پ.د.نەزاكەت حسێن ئەندامی بازنەی گفتوگۆ: ڕێگاوبان تەنیا شارەكان بەیەكەوە نابەستێتەوە، بەڵكو كۆی كەرتە خزمەتگوزارییەكانی دیكەش پێكەوە دەبەستێتەوە

پ.د.نەزاكەت حسێن ئەندامی بازنەی گفتوگۆ:  ڕێگاوبان تەنیا شارەكان بەیەكەوە نابەستێتەوە، بەڵكو كۆی كەرتە خزمەتگوزارییەكانی دیكەش پێكەوە دەبەستێتەوە

 

 

پ.د.نەزاكەت حسێن، ئەندامی بازنەی گفتوگۆ و ئەندامی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستانە و سەرنووسەری ڕۆژنامەی (كوردیش گلۆپ - چاپی ئینگلیزی)ـە و لە گفتوگۆی ئەمجارەی «بازنەی گفتوگۆ» (پەرەپێدانی پڕۆژەكانی ڕێگاوبان و چارەسەركردنی گرفتەكانی هاتوچۆ)، بەمجۆرە دید و تێڕوانین و پێشنیارەكانی خۆی خستەڕوو.

هەموو جار كە باسی خزمەتگوزاریی كەرتی ڕێگاوبان دەكەین، چاو و خەیاڵمان دەڕوات بەرەو شێوازی شەقامەكان و ڕێكوپێكییان، ئەمە گرنگە و سەرچاوەی سەرەكیی سەركەوتنی ئەم كەرتەیە لە خزمەتگوزاری، بەڵام گفتوگۆ لەسەر ئەم بابەتە فرە ڕەهەندە، فرە لایەنی پەیوەندیدار و فرە بابەتی پەیوەندیدار هەن پێوەی. كەرتی ڕێگاوبان تەنیا شارەكان نابەستێت بەیەكەوە، بەڵكو كۆی كەرتە خزمەتگوزارییەكانی دیكەش دەبەستێت بەیەكەوە. بۆ ئەوەی بە سەلامەتی و ئاسانی بگەینە قوتابخانە و پرۆسەی پەروەردە سەركەوتوو بێت، دەبێت ڕێگاوبانێكی باشمان هەبێت، هەروەها بۆ ئەوەی بە خێرایی و بە ئاسانی نەخۆشەكەمان بگەیەنینە نەخۆشخانە، دەبێت ڕێگایەكی باش و خێرا و سەلامەت هەبێت، بۆ ئەوەی ژینگەمان پاك بێت، دەبێت هاتوچۆو و ڕێگاوبان تەندروست بێت، بۆ ئەوەی كارەبا و ئاو و هەموو خزمەتگوزاریەكانی دیكە بگەیەنینە شار و گوند و قەزا و ناحیەكان، دەبێت پێش هەموویان ڕێگایەك بۆ هاتوچۆ ئامادە كرابێت.

 زانستی نوێ لەبارەی بوونی كۆمەڵگەیەكی تەندروست و تاكێكی دەروون ئارامی تەندروست، دەڵێت: «بوونی ڕێگاوبانێكی باش كە تاك بە ئاسانی بگاتە سەر كارەكەی، یەكێكە لە هۆكارەكانی ئارامیی دەروونیی، چونكە كە تاك ڕێگاوبان ئازاری دا و بە فشارێكی دەروونییەوە چووە سەر كارەكەی و گەڕایەوە ماڵەوە، پشێویی دەروونی و كۆمەڵایەتی بۆ دروست دەكات».

 بۆیە كە قسە لەسەر چاكسازی لەم كەرتە دەكەین، واتە قسە لەسەر سەركەوتنی كۆی كەرتەكانی دیكە دەكەین. چاكسازی لەم كەرتەش فرە ڕەهەند و فرە لایەنی پەیوەندیدارە. لەلایەك حكومەت دەبێت هەوڵی دابینكردنی ئەم ڕێگاوبانە تەندروست و سەلامەتە بدات، لە لایەكیش تاكیش دەبێت شێوازی بەكارهێنانی ئەم خزمەتگوزارییە دیاری بكات. ڕەفتاری شوفێری، پەڕینەوە و ڕاگرتنی پاكوخاوێنی و تۆكمەیی شەقام، بەشێكە لە كەلتوور و پەروەردەی تاكی كۆمەڵگەیەكی هۆشیار، ئەم هۆشیارییە دەبێت سەرچاوەكانی پەروەردە بیكات، وەك قوتابخانە و شوێنە ئایینییەكان و خێزان و كۆمەڵگە.

بەشی هەرە زۆری ڕووداوەكانی هاتوچۆ هۆكارەكەی خراپیی ڕێگاوبانەكان نییە، بەڵكو پەیوەستە بە خراپیی بەكارهێنانی ڕێگاوبانەكە و ڕەفتاری شوفێرەكان و تاكەكان.

پێشنیار بۆ چاكسازی لەم كەرتە، چاكسازییە لە شێوازی ڕێگاوبانەكان لە ئەندازەییەوە بیگرە تا تۆكمەیی دروستكردنی. هەروەها دابینكردنی كەرەستە جۆراوجۆرەكانی گواستنەوە، چونكە سرووشتی ژیان وای لێهاتووە، زۆرینەی تاكەكان دەبێت ڕۆژانە لە ماڵ بێنە دەرەوە و بجووڵێن، ناشكرێت هەر تاكێك ئۆتۆمبێلێك لەگەڵ خۆی بەرێتە دەرەوە، وەك ئەوەی ئەمڕۆ دەیبینین.

ڕاگەیاندن وەك ئامرازێكی پەروەردەیی و كەلتووری دەبێت بە شێوەیەكی تەندروست مامەڵە لەگەڵ ئەم پرسە بكات و، ڕۆڵی هۆشیاركردنەوە بگێڕێت، نەك نمایشكردنی ڕووداوەكان بە تەنیا. واتە لەگەڵ دابینكردنی ڕێگاوبانێكی باش و ئامرازێكی گواستنەوەی باشی جۆراوجۆر، دەبێت تاك وابەستە بكرێت بە ڕەفتارێكی تەندروستی بەكارهێنانی ئەم خزمەتگوزارییە. مامۆستایەكی سایكۆلۆژیناس دەڵێت: «شوفێری و شێوازی شوفێری هەڵقوڵاوی سایكۆلۆژیا و ڕەفتاری تاكە».

Top