ئەژین ساڵح خدر: وەك ئافرەتێك پێموایە بنچینەی ژیانكردن بریتییە لە هەوڵدان
ئەژین ساڵح خدر ئافرەتێكی گەنج و پڕ ئەزموونی شاری سلێمانییە لە پاڵ ئەركی دایكایەتی و بەڕێوەبردنی ماڵ توانیویەتی چەندین كار بە جورئەتەوە ئەنجام بدات، ئەو وێڕای ئەوەی بەرگدوورێكی سەركەوتووە هاوكات لە ڕێگەی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە بەهۆی بەهرە و تواناكانییەوە توانیویەتی سەرنجی بینەرەكانی بۆ لای خۆی ڕابكێشێت.
ئەژین ساڵح ساڵی 1993 لە شاری سلێمانی لەدایك بووە و هەر لە سلێمانیش نیشتەجێیە، دەرچووی كۆلێژی زمانی ئینگلیزی زانكۆی چەرمۆیە لە چەمچەماڵ، لە گفتوگۆیەكدا بەمجۆرە باس لە چیرۆكی سەركەوتنی بۆ خوێنەرانی گۆڤاری گوڵان دەكات.
گوڵان: كۆمەڵایەتی
«دایكێك و خانمی ماڵەكەی خۆمم، ڕۆژانە خەریكی بەڕێوەبردنی ماڵ و پەروەردەكردنی منداڵەكانمم، لە پاڵ ئەوەشدا كاری دروومان بۆ خەڵك دەكەم، ساڵی 2017 خوێندنم تەواو كردووە، تا ئێستا دانەمەزراوم، نزیكەی ساڵێكە ئەم پەیجەم لە ئینستاگرام داناوە و ئارەزووم ئەوەیە ژیانێكی سادە و دڵێكی پاك بخەمە بەرچاوی بینەرەكانم، بەو هیوایەی هەموو شتێك وەك جاران چێژی بۆ بگەڕێتەوە».
لە وەڵامی ئەو پرسیارەی كە ئایا كاركردنی ئافرەت و كچان لە بارودۆخی ئێستادا تاچەند پێویستە؟ ئەو گوتی: «وەك ئافرەتێك پێموایە بنچینەی ژیانكردن بریتییە لە هەوڵدان و خۆبەختكردن چ پیاو بێت چ ژن، لە چوارچێوەی خێزاندا بێت یان سەڵت بێت، پێویستە ژنان و كچان زیاتر لە جاران هەوڵ بدەن بۆ یارمەتیدان و كاركردن، جا لەكەرتی گشتی بێت یان كەرتی تایبەت، چونكە هیچ ئافرەتێك بێ هێز و بێ توانا نییە، وەك نموونەش خۆم بە نموونە دەهێنمەوە لە دوو ساڵی ڕابردوودا ڕۆژانە خواردنی سێ خوێندنگەم ئامادە دەكرد، جگە لە كاری ڕۆژانەی ناوماڵ و بەرگدووریش».
ئەو خاوەنكارە سەبارەت بە سەرەتای هاتنی بۆ ناو مەیدانی كار، دەڵێت: «ئێمەی كچانی كوردستان بەتایبەتیش نەوەی نەوەدەكان كێشەی بڕوابەخۆبوونمان هەیە و كەمتر بڕوامان بە تواناكانمان هەیە، ئەویش بەهۆی ناهەمواری بارودۆخی ژیان بەتایبەت لە ساڵانی دوای ڕاپەڕین، من سەرەتا كە ویستم كاربكەم بە بیانووی حەیا چوون رێگەم پێ نەدرا، پێیان گوتم چۆن دەبێت ئافرەت پارە پەیدا بكات، بەلام كۆڵم نەدا و هەوڵمدا و چەندین كارم تاقی كردەوە كە بۆ رۆژگاری ئەوكاتە زۆریش باش بوون، هەر بۆ نموونە زۆرینەی شارەكانی هەرێم گەڕاوین بۆ كاری فرۆشیاری، لە كارەكەشدا سەركەوتوو بووم، متمانەت بەخۆت هەبێت و كار بكەیت عەیبە نییە.
لە هەموو قۆناغەكانی ژیانم بە چەندین ئاستەنگدا تێپەریوم، بەڵام كۆڵم نەداوە و دواتر كەسانی چواردەورم لە هەموو كارێكم دا خۆیان بوونەتە پاڵپشتم، لە ئێستادا هاوسەرەكەم گەورەترین پاڵپشتی ژیانمە بەبێ ئەو نەمدەتوانی ئەو سەركەوتنە بە دەستبێنم».
دەربارەی خەون و ئامانجی داهاتووشی دەڵێت: «بۆ داهاتوو دەخوازم بتوانم ژیانێكی سادە و ساكار تەژی لە فلكلۆر و كلتووری كوردی ئەگەر وەك ستایلی ژیانكردنیش نەبێت، هەوڵدەدەم بە دڵ و دەرونی خەڵكی وڵاتەكەم ئاشنای بكەم نیشانی نەوەی داهاتووی بدەم، ئەویش لە ڕێگەی ماڵپەڕەكەمەوە كە لاپەڕەیەكی تایبەتە بە ژیانی خۆم و خولیا و ئارەزووەكانم بەناوی ماڵی ئەژین.
ئەژین ساڵح لە كۆتایی قسەكانیدا دەڵێت: «ڕاگرتنی هاوسەنگی لە نێوان ماڵ و دایكایەتی و كارەكەمدا، هەرگیز كارێكی قورس نییە، ئەگەر لێبڕاوە بیت بۆ كارەكەت و بتەوێت هەمووی بەسەركەوتوویی ئەنجام بدەیت، بۆ گەیشتن بە ئامانج و لوتكەی سەركەوتن پێویستە دەرفەتەكان بقۆزیتەوە، هەندێك جار دەبیستین كە دەگوترێت ئیشی شەوان وەك دۆزینەوە وایە، منیش زۆربەی كات بەرگدووری بەشەو ئەنجام دەدەم، بەڕێوەبردنی ماڵ و بەرپرسیاریەتی منداڵەكانیشم بەرۆژ گرنگیان پێ دەدەم».
