کارۆلین وێندێلین بۆ گوڵان:لە تابلۆكانمدا شادی،خەم، یادەوەریی منداڵی، تەنیایی و پەیوەندیی لەگەڵ ژینگە تێكەڵ دەبن
كارۆلین وێندێلین ڕەگ و ڕیشەی خەڵكی فینلاند و سوید و ئەڵمانیایە، بەڵام لە ئیسپانیا گەورەبووە. دایك و باوكی لە گەنجیدا هونەرمەندی شێوەكار بوون، بۆیە هەمیشە لە دەوری هونەر بووە، بەڵام بیری لەوە نەدەكردەوە كە خۆی ببێت بە هونەرمەند. لە زانكۆ لە مەدرید خوێندنی تەواو كردووە و بووەتە مامۆستا، دواتر بۆ چەند ساڵێك وەك مۆدێل لە نیویۆرك و بەرشەلۆنە و میلانۆ كاری كردووە لە ساڵی 2018وە گەڕاوەتەوە ئیسپانیا و ئێستا لە «مەلەگا» ژیان بەسەر دەبات، لە دەرفەتێكدا چەند پرسیارێكمان ئاراستەی كرد.
*پێت وایە تەكنەلۆژیا وەكو نیگاركێشانی دیجیتاڵیی وێنەكێشان كاریگەریی نەرێنی لەسەر هونەرە بینراوەكانی تەقلیدی هەبووە؟
- لە ڕاستیدا كاروانی هونەریم لە ڕێگەی تەكنەلۆژیاوە دەستی پێكرد، پێش ئەوەی ببمە هونەرمەندێك و كاتم بۆ شێوەكاری تەرخان بكەم، هاوڕێكانم داوایان لێ كردم كۆلاجی دیجیتاڵی دروست بكەم بە بەكارهێنانی وێنەی پڕۆفایلی واتسئەپیان، ئەم سەرەتایە پەرەی سەند و بوو بە كۆلاجی گەورەتر، لە كۆتاییدا لە پێشانگایەكدا نمایشم كرد، شتەكان زۆرباش بەڕێوە چوون، بڕیارم دا واز لە كارەكەم بهێنم و تەواوی كاتی خۆم بە هونەر ببەخشم. كەواتە بۆ من تەكنەلۆژیا دەرگای ئەم هەموو ژیانەی كردووەتەوە و من بە درێژكراوەیەكی نایابی ئەو كارە دەزانم كە هونەرمەندان هەمیشە كردوویانە، هەروەك چۆن هونەرمەندان لە ڕابردوودا دەستیان كرد بە بەكارهێنانی بۆیەی زەیتی و، وەك چۆن فۆتۆگرافی شۆڕشێكی گەورەی لە چۆنیەتی سەیركردنی پۆرترێتەكاندا كرد، ئامرازە دیجیتاڵییەكانی ئەمڕۆ دەرفەتی نوێ فەراهەم دەكەن بۆ داهێنان. لەبری ئەوەی هەڕەشە لە هونەری ڕەسەن بكەن، باوەڕم وایە هونەرمەند دەتوانێت خۆی لەگەڵ هەردوو بوارەكە بگونجێنێت.
*چۆن هاوسەنگی لە نێوان بەكارهێنانی ئامرازە تەقلیدییەكان و تەكنەلۆژیای مۆدێرن لە كارە هونەرییەكانتدا دروست دەكەیت؟
-دایك و باوكم هەر لە منداڵییەوە هونەرمەند بوون، بۆیە من بە خۆشەویستییەكی قووڵەوە لە نێو هونەری ڕەسەندا گەورە بووم. لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا زیاتر بە دەست لەسەر كانڤاس نیگاركێشانم كردووە، بەڵام هێشتا ئارەزووم لای هونەری دیجیتاڵییە و بۆ هەندێك كەس كە ئارەزووی كۆكردنەوەی كارە هونەرییەكان دەكەن، فۆتۆشۆپ بەكار دەهێنم بۆ دانانی تابلۆكانم لە ژووری میوانەكانیاندا، ئەمەش یارمەتی كڕیارەكانم دەدات كە كارە هونەرییەكان لەسەر دیوارەكانیان چۆن دەبێت، ئەمەش هەم پراكتیكییە و هەم لە ڕووی داهێنەرانەشەوە جێگەی ڕەزامەندییە.
