د. عەبدوڵڵا بەكر عوسمان سەرۆكی بەشی شوێنەوار لە زانكۆی سەڵاحەدین: پێویستمان بە تاقیگەیەكی گەورە هەیە بۆ ئەوەی ئەو شوێنەوارانەی كە دەدۆزرێنەوە پشكنینیان بۆ بكەین

د. عەبدوڵڵا بەكر عوسمان  سەرۆكی بەشی شوێنەوار لە زانكۆی سەڵاحەدین:     پێویستمان بە تاقیگەیەكی گەورە هەیە بۆ ئەوەی ئەو شوێنەوارانەی كە دەدۆزرێنەوە پشكنینیان بۆ بكەین

 

 

د.عەبدوڵڵا بەكر عوسمان، سەرۆكی بەشی شوێنەوارە لە زانكۆی سەڵاحەدین – هەولێر و پسپۆڕە لە زانستی شوێنەواری كۆندا، تایبەتمەندە لە هونەری كۆن و پرۆسەكانی هەڵكۆڵین و ڕووپێوی شوێنەواری و نۆژەنكردنەوەی بیناسازیی كەلتووری و شوێنەواری كاركردن لە بواری مۆزەخانەكاندا. لەگفتوگۆی ئەمجارەی «بازنەی گفتوگۆ»دا، (شوێنەوار. كودەكانی ناساندنی نەتەوە)، بەم جۆرە باسی لە گرنگیی شوێنەوارەكانی كوردستان كرد و پێشنیارەكانی خستە ڕوو.

 

سوپاسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان دەكەم بۆ ڕێكخستنی ئەم گفتوگۆیە لەسەر ئەم پرسە گرنگە، كە پەیوەندی بە شوێنەوارەوە هەیە، وەك «كۆدەكانی ناساندنی نەتەوە». بەڕاستی دەبوو گرنگیدان بە بابەتێكی لەم جۆرە زیاتر بایەخی پێ بدرایە و كاری زیاتری لەسەر بكرایە.

لەم گفتوگۆیەدا من زیاتر باس لە بەشی شوێنەواری زانكۆی سەڵاحەدین-هەولێر دەكەم، ئێمە لە ماوەی نزیكەی ئەو هەشت مانگەی كە بووینەتە سەرۆكی بەشی شوێنەوار، چالاكیی زۆرمان لەسەر هۆشیاركردنەوەی خەڵكی بە شوێنەوار كردووە، هەروەها گەیاندنی هۆشیاریی شوێنەوار بە ناوەندەكانی خوێندن و بە ناو كۆمەڵگەی كوردەواریی خۆمان.

پێش ئەوەی بێمە سەر باسەكە، حەزم لێ بوو وەك بەشی شوێنەوار، وەك بەشێكی مێژوویی و هەروەها ئەو چالاكییانەی كە كردوویەتی لەسەر ناساندنی نەتەوە و هۆشیاركردنەوەی شوێنەوار، قسە بكەم. بەشی شوێنەوار لە ساڵی 2000 دامەزراوە، خۆشبەختانە هەموو ئەوانەی لەم گفتوگۆیەدا بەشدارن و ئێستا لێرەن، هەموویان دەرچووی ئەو بەشەن، بە شانازییەوە ئەم بەشە ماوەی 25 ساڵە خزمەتی شوێنەوار دەكات و لەو ماوەیەشدا شوێنەوارناسی پێشكەوتوو و لێهاتووی پێگەیاندووە، بەشێك لەو دەرچووانەش ئێستاش كارمەند و كادری شوێنەواریی پێشكەوتوون لە بەڕێوەبەرایەتییە شوێنەوارییەكان، كە سەرپەرشتیی كاری زانستیی زۆر باش لەگەڵ تیمە بیانییەكان دەكەن، جگە لەوەش خۆشبەختانە ئەو شوێنەوارناسانە دیسان كار دەكەن لەسەر ناساندنی نەتەوەكەمان. ئەوان یارمەتیی تیمە شوێنەوارناسە بیانییەكان دەدەن، كە دێن كاری هەڵكۆڵین دەكەن بە وێژدانەوە و كاری زانستییان لەگەڵ دەكەن، بۆ خەمخواردن و پێشكەوتنی زانستیی شوێنەوار.

