كازم مەغدید بەڕێوەبەری تۆماری كۆمپانیا نیشتمانییەكان لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تۆماری كۆمپانیاكان لە ‌وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی:   سەرجەم كۆمپانیا و كارگە و بزاڤە بازرگانییەكانمان پابەند كردووە، بەوەی نووسینی تابلۆكانیان و كلێشەی پەڕاوی بەڕێوەبردنی ك

كازم مەغدید  بەڕێوەبەری تۆماری كۆمپانیا نیشتمانییەكان لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تۆماری كۆمپانیاكان لە ‌وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی:     سەرجەم كۆمپانیا و كارگە و بزاڤە بازرگانییەكانمان پابەند كردووە، بەوەی نووسینی تابلۆكانیان و كلێشەی پەڕاوی بەڕێوەبردنی ك

 

كازم مەغدید، بەڕێوەبەری تۆماری كۆمپانیا نیشتمانییەكانە لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی حكومەتی هەرێمی كوردستان و، لە دوای گواستنەوەی تۆماركردنی ناوی بازرگانیی بزاڤە بازرگانییەكان لە «ژوورە بازرگانییەكان»ـەوە بۆ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تۆماری كۆمپانیا نیشتمانییەكان، ئەم بەڕێوەبەرایەتییە هەوڵی داوە لە چوارچێوەی یاسای ژمارە 6ی ساڵی 2014ی حكومەتی هەرێمی كوردستان و بڕیاری ژمارە 605ی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران لە 21ی شوباتی 2023، مەرجە یاساییەكان بەسەر تۆماركردنی كۆمپانیا نیشتمانییەكان و سەرجەم شوێنە بازرگانییەكان جێبەجێ بكات. لە گفتوگۆی ئەمجارەی «بازنەی گفتوگۆ»دا (ئالنگارییەكانی ئێستای بەردەم زمانی كوردی) بەمجۆرە هەوڵەكانی بەڕێوەبەرایەتییەكەی و پێشنیارەكانی خۆی خستەڕوو.

 

زۆر سوپاسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان دەكەم كە ئەم گفتوگۆیەی لەسەر «ئالنگارییەكانی ئێستای بەردەم زمانی كوردی» ڕێك خستووە، كە سێ تەوەری لەخۆی گرتووە و ئەوەی پەیوەندی بە بەڕێوەبەرایەتییەكەی ئێمەوە هەبێت، تۆماری ناوی كۆمپانیا نیشتمانییەكان و شوێنە بازرگانییەكانە ‌لە هەرێمی كوردستاندا.

بێگومان یەكێك لە هەنگاوە چاكسازییەكانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان، وەرگرتنەوەی دەسەڵاتی تۆمارنامەی ناوی بازرگانی بزاڤە بازرگانییەكان بوو لە «ژوورە بازرگانییەكان»، سپاردنی ئەم ئەركە بوو‌، بەپێی یاسای ژماری 14ی ساڵی 2021 هەمواركراوی یاسای وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی و پەیڕەوی ژمارە 15ی ساڵی 2021 بۆ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تۆماری كۆمپانیا نیشتمانییەكان.

لە ساڵی 2014 پەرلەمانی كوردستان یاسای زمانە فەرمییەكانی پەسەند كرد، بەڵام ئەم یاسایە تا دەرچوونی بڕیاری 605ی ڕێزدار سەرۆك وەزیران لە 21ی شوباتی 2023، یاسای ژمارە 6ی پەرلەمانی كوردستان وەك پێویست كاری لەسەر نەكرابوو .

بەپێی یاسای ژمارە 6ی زمانە فەرمییەكان لە ماددەی 2 هاتووە «كوردی و عەرەبی دوو زمانی فەرمین لە سەرانسەری عێراقدا، لە كوردستانی عێراقدا زمانی كوردی زمانی سەرەكییە»، هەروەها لە ماددەی 7ی هەمان یاسادا هاتووە «زمانی كوردی، زمانی ئاخاوتن و نووسینی فەرمیی سەرجەم دامەزراوە دەستووری و فەرمانگەكانی هەرێمە»، لە ماددەی 14ی یاساكەدا دیسان جەخت لەسەر ئەوە كراوەتەوە، كە «پێویستە گشت كۆمپانیا و دامەزراوەكانی كەرتی تایبەت، زمانی كوردی بەكار بهێنن، بەكارهێنانی زمانی بیانی بەپێی پێویستیی خزمەتگوزاری و زمانی بەكارهێنەران ئازادە».

پاڵپشت بە هەردوو بڕیارەكەی ئەنجومەنی وەزیرانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بەڕێوەبەرایەتییەكەمان دەستی كرد بە جێبەجێكردنی ئەو ماددانە كە لە یاسای ژمارە 6ی پەرلەمانی كوردستان تایبەتن بە كۆمپانیا و شوێنە بازرگانییەكان، لەم چوارچێوەیەدا سەرجەم كۆمپانیا و كارگە و بزاڤە بازرگانییەكانمان پابەند كردووە، بەوەی دەبێت لەكاتی تۆماركردنی شوێنە كانیان پابەندبن بەم مەرجانەوە:

• دەبێت نووسینی تابلۆكانیان و كلێشەی پەڕاوی بەڕێوەبردنی كاری ڕۆژانەیان بە زمانی كوردی بێت.