*سرووشت ڕۆڵێكی بەرچاوی هەیە لە ئیلهام بەخشین بە زۆرێك لە هونەرمەندان، ئایا لە كارەكانتدا سوود لە سرووشت وەردەگریت وەك سەرچاوەیەكی سەرەكی ئیلهام بەخشین، بۆچی؟
-بێگومان سرووشت سەرچاوەیەكی بێكۆتایی ئیلهام بەخشە، منیش زۆر حەزم لە نیگاركێشانی گوڵ و دار و درەخت وگەڵاكانیانە. نیگاركێشانی توخمەكان لە سرووشتەوە وا دەكات هەست بكەم كە ڕێز لە شتێكی زۆر گەورەتر لە خۆمان دەگرم. لە ناوەڕۆكی كارەكانمدا گەڕانە بەدوای جوانیدا لە جیهانێكدا كە ئەوەندە ئازاری تێدایە، ناسكی و بەنرخیی ژیان بە قووڵی كاریگەری لەسەرم هەیە و هەوڵ دەدەم لە ڕێگەی هونەرەكەمەوە ڕێز لەم شتە بگرم، بەتایبەتی دایكایەتی ڕوانگەی منی لە قاڵب داوە و جۆرێكە لە خۆشەویستیی ناسك و بەهێز، كە هەم لاوازی و هەم هێز لەخۆ دەگرێت. زۆربەی كارەكانم لە دەوری گرتنی ئەم هاوسەنگییە ناسكە دەسوڕێنەوە وەك: نەرم و بەهێز، خەم و هیوا، هەموویان و پێكەوە ژیان.
*لە تابلۆكانتدا زاڵبوونی ڕەنگە گەشەكان بەدی دەكەین، نهێنیی ئەم ئاراستەیە چییە؟
-ڕەنگە گەشەكان بۆ من وەك شەپۆلەكانی ژیانن، بۆ نموونە سووری ئاگرین، زەردی خۆر، شینی ئاسمانی. ئەوانە بانگهێشتی هیوا و جوانییەكن، پەنجەرەیەكن بۆ دڵەكان بەرەو ڕووناكی. لەبری ڕەنگە تۆخەكان، ڕەنگە گەشەكان دەنگێكی زیندوو دەبەخشن كە بینەرەكانم دەخاتە سەفەرێكی پڕ هەست.
*چۆن ڕەنگەكان هەڵدەبژێریت، ئایا باری دەروونییە، یان دیدگایەكی هونەرییە؟
-هەڵبژاردنی ڕەنگەكانم سەمایەكی ناسكە لە نێوان هەست و داهێناندا، لە خەمێكی نەرم یان شادییەكی بێ پایاندا سەرچاوە دەگرم، ڕەنگەكان وەك شینێكی سارد یان زەردێكی گەرم ئەو هەستانە دەگێڕنەوە، بەڵام دیدێكی هونەرییش كارەكانم ڕێنمایی دەكات، تا هەر تابلۆ چیرۆكێكی تایبەت بگێڕێتەوە و لە هەمان كاتدا دەرگای سەرسوڕهێنەر دەكاتەوە.
*جگە لە ڕەنگەكان، چ شتێكی دیكە كرۆكی داهێنانەكانت پێك دەهێنێت؟
-تابلۆكانم تۆوی هەستەكانمن شادی، خەم، یان یادەوەریی منداڵی. چیرۆكە كەسییەكانم لەگەڵ پرسە كۆمەڵایەتییەكان، وەك تەنهایی یان پەیوەندی لەگەڵ ژینگە، تێكەڵ دەبن. هەوڵ دەدەم كارەكانم ئاوێنەیەك بن كە هەم خۆم، هەم مرۆڤایەتیی تێیدا دەبینرێت، تابینەر پارچەیەك لە خۆی تێدا بدۆزێتەوە و گفتوگۆیەك دەست پێبكات.