جگە لەوەی ئەم كار و چالاكییانەی كە لە چەندین ساڵی ڕابردوودا كراوە، لەم ٢٠ ساڵەدا، یان لەم چەند ساڵەی دواییدا، هەمووی لەسەر ئەوە بوو كە ئێمە دەرچووی بەشی شوێنەوار وەك كادرێكی پێشكەوتووی زانستی ئامادە بكەین، بۆ ناوەندەكانی خوێندن و بەڕێوەبەرایەتییەكان و چەندین بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەوار و گەشتوگوزار و، لەو شوێنانەی كە دادەمەزرێن، یان كاریان دەست دەكەوێت.

خۆشبەختانە بەشەكەمان كادر و مامۆستای زۆر لێهاتووی هەیە، بەشێك لەو مامۆستایانەمان دەرچووی زانكۆ بەناوبانگەكانی جیهانن، وەك فەڕەنسا، بەریتانیا، میسر، ئوردن و دەوڵەتە عەرەبییەكان. شوێنەوارناسی باشمان هەیە كە شارەزایی باشیان بەدەست هێناوە، ئەمەش بۆ ئەوە بووە كە بەشەكەمان لە ڕووی زانستییەوە كاری باشتر بكات و زیاتر هەماهەنگ بێت لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتییە شوێنەوارییەكان و ناوەندەكان و دامەزراوەكانی دیكە، بە هۆشیاركردنەوە و ناساندنی شوێنەوار بە لایەنە پەیوەندیدارەكان.

ڕۆڵی بەشەكەمان، جگە لەوەی چەندین كۆنفڕانس و وۆرك شۆپمان ئەنجام داوە، هەروەها سەرپەرشتیی چەندین نامەی ماستەر و تێزی دكتۆرامان كردووە و زۆربەی ئەو بابەتانەی كە هەڵبژێردراون، كاركردن بووە لەسەر ئەوەی كە ئێمە چۆن بتوانین خەڵكی خۆمان لەسەر ناساندنی نەتەوە هۆشیار بكەینەوە، یان چۆن بتوانین ئەو شوێنەوارانەی كە هەن بیانكەینە ناسنامەی نەتەوەییمان. ئەوەی كە ئەركی ئێمە بێت لە ڕووی زانستییەوە كراوە، بەڵكو زیاتریش كراوە، بەڵام هێشتا پێویستە ئێمە كار بكەین، لەبەر ئەوەی ئێمە میللەتێكین كە پێویستمان بە كاری زیاترە.

وەك بەشی شوێنەوار، لەگەڵ ئەوەی تەمەنمان كەمە، بەڵام توانیومانە جێگەی دەستمان دیار بێت، بەڵام چۆن ئێمە پێویستمان بەكاری زیاترە بە هەمان شێوەش ئەركی حكومەتی كوردستانیش قورسە و دەبێت و باشترە ئاوڕ لە شوێنەوارەكان بداتەوە و، باشتر بەرنامەیان بۆ دابنرێت بۆ ئەوەی بیانپارێزین، چونكە ئەمانە دەبنە ناسنامەی نەتەوەكەمان، هەروەها دەبنە بەڵگەی مانادار بۆ نەوەكانمان كە بزانن شوێنەواری ئێمە چۆنە و چیمان كردووە. وەك ئەو گردە شوێنەوارییانەی كە ئێستا پارێزراون، هەر دوو نموونەی وەك گردی كلك مشك و گردی مامۆستایان. بێگومان بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەوار توانی ڕێگری لەوە بكات كە ئەو گردانە دەستكاری بكرێن و توانییان بیانپارێزن، ئەمەش واتە ئەوان شوناس و شوێنەوار و شارستانییەتی میللەتێكیان پاراست، بەڵام ئەگەر ئەو كاتە ئەوان ڕەزامەندییان دابایە لەسەر ڕووخانی ئەو گردانە و، ئەو زەوییانە خانوویان لەسەر دروست بكرایە، سێ ساڵ بەر لە ئێستا، ئەوە تەخت بكران، ئێستا ئێمە وەك كەسێكی ئاسایی سەیری ئەو گەڕەكانەمان دەكرد و ئەو شوێنەوارانە لە هەولێر نەدەمان، بۆیە پاراستنی ئەو گرد و ناوچە شوێنەوارییانە كاری هەموومانە، ئێمە هەر لە ڕووی كادری ئەكادیمیی زانستییەوە كارمان لەسەر ئەوە كردووە، خۆشبەختانەش هەماهەنگیمان كردووە لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتییە شوێنەوارییەكان.

