لە هەولێر گەلەری شانەدەر نۆژەنكرایەوە
ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە ڕێكەوتی 15/10/2025 لە پاركی شانەدەر لە شاری هەولێر,رێوڕەسمی كردنەوەی گەلەری شانەدەر بەڕێوەچوو كە لەسەر ئەركی پارێزگای هەولێر نۆژەنكرایەوە,لە رێورەسمەكەدا هەریەك لە (ئومێد خۆشناو)پارێزگاری هەولێر و (فەرهەنگ غەفوور) بەڕێوەبەری گشتی ڕۆشنبیری و هونەری هەولێر و (ڕێبین ئەحمەد) بەڕێوەبەری ئەندازەی پارك و باخچەكانی هەولێر و ژمارەیەك لە كەسایەتی و هونەرمەندان هونەردۆستان ئامادەی مەراسیمەكە بوون.
هاوكات بەم بۆنەیەوە لە گەلەری شانەدەر وەك ڕێزگرتن لە ئەزموون و مێژووی هونەریی چەند كەسایەتییەكی دیاری شاری هەولێر,پێشانگەیەكی هاوبەشی شێوەكاری بۆ 44هونەرمەندی بەئەزموون بەڕێوەچوو و تابلۆ و كارە هونەرییەكانی خۆیان تێدا نمایش كرد,هەروەها ژمارەیەك دیكەی هونەرمەند بە كاری پەیكەرسازی لە پێشانگەكەدا بەشداربوون.
پێشانگەكەی گەلەری شانەدەر بۆ ماوەی چەند ڕۆژێك بەردەوامەو لە دوو كاتی جیادا كراوە دەبێت,كاتژمێر 10ی بەیانی تاوەكو 1ی نیوەڕۆ,وە كاتژمێر 4 تاوەكو 7ی ئێوارە بە ڕووی هونەردۆستان و سەردانیكەراندا كراوە دەبێت.
گوڵان-ئاسۆ كاكەیی
