محەمەد ئەحمەد شوفێر : پێویستە لەسەر ڕێگا و شەقامەكان خاڵی پشكنینی هاتوچۆ و چاودێریی خێرایی و دانانی تابلۆ و لۆگۆی زیاتر دابنرێت
لەم چەند ساڵەی دواییدا هەرچەندە گرنگی بە ڕێگاوبان و شەقامەكان درا، بەڵام لەگەڵ زیادبوونی ژمارەی دانیشتووان و ئوتۆمبێلەكان فشاری زیاتر كەوتە سەر شەقام و ڕێگاوبانەكان و بە هۆیەوە قەڵەباڵغی لە زۆر شەقامی ناو سەنتەری شارەكان و تەنانەت ڕێگاوبانەكانی دەرەوەش دروست بووە. من دەستخۆشییان لێدەكەم بۆ سەركەوتنیان لەبواری باشتركردنی ڕێگاوبانەكان، هەروەكو چۆن داواشیان لێدەكەم، باشتر لەم بوارەدا خزمەتگوزاریی پێشكەش بكرێت، بەتایبەتی كە ڕۆژانە كارەساتی دڵتەزێن و ناخۆش دەبیستین و دەبینین و ئازیزانی زۆر بە هۆی ڕووداوەكانی هاتوچۆوە گیانیان لەدەست دەدەن. ڕاستە شوفێر و تیژڕەوی و پابەندنەبوونی بە ڕێنماییەكان و سەلامەتیی ئۆتۆمبێلەكەی بە دەرەجەی یەكەم هۆكارە، بەڵام بەشێكی هۆكارەكانیش دەكەوێتە سەر ڕێگاوبانەكان و نەبوونی دووسایتی ڕێگاوبان، بۆیە پێویستە هێشتا كاری زیاتر بكرێت و شەقامەكانیش جوانتر و فراوانتر بكرێن، بەتایبەتی لە بواری زیادكردنی خاڵەكانی پشكنینی هاتوچۆ و چاودێریی خێرایی و دانانی تابلۆ و لۆگۆی زیاتر، پێویستە تابلۆكان بە هەر سێ زمانی سەرەكی و بە فۆنتی گەورە (كوردی و دواتر بە زمانی عەرەبی و ئینگلیزی) بنووسرێن، بۆ ئەوەی شوفێر بە هەرسێ زمان لێیان تێبگات، لە ناوچە سنوورییەكانی توركیا و ئێرانیش هەریەك بەجیا بە زمانەكانی توركی و فارسی بنووسرێت، كارێكی باشە چونكە ئێمە لەسەر سنووری ئەوانین. هەروەها پێویستە هەندێك تابلۆ و لۆگۆ لەسەر شەقامەكان دابنرێن و ناوی شەقامەكانیشی بنووسرێت، ئەمە شتێكی جوانترە. خەڵكی بیانی دێت و ناوی شوێنەكان نازانێت، تەنیا هەندێك شەقام و ترافیك لایت دەناسێتەوە. پێویستە ئەم كارانە ڕێكوپێك بن. ئەگەر ناو و ژمارەیان لەسەر دابنرێن، زۆر باشتر دەبێت. هەروەها ئەگەر لەسەر نەخشەش دابنرێن و لە سەرەتای كۆڵان و شەقامەكانیش دابنرێن، كارێكی باشتر دەبێت.