بەشەكەمان هەتا ساڵی ٢٠١٤، كاری زۆر باشی زانستی كردووە، بەڵام بەداخەوە لە ساڵی ٢٠١٤وە تووشی قەیرانێكی دارایی بووین، بەڕاستی چالاكییەكانمان ٧٥٪ كەم بووەتەوە، لەبەر ئەوەی ئێمە وەك بەشی شوێنەوار، هەڵكۆڵینی شوێنەواریمان هەبوو، گەشتی زانستیمان هەبوو، قوتابییەكانمان دوور كەوتوونەتەوە لەو هەقە زانستییەی كە هەیانبوو، وەك پڕۆگرامی زانستیی بەشەكەمان. ئێمە ساڵانە دەبێت چەندین گەشتی زانستی بەو قوتابییانە ئەنجام بدەین، جگە لەوەش، ساڵانە دەبێت ئێمە هەڵكۆڵینی شوێنەواری ئەنجام بدەین بۆ ڕاهێنانی قوتابییەكانمان لەو شوێنەوار و گردانەی كە پێویستە هەڵكۆڵینی تێدا بكرێت، و زیاتر ئاشنا بن بەو زانستەی كە هەیە، بەڵام ئەمەش خاڵێكی لاوازی دروست دەكات، یان كەموكورتییەك دروست دەكات لە ناساندنی شوێنەوار، لەلای قوتابییەكانمان. هەربۆیە ئەگەر ئێمە وەك بەشی شوێنەوار ئەم كارە نەكەین، ئامادەسازی بۆ كادری شوێنەواری نەكەین بۆ ئەوەی لە داهاتوودا زانستی باشیان پێن بڵێینەوە، ئەمە دەبێتە هۆی ئەوەی كە ئەوانیش كەمترخەمییان تووش ببێت لەو زانستەی كە پێیان دەدرێت.

ئێمە لەگەڵ ئەو ئاڵۆزییانەدا، تا ئێستا بەردەوامین، بەڵام لەبەر ئەو هۆكارانەی ئاماژەم پێ كردن، بەشەكەشمان هەر قوتابیی كەمی بۆ دێت، بەڵام خۆشبەختانە، لەم ساڵانەی دواییدا نزیكەی یەك دوو ساڵە، چالاكییەكانمان دەستی پێ كردووەتەوە. وەك بەشی شوێنەوار سوپاس بۆ سەرۆكایەتیی زانكۆ، كە لە ئێستادا زۆر هاوكارە بۆ ئەنجامدانی چەندین چالاكیی، ئێمە وەك شوێنەوار پێویستمان بە تاقیگەیەكی گەورە هەیە بۆ ئەوەی ئەو شوێنەوارانەی كە دەدۆزرێنەوە پشكنینیان بۆ بكەین، ئەمەش لەبەر ئەوەیە ئێمە تاكە بەشی زانستین پێویستمان بە تاقیگەیە هەیە لە هەولێر، لەبەر ئەوەی بەشی شوێنەوار لە زانكۆی سلێمانی و دهۆك هەیە.

مامۆستایانی بەشی شوێنەوار كە دەبێت ئامادە بكرێن، لە خوا بە زیاد بێت بە زیادەوە ئامادە كراون و زانستی باشیان پێیە و دەتوانن سەرپەرشتیی هەڵكۆڵینی شوێنەواری گەورە بكەن، كە بتوانن سەربەخۆیانە بڕیار بدەن، بەڵام دەبێت ئەمەش هەماهەنگیی بكرێت لەنێوان بەڕێوەبەرایەتییە شوێنەوارییەكان و مامۆستایانی بەشەكەمان، كاتێك ئەم هەماهەنگییە دروست دەبێت، كە بەڕاستی قوتابییەكانمان سوود وەردەگرن و بەو زانستە ئاشنا دەبن.

