د. هەژار عەبدوڵڵا حسێن یاریدەدەری ڕاگری كۆلێژی زانستە مرۆڤایەتییەكانی زاخۆ: شوێنەوارەكانمان یەكەمین و گرنگترین سەرچاوەن بۆ نووسینەوەی ئەو مێژووەی كورد كە بە كەمی نووسراوەتەوە

د. هەژار عەبدوڵڵا حسێن   یاریدەدەری ڕاگری كۆلێژی زانستە مرۆڤایەتییەكانی زاخۆ:  شوێنەوارەكانمان یەكەمین و گرنگترین سەرچاوەن بۆ نووسینەوەی ئەو مێژووەی كورد كە بە كەمی نووسراوەتەوە

 

شوێنەوارەكان یەكەمین و گرنگترین سەرچاوەن بۆ نووسینەوەی مێژوو، ناسنامەی هەموو نەتەوەیەكیش پێویستی بە شوێنەوارە، بەڵام بۆ كورد گرنگییەكی تایبەتی هەیە، چونكە مێژووی كورد بە شێوەیەكی كەم نووسراوەتەوە. بە بێ شوێنەوار و نووسینە كۆنەكان، وەك نوسینەكانی سەر تەختە شوێنەوارییەكانی سەردەمی سۆمەری و ئەكەدی و ئاشووری، كە مێژوویان بۆ پێنج بۆ شەش هەزار ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە. ناسنامەی نەتەوەیی كورد ڕووبەڕووی مەترسی دەبێتەوە. شوێنەوارە و كەلەپورمان پشتگیری بوونی نەتەوەی كورد دەكەن، وەك ئەو بەڵگانەی پەیوەستن بە نەتەوەكانی وەك (كاردۆخییەكان، گاشییەكان، میدییەكان و میتانییەكان) كە شتومەك و تابلۆیان لەدوای خۆیان جێهێشتووە و زانیاریی زۆر دەربارەی مێژووی ڕاستەقینەی كورد دەبەخشن. هەروەها شوێنەوارەكانی وەك ئەشكەوتی شانەدەر و خنس، كە پاشماوەی مرۆڤی نیاندرتاڵی تێدا دۆزراوەتەوە و مێژووی ژیان لە كوردستان بۆ نزیكەی ٦٥ هەزار ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێنێتەوە، ئەمەش سەلمێنەری دێرینی و بەردەوامی ژیانە لەم خاكەدا.

سەبارەت بە گرنگیی سیاسیی شوێنەوارەكان، دەبینین وڵاتانی وەك ئەڵمانیا، توركیا و ئوسترالیا گرنگییەكی زۆر بە بەڵگەنامە و تابلۆ شوێنەوارییەكانیان دەدەن، چونكە ئەوانە تەنانەت بابەتێكی سیاسیی گرنگن. بۆیە دەبێت بەرپرسانی شوێنەوار بە گرنگییەكی زۆرەوە سەیری پاراستنی ئەم شوێنانە بكەن، چونكە زۆر شوێنی دیكە لەژێر زەویدا ماون و دەكرێت زانیاریی نوێ و گرنگ دەربارەی مێژووی كورد ئاشكرا بكەن، ئەمەش ناسنامەی نەتەوەیی كورد بەهێزتر دەكات. ئێستا گەشتیاران لە وڵاتانی ئەوروپا و جیهانەوە سەردانی شوێنەوارەكانی وەك ئەشكەوتی شانەدەر، خنس، و چوار ستوون دەكەن. بۆیە گرنگیدان و ئاشكراكردنی زیاتری ئەم شوێنەوارانە دەبێتە هۆی ڕاكێشانی ژمارەیەكی زۆرتری گەشتیار. ئەگەر زیاتر بایەخ بە كنە و پشكنینی شوێنەوارەكانمان بدەین، بە دڵنیاییەوە شتی نوێ و گرنگ دەدۆزرێنەوە. هەروەها گرنگی بە ڕۆڵی ڕاگەیاندن لە ناساندن و گرنگیدان بە شوێنەوارەكان بۆ خەڵكی، بەتایبەت ئەو كەلوپەلانەی كە دەدۆزرێنەوە، پێویستە ببرێنە مۆزەخانەكان بۆ ئەوەی خەڵك بیانبینێت و مێژووی خۆی باشتر بناسێت.

وڵاتانی وەك توركیا و ئیتاڵیا ڕەنگە لە ٨٠%ی داهاتی گەشتیارییان پشت بە شوێنەوارە دێرینەكان ببەستێت. بۆیە هەرێمی كوردستانیش دەتوانێت بە هەمان شێوە سوود لە سامانە شوێنەوارییەكانی وەربگرێت بۆ بەدەستهێنانی داهاتێكی گەورەی ئابووری. بۆ ئەم مەبەستەش، پێویستە حكومەت گرنگی بە شوێنەوارەكان بدات، بوودجەیەكی تایبەت بۆ پشكنین و نۆژەنكردنەوە تەرخان بكات و بە شێوەیەكی پڕۆفیشناڵ لە بواری گەشتیاریدا كاریان لەسەر بكات. كەواتە شوێنەوارەكان نەك تەنیا بنەمای ناسنامەی نەتەوەیی كوردن، بەڵكو پۆتانسێلێكی گەورەشیان هەیە بۆ پەرەپێدانی ئابووریی وڵاتەكە لە ڕێگەی گەشتوگوزارەوە، بە مەرجێك گرنگیی پێویستیان پێبدرێت.

Top