ئاواز شێرزاد: ئابووری سەربەخۆ تا ئاستێك ئافرەت لە توندوتیژی دەپارێزێت

ئاواز شێرزاد:  ئابووری سەربەخۆ تا ئاستێك ئافرەت لە توندوتیژی دەپارێزێت

 

 

ئاواز شێرزاد چالاكی بواری پاراستنی مافەكانی ئافرەتە و هاوكات كارمەندی ئەمنییە لە بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزانی لقی سۆران، لە هەڤپەیڤینێكدا لەگەڵ گۆڤاری گوڵان چەند پرسێكی هەنوكەیی تایبەت بە دۆخی خانمان تاووتوێ دەكات و تیشدەخاتە سەر هەنگاوەكانی ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو نادادییانەی كە لێرە و لەوێ دەرهەق بە ئافرەتان دەكرێت.

 

گوڵان: كۆمەڵایەتی

 

* بە بۆچوونی تۆ بە چ میكانیزمێك ئافرەت دەتوانێت ڕووبەڕووی ئەو توندوتیژییانە ببێتەوە كە لەلایەن خێزان و كەسە نزیكەكانی ئەنجام دەدرێن؟

- توندوتیژی دژ بە ئافرەت دیاردەیەكی جیهانییە و تایبەت بە هەرێمێك یاخود كۆمەڵگەیەكی دیاری كراو نییە، بەڵام ئاست و هۆكارەكانی لە كۆمەڵگەیەكەوە بۆ كۆمەڵگەیەكی دیكە جیاوازیی هەیە، لە پێناو مانەوەی مرۆڤایەتی و كۆمەڵگەیەكی ئارام و سەقامگیر پێویستە ڕووبەڕووی ئەم دیاردەیە ببینەوە، بۆ ئەمەش دەبێت سەرەتا بە دوای هۆكارەكانی سەرهەڵدانی توندوتیژیدا بگەڕێین كە لە لایەن خێزان و كۆمەڵگە بەرانبەر بە خودی ئافرەت دەكرێت.

نەهێشتنی دیاردەی توندوتیژی لە بەرانبەر ئافرەت كارێكی هێدە ئاسان نییە بەڵكو پێویستی بە گۆڕینی شێوازی بیركردنەوە و هزری تاكەكانی كۆمەڵگە و كاری هەمە لایەن هەیە. ئەو ڕووبەڕووبوونەوەیە ستراتیژییەتێكی دوورمەودای پێویستە، ئەویش لەلایەن ناوەندەكانی خێزان، قوتابخانە، دەزگا میرییەكان و دەزگاكانی تایبەتمەند بە پرسی ئافرەت، ئەویش بۆ هۆشیار كردنەوەی ڕای گشتی و نەزۆك كردنی ئەو نەریت و نۆڕمە كۆمەڵایەتییانەی كە ڕەوایەتی بەم دیاردەیە دەدەن، ئەگەر باسی هۆكارەكانی توندوتیژی بكەین دەبینین هەندێك جار ئافرەت خۆی هۆكارە بۆ دروست بوون و بەردەوام بوونی توندوتیژی لە ناو خێزان، دەكرێت ئافرەت زۆر هۆشیارانە مامەڵە بكات و كێشەكانی لەگەڵ دەوروبەر بە گفتوگۆ و شێوازێكی نەرم و نیان چارەسەر بكات، لە ئەگەری چارەسەر نەبوونی كێشەكانیش پەنا بۆ یاسا ببات، پێموایە بێدەنگی و قبوڵ كردنی هۆكارە بۆ بەردەوامیدان بەم دیاردەیە كە لەلایەن كەسە نزیكەكانەوە ئەنجام دەدرێن.

یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزانی ژمارە(٨)ی ساڵی ٢٠١١ كە لە جیهاندا تەنیا (١٢٥) وڵات ئەم یاسایەیان هەیە و توندوتیژییان دژی ئافرەت بە تاوان ناساندووە، ئەم یاسایە تا ڕادەیەكی باش توانیویەتی پاڵشتییەكی باش بێت بۆ پێشگیری كردن لەو توندوتیژییانەی بەرانبەر بە ئافرەت دەكرێت.

* تاچەند لەگەڵ ئەو بۆچوونەدایت كە ئابووری سەربەخۆ ئافرەت لە توندوتیژی و ژێردەستەیی دەپارێزێت؟

