خەلیل

Top