کەمبۆدیا دوای پێکدادانی سنووری لەگەڵ تایلەند داوای ئاگربەستی خێرا دەکات
دوابەدوای پەرەسەندنی پێکدادانەکانی نێوان کەمبۆدیا و تایلەند، نوێنەری کەمبۆدیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند: کە وڵاتەکەی داوای "دەستبەجێ و بێ مەرجی ئاگربەست" دەکات و داوای لە ئەنجوومەنی ئاسایش کرد دەستوەردان بکات بۆ چارەسەری ئاشتیانەی ناکۆکی نێوان هەردوو وڵاتی دراوسێ.
دوای دوو ڕۆژ لە ئاڵوگۆڕی کوشندە لە نێوان هێزەکانی دوو وڵات، ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی هەینی کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی ئەنجامدا.
چیئا کیۆ باڵیۆزی کەمبۆدیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان دوای کۆبوونەوەکە کە نوێنەرانی کەمبۆدیا و تایلەند ئامادەی بوون، گوتی: کەمبۆدیا داوای کرد دەستبەجێ ئاگربەست و چارەسەری ئاشتیانەی ناکۆکییەکە بکرێت.
ناوبراو ڕەخنەی لە تۆمەتەکانی تایلەند گرت و دەشڵێت، “چۆن تایلەند کە زلهێزێکی سەربازی ناوچەییە، کەمبۆدیای بچووکتر بە دەستدرێژی تۆمەتبار بکات؟”
لەم کۆبوونەوەیەدا ئەنجومەنی ئاسایش داوای لە هەردوو وڵات کرد زۆرترین خۆگرتن نیشان بدەن و چارەسەری دیپلۆماسی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان بەکاربهێنن.
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستی تایلەند، زیاتر لە ١٣٨ هەزار کەس ناوچە سنوورییەکانیان جێهێشتووە. تا ئێستا لە تێکهەڵچوونەکاندا ١٥ کەس گیانیان لەدەستداوە کە ١٤ کەسیان مەدەنی و سەربازێکن و ٤٦ کەسی دیکەش برینداربوون کە ١٥یان سەرباز بوون.
پێکدادانەکان پەرەسەندنێکی نوێی ناکۆکی سنوورییە درێژخایەنەکانی نێوان هەردوو وڵات، کە سنوورێکی ٨٠٠ کیلۆمەتری هاوبەشیان هەیە.
کەمبۆدیا و تایلەند هەردووکیان شوێنی گەشتیاری بەناوبانگن لە باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا.
گوڵان: سەردار خەلیل