- لە هەرێمی كوردستان ئافرەتان لە پێناو ئابووری سەربەخۆ هەمیشە لە هەوڵدانن، سەرباری ئاستەنگ و ڕێگری خێزان و دابونەریت و جیاكاری لە بوار و پانتایی ڕۆڵی هەردوو ڕەگەز ئەوان بۆ بەدەستهێنانی بژێوی ژیانیان وەك هەر تاكێكی كۆمەڵگە كار دەكەن و بوونی خۆیان سەلماندووە، بێگومان ئابووری سەربەخۆ تا ڕادەیەكی باش ئافرەت لە توندوتیژی دەپارێزێت و یەكێكە لە فاكتەرە گرنگەكان بۆ ڕزگاربوونی ئافرەت لە كۆت و بەندەكان، لەبەر ئەوە پێویستە ئافرەت لەڕووی ئابوورییەوە سەربەخۆ بێت و خاوەن داهاتی خۆی بێت، داهاتێك بتوانێت سەربەرزانە پێی بژیت بەبێ ئەوەی پێویستیی بە كەس هەبێت، بەڵكو خاوەن قەوارەی ئابووری خۆی بێت، سەربەخۆیی دارایی بۆ ئافرەت بە تایبەتی لە كۆمەڵگە دواكەوتووەكان، وادەكات ئافرەت زیاتر متمانەی بەخۆی بێت و لە هەر گۆڕانكارییەك كە لە ژیــــانیدا ڕوو دەدەن نەترسێت، واتا ئەگەر توندوتیژی بەرانبەر بكرێت، خێراتر و ئازاتر دەتوانێت لەو ژیانە خۆی ڕزگار بكات، ناچاریش نابێت لەبەر ئەوەی كەس نییە بژێوی بۆ دابین بكات بەرگەی پیاوێكی تونــدوتیژ بگرێت. جگە لەوەی لە دۆخی ئاساییدا خانمێكی خاوەن داهات كەسێكی بەهێزە و دەتوانێت پشت و پەنای مێردەكەی بێت و بۆ منداڵەكانیشی نموونەیەكی باڵا بێت و كۆمەڵگە بەرەو خۆشگوزەرانی ببات.

* بەخۆشحاڵییەوە لە ئێستادا كۆمەڵێك ئافرەتی گەنج و بە توانا لە نێو ماڵەكانیاندا كاری دەستڕەنگینی و دوورمان و چێشتلێنان دەكەن و لە ڕێگەی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە بەرهەمەكانیان بە بازاڕ دەكەن، ئەو كارە چۆن هەڵدەسەنگێنیت؟

- زۆر جار كۆمەڵگە و كلتوور و بیركردنەوەی كۆمەڵگە وای كردووە ئافرەت نەتوانێت لە دەرەوە كار بكات، بەڵام بە خۆشحاڵییەوە تا ڕادەیەكی باش ئافرەتی كورد ئەم ڕێچكەیەی شكاندووە و ئێستا لە دام و دەزگا حكومییەكان و كەرتی تایبەت ڕۆڵێكی كارامەی هەیە، كە هەم پاڵپشتێكی باشی حكومەت و كەرتی تایبەتە هەمیش خاوەن ئابوورییەكی سەربەخۆیە .

لەگەڵ ئەوەشدا بەهۆی پێشكەوتنی تەكنەلۆژیا ڕێژەیەكی باشی ئافرەتان توانیویانە لە چوارچێوەی ماڵەكانیان ببە خاوەن ئابووری سەربەخۆ كە خۆی لە كاری دەستی و چنین و دەستڕەنگینی و دروستكردنی خواردن و شیرینی دەبینێتەوە، كە لە ڕێگەی ئۆنڵاینەوە بەرهەمەكانیان دەفرۆشن ئەمەش كارئاسانی كردووە بۆ بوون بە خاوەن ئابووری سەربەخۆ و پشت بەستن بەخۆیان و هاوكاری كردنی خێزان و خانەوادەیان.

* چۆن و بەچ شێوازێك دەتوانرێت كۆمەڵگە لەوە هۆشیار بكرێتەوە كە ئافرەت لەسەر بنەمای مرۆڤ بوون مامەڵەی لەگەڵدا بكرێت نەك لەسەر بنەمای ئافرەت بوون؟

- تا ئەمڕۆش بیركردنەوەی هەندێك كەس وایە كە ئافرەت بە پلە دوو سەیر دەكەن، لە ڕاستیدا هۆكاری سەرەكی بۆ بینینی ئافرەت وەك كەسی پلە دوو پەیڕەوكردنی دابونەریت و دیاردە كۆمەڵایەتییە دواكەوتووەكانە. ئەم نەریتانە لە ناوەوەی خێزان و دەرەوەی خێزان ڕۆڵێكی كاریگەریان هەبووە لە بە كەم سەیركردنی ئافرەتان و پێشێلكردنی مافەكانیان. پەروەردە باشترین شتە كە بتوانین پێش بەو بیركردنەوانە بگرێت و ئافرەت وەك كائینێكی پیرۆز سەیر بكرێت.

كاتێك لە ناو خێزان منداڵ پەروەردە دەكرێت دەبێت لەسەر ئەوە پەروەردە بێت كە ڕێز لە هەموو كەسێك بگرێت لەسەر بنەمای مرۆڤ بوون، كە زۆربەی كات پەروەردەكردنیش زیاتر ڕۆڵی دایكی تێدایە كەواتە دەبێت ئافرەت ئاستی ڕۆشنبیری خۆی بەرەو پێش ببات پێش ئەوەی ببێت بە دایك، بەداخەوە بەكەم سەیركردنی ئافرەت لە كۆمەڵگەدا تێگەیشتنی بەشێكی ئافرەتانیشە كە ئەمە بەڕاستی كارەساتە و پێویستی بە چارەسەركردنە.

 

Top