ئافرەت زۆرجار بەهۆی كەسە نزیكەكانی باجی قورس دەدات

ئافرەت زۆرجار بەهۆی كەسە نزیكەكانی باجی قورس دەدات

 

 

ئەگەر سەردانی هەر ماڵێك بكەین كە سەرپەرشتی خێزانەكە خانمێك بێت، بێگومان دەیان چیرۆكی تراژیدی و پڕ هەوراز و نشێوی ژیانی ڕابردووی لە هەگبەیدا شاردۆتەوە، زۆر بە دەگمەنیش ڕازی دەبێت، باسی ئەو نەهامەتییەی بۆ كەسێك بكات. لە كوردستانیش سەدان خێزانی هەن كە بە هۆكاری جیاواز هەموو ئەركی دابینكردنی بژێوی ژیانی خێزانەكەیان لە ئەستۆی ئافرەتێكدایە كە لێوانلێوە لە ئاریشەكانی ژیانی ڕابردووی.«ئێمە پێنج خوشك بووین، لەبەر ئەوەی دایكم كوڕی نەبوو، باوكم ژنی دووەمی هێنا و دواتر لە ماڵ دەری كرد و تاوەكو مردنیش دایكم هەر بە تەنیا بوو، منیش حاڵم هیچ لە دایكم باشتر نەبووە و ئەوەی بەسەر ئەو هات، دەقاودەق خۆم تووشی بووم».

 

گوڵان: كۆمەڵایەتی

 

ئەوە قسەی ئامینە بوو. ئەو تەمەنی پێنج دەیەی تێپەڕاندووە. وەك خۆی باسیكرد، جیاوازی ژیانی ڕابردووی خۆی و دایكی تەنیا لەوەدایە كە ئەم دوای دوو كچ بووەتە دایكی كوڕێك، بەڵام ئەوەش نەبووەتە فریادڕەسی تا ئێستاش خۆی و كوڕە نەخۆشەكەی بەبێ ئومێدی لە بنمێچێكی تاریك و نوتەك ژیان بەسەر دەبەن. ئامینە بەمجۆرە بەسەرهاتی خۆی بۆ خوێنەرانی گۆڤاری گوڵان دەگێڕێتەوە.

«باوكم لە تەمەنی 15 ساڵی منی بە پارەیەكی زۆر فرۆشتە پیاوێكی بە ژن كە 35 ساڵ لەخۆم گەورەتر بوو، بەو پارەیەش ژنی دووەمی هێنا و دواتر دایكم و خۆشكەكانمی فڕێدایە سەر جادە. ئەو پیاوەش كە منی خواست، حەوت منداڵی هەبوو. من زۆر منداڵ بووم و هیچم نەدەزانی، لە ماڵە مێرد وەكو خزمەتكار ڕەفتارم لەگەڵ دەكرا، تەنانەت ژووری نووستنیشم نەبوو، مێردەكەم لە ئاستی مندا ویژدانی مردبوو، بەڵام عیلاجم نەبوو، دایكم و خوشكەكانم ژیانێكی مەمرە و مەژییان هەبوو، بە خێر و سەدەقەی جیرانان بەڕێوەدەچوون، نەمدەویست منیش ببمە بارگرانی بۆیان، بۆیە بەرگەی ئەو ژیانەم گرت. ساڵان هاتن و تێپەڕین، كاتێك دوو كچی دووانەم بوو، هەوێ و زڕمنداڵەكانم جەژنیان گرت و گوتیان وەكو دایكی هەر كچی دەبێت، ساڵ سووڕایەوە ئەمجارە كوڕێكم بوو، ئەو منداڵانە خەم ڕەوێنم بوون، بۆ من دایك و باوك و خوشك و برا بوون. ڕۆژێك هاوسەرەكەم نەخۆش بوو لە نەخۆشخانە خەوێندرا، كوڕەكەم كە ئەوكات تەمەنی تەنیا سێ ساڵ بوو لە ماڵەوەم بەجێهێشت و چووم بۆ سەردانی مێردەكەم، بەڵام كە هاتمەوە هەر دوو كچەكەم بە دیار براكەیانەوە دەگریان، ئەویش لە هۆش خۆی چووبوو. ئەوكات زانیم زڕكوڕەكانم زۆر بێ ویژدانانە دەستی خۆیانیان وەشاند و كوڕەكەمیان لە سەربان فڕێدابووە خوارێ. لەگەڵ دراوسێكان بردمە نەخۆشخانە، گوتیان دەبێ بەزووترین كات نەشتەرگەری بۆ بكرێت، سەری تووشی خوێنبەربوونی ناوەوە بووە. دوای مانەوەمان لە نەخۆشخانە بە چەند كاتژمێرێك زڕكوڕەكەم هات و ئاو و دەرزییەكانیان لەسەر كوڕەكەم لابرد و گوتییە پزیشكەكان لەسەر بەرپرسیاریەتی خۆمان دەیبەینەوە، بەو هۆیەوە، كوڕەكەم عەقڵی لە دەست دا، ئێستاش دوای مردنی باوكیان، كچەكانم خوێندنیان تەواو كرد و بوون بە فەرمانبەر و هەردووكیان مێردیان كردووە، خوایان لێ رازی بێت، زاواكانم زۆر باشن و ئاگایان لێمانە، بەڵام من و كوڕە خێر لەخۆ نەدیوەكەم بە تەنیا دەژین. ئەو ئێستا لە هەرەتی لاویدایە و ناوێرێ بچێتە ناو خەڵك، منداڵانی گەڕەك بە شێتە شێتە دوای دەكەون و ئازاری دەدەن، بۆخۆیشی باری دەروونی تەواو تێكچووە. لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا لە میراتی مێردەكەم زۆر غەدریان لێكردین و هەتا بەخۆی مابوو هەموو ماڵ و موڵكی بە ناوی زڕكوڕەكانم كردبوو. ئێمە تەنیا ئەم كەلاوەیەمان پێ بڕا، ماڵەكم دوو ژووری هەیە و ژوورێكم كردووە بە دووكان و چەندین ساڵە ئەوە تەنیا سەرچاوە داهاتمانە و لەسەر ئەو هەموو خەم و ناخۆشییە تائێستا نەمهێشتووە موحتاجی دەستی كەس بین و سەربەرزانە لە ناو ماڵەكەم كاری فرۆشیاری دەكەم».

 

Top