هەروەها بە گرنگی دەزانم هەموو ئەو دامودەزگایانەی كە پەیوەستن بە شوێنەوار، پێویستە لۆگۆكانیان بگۆڕن و بیكەن بە شوێنەوار. ئەگەر ئێستا باسی بكەین، چەندین لۆگۆ هەیە كە لەوانەیە بەشێكتان هەر نەتانبینیون، بۆ ئەوەی بزانن ئەم لۆگۆ جوانانە هی چ نەتەوەیەك بوون كە لێرە ژیاون، یان هی چ گەلێكن كە پێشتر لێرە ژیاون. ئەمە لۆگۆیەكی میدییەكانە، بۆ ئێمە كار لەسەر میدییەكان ناكەین؟ بۆ ئێمە كار لەسەر میتانییەكان ناكەین؟ ئەمەش بە هەمان شێوە، لۆگۆی میتانییەكانە، كە ١٢٠٠ ساڵ پێش زایین ئاڵایان بووە. ئێمە ئەگەر كار لەسەر شوناسی نەتەوەییمان نەكەین، كێ كار دەكات؟ لەبەر ئەوەی ئەو گەلانەی كە لێرە ژیاون، پێیان دەڵێن هیندۆ ئەوروپی. عەرەب و تورك لەسەر میتانی كار ناكەن، دەبێت كورد كار بكات، چونكە ئەمانە لێرە ژیاون، شوێنەواریشیان لێرەیە، بۆیە ئەم لۆگۆیانە و ئەم شوێنەوارانەی كە ئەوان جێیان هێشتووە، دەبێت ئێمە كاری لەسەر بكەین، چونكە ئەمانە ناسنامەی نەتەوەیی ئێمەن. ئەگەر ئەوان شیعارەكانیان بەكار هێناوە، ئێمە دەبێت ئێستا زیندووی بكەینەوە. بەڕاستی من پێشنیاری ئەو لۆگۆیانم بۆ زۆر لە هاوڕێیان كردووە، كە لە گۆڤارەكان كایان كردووە، كە لە زۆر دامودەزگای دیكەن، وەك لە مۆزەخانە، لە زۆر جێگای دیكە، كە دەبێت لۆگۆی كوردی خۆمان بەكار بێنین. بۆ نموونە لۆگۆی ئەو میرنشینانەی خۆمان كە لە مێژوودا هەمان بوون، لۆگۆی ئەو میللەتانەی كە ئێمە خۆمان شانازییان پێوە دەكەین. بەداخەوە، بەس شانازی بە میدییەكانەوە دەكەین، بەڵام هەتا ئێستا لۆگۆكەشی ناناسین.

لێرەدا چەند پێشنیارێك سەبارەت بە چۆنیەتيی پاراستنی شوێنەوارەكانمان، دەخەمە ڕوو:

• ئێستا لە عێراقدا و لە ناو هێزی پۆلیسدا بەشێك هەیە بە ناوی پۆلیسی پاراستنی شوێنەوار، لەوێ بڕیاریان دا ئەوانەی «دڵنیایی كۆمەڵایەتی – الضمان الاجتماعي»یان هەیە، بە پۆلیسی پاسەوانی شوێنەوار دابمەزرێن، بۆیە دەبێت لە هەرێمی كوردستانیش پۆلیسی شوێنەوار هەبێت.

• دەرچووانی بەشی شوێنەوار لە مۆزەخانە و بەڕێوەبەرایەتییەكانی شوێنەوار دابمەزرێن، چونكە پێویستییەكی زۆریان بە شوێنەوارناس هەیە.

• هاوكاریی بەشی شوێنەواری زانكۆی سەڵاحەدین بكرێت، بە خەرجكردنی بوودجەیەك بۆ كردنەوەی تاقیگەیەكی زانستیی نێودەوڵەتی، بۆ شیكردنەوەی ئەو شوێنەوارە دۆزراوانە و خەرجكردنی بوودجەیەك بۆ ئەنجامدانی هەڵكۆڵینی شوێنەوار و ئەنجامدانی گەشتی زانستی بۆ قوتابییەكانمان.

• زیادكردنی بابەتی شوێنەوار لە پڕۆگرامەكانی خوێندن، بۆ ئەوەی نەوەكانمان زیاتر بە گرنگی و بایەخی شوێنەوار هۆشیار بن و پارێزگاری لێ بكەن.

• پاراستن و نۆژەنكردنەوەی ناوچە شوێنەوارییەكان بۆ ئەوەی دووربن لە ڕووخاندن و فەوتاندن، ئەمەش لەبەر ئەوەی شوێنەوارەكانمان شوناسی نەتەوەكەمانە.

• دانانی شوێنەوارناسان لەو شوێنانەی پەیوەندییان بە شوێنەوارەوە هەیە، بەتایبەتی بەڕێوەبەرەكان دەبێت شوێنەوارناس بن.

 

Top