• سەرجەم شوێنە بازرگانییەكان بۆیان هەیە لەسەر تابلۆكانیان زمانی دووەم لە پاڵ زمانی كوردی بەكار بهێنن، بەڵام بەو مەرجەی نووسینی كوردی لای ڕاستی تابلۆ و كلێشەكان بێت و هەروەها نابێت قەوارەی فۆنتی زمانی دووەم لە قەبارەی فۆنتی زمانی كوردی گەورەتر بێت.

• دەبێت سەرجەم و نووسراو داواكارییەكانیان بە زمانی كوردی بێت.

لە دوای ساڵی 2023 ئەم مەرجانە لە تۆماری ناوی بزاڤە بازرگانییەكان و كۆمپانیاكان جێبەجێ كراون و توانراوە:

- لە ساڵی 2023 هەتا 2025 ناوی 5000 شوێنی بازرگانی لە هەر چوار پارێزگا (هەولێر، سلێمانی، دهۆك، هەڵەبجە) تۆماركراون، هەموو ئەو شوێنە بازرگانیانە پابەندكراون بەوەی پێویستە وێنەی تابلۆی شوێنە بازرگانیەكان هاوپێچی داواكاریەكانیان بێت، ئینجا تۆماركردنی ناوی بازرگانییان پێ دراوە، لەمەش زیاتر هەتا ئەگەر ناوی ئەو شوێنە بازرگانییە كورتكراوەی ناوی براندە جیهانییەكانیش بێت، پابەند كراون بەوەی دەبێت تابلۆی ئەو شوێنانەش بە كوردی بنووسرێت.

- 6000 كۆمپانیا لە ساڵی 2023 هەتا 2025 تۆمار كراون، لە پرۆسەی تۆماركردنی ناوی كۆمپانیاكان، پابەندمان كردوون بەوەی دەبێت «سەرجەم بەڵگەنامەكان، بڕوانامە و گرێبەستی دامەزراندنی كۆمپانیاكە و كۆنووسی كۆبوونەوەی دامەزراندنی بەڕێوەبەری ڕێپێدراو» هەموو ئەمانە بە زمانی كوردی نووسرابن، لە ماوەی ئەم دوو ساڵەدا داواكاری تۆماركردنی ناوی كۆمپانیا تۆمار نەكراوە، ئەگەر پابەندی ئەوە نەبووبێت كە ئەو مەرجانە جێبەجێ بكات.

لە دەستپێكی ئەم هەڵمەتەمان بۆ جێبەجێكردنی بڕیارەكانی ڕێزدار سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و یاسای ژمارە 6ی ساڵی 2014، ترسی ئەوەمان هەبوو كە خاوەنی شوێنە بازرگانییەكان و كۆمپانیاكان، هاوكار نەبن بۆ سەرخستنی ئەم پرۆسە نیشتمانییە، بەڵام بە پێچەوانەوە بینیمان ئەو خەڵكانەش ئامادەیی زۆر باشیان تێدایە و بە پەرۆشەوە پێشوازی لەو پرۆسەیە دەكەن و مەرجەكانیان لا قورس نەبوو، بەڵكو بە گیانێكی بەرزی نیشتمانپەروەری جێبەجێیان دەكرد، ئەمەش ئاماژەیەكە بۆ ئەوەی خەڵكی كوردستان بە حەماسەوە ئامادەیە زمانی شیرینی كوردی بپارێزێت، هەروەها ئاماژەیە بۆ هەماهەنگیی نێوان خەڵك و حكومەت كە هەموو كات بناغەی سەركەوتنی بڕیار و یاساكان بووە.

لێرەوە ئەگەر ئێستا سەیری شەقامەكانی پارێزگاكانی كوردستان بكەین، كە تابلۆكانی بەپێی ئەو ڕێنماییانە نووسراون كە لە بڕیارەكەی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا هاتبوون، دەبینین سیمای كوردستانیبوونی شارەكانمان زیاتر بەرجەستە بووەتەوە، ئەمەش لەبەر ئەوەیە كاتێك گەشتیارێكی بیانی دێتە هەرێمی كوردستان، پێش ئەوەی قسە لەگەڵ هاووڵاتیان بكات، سەیری تابلۆی سەر شەقامەكان دەكات و دەبینێت هاتووەتە وڵاتێك كە جیاوازە لە وڵاتەكەی خۆی، هەروەها هەست دەكەیت كە هەموو هاووڵاتیانی كوردستان خۆشحاڵن كە شكۆی زمانی كوردی لە هەرێمی كوردستان لە سەرووی، یان هاوشانی زمانە بیانییەكانی دیكەیە.

لەم گفتوگۆیەدا و سەبارەت بە تێپەڕاندنی ئالنگارییەكانی ئێستای بەردەم زمانی كوردی، گلەیی ئەوە كرا كە سیاسەتی زمان و هەماهەنگیی پێویست لەنێوان ئەو وەزارەت و دامەزراوانە نییە كە پەیوەندیدارن بە پاراستنی زمانی كوردی، ئەوەش ڕەخنەیەكی گرنگ و لەجێی خۆیدا بوو. بۆیە دەبێت هەموومان پێكەوە هاریكار و هەماهەنگ بین بۆ ئەوەی زمانی شیرینی كوردی پارێزراو بێت.

 

Top