مادە هۆشبەرەکان، دێوەزمە و كارەسات و نەهامەتی
مادە هۆشبەرەكان كە روویان لە كۆمەڵگە كرد، كارەسات و ئافات و نەهامەتیی گەورە بەدواتی خۆیدا دەهێنێت، زۆر خراپترە لەو جەنگانەی کە بردنەوە و دۆڕانیان نادیارە، مەترسیی بڵاوبوونەوەی ماددەی هۆشبەرە لەنێو بەشێك لە کۆمەڵگەکەماندا، بەتایبەتی لەنێو توێژی گەنج و لاواندا، کە هەستیارترین توێژن و داهاتووی کۆمەڵگەن، مەترسییەكی رژدە و دەبێ لە ئاستیا بوەستین.
بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر، بێجگە لەوەی تەندروستیی مرۆڤ بەرەو فەوتان دەبات، سەرلێشێوانێکە بۆ بەکارهێنەر کە دەبێتە هۆی لەدەستدانی ژیانی كۆمەلایەتی و ئابووری و خێزانەکەشی، ئینجا چەندان ئافات و کارەساتی دیکە بەدوای خۆیدا دەهێنێت.
ئەگەرچی بەردەوام لە رێگەی ئامرازەکانی میدیاوە هۆشیاری لە بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان بڵاو دەکرێتەوە، بەڵام هێشتا بەپێی پێویست نییە، دەبێ هەریەكە و لە شوێنی خۆمانەوە هاوڕێ، خزم، دراوسێ، ناسیاو لە مەترسییەکانی ئەو ماددەیە هۆشیار بکەینەوە، چونکە تووشبوو هەر ئەوەندەی بەسە لەناکاو بە هەر هۆکارێك تووش دەبێت، ئیتر چاکبوونەوە و گەڕانەوەی بۆ نێو کۆمەڵگە ئەستەم دەبێت.
گرنگە كە هەموو دەزگاكانی كۆمەڵگە بە حکوومەتی هەرێمی کوردستان و لایەنە پێوەندیدارەکانەوە، وردتر و رژدتر لەئاست ئەم مەترسییە وەستن، دەبێت هەڵمەتی هۆشیاركردنەوەی هەرزەکار و گەنج و لاوان فراوانتر بێت، لەم رووەوە. گرنگە وەزارەتەکانی پەروەردە و خوێندنی باڵا لەنێو ناوەندەکانی خوێندن و زانکۆکان زۆر بە رژدی لەمەڕ ئەو پرسە بوەستن و بەردەوام مەترسییەکانی بەکارهێنانی مادە هۆشبەرەکان بە گوێی قوتابییاندا بدەن و هۆشیاریان بکەنەوە، بە تەنیا ئەنجامدانی ورۆکشۆپ و سیمینار بەس نییە، بەڵکوو دەبێت زۆر بە توندتر لەسەر ئەو پرسە بوەستن و کاری لەسەر بکەن.
هەروەها رۆڵی رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لە هۆشیارکردنەوەی توێژەکانی کۆمەڵگە لە مەترسیی بەکارهێنانی مادە هۆشبەرەکان کەمتر نییە لە دامودەزگەی ئەمنی و كۆمەڵایەتی و پەروەردەیی، ئەوانیش پێویستە زۆر بە جدی کاری لەسەر بکەن،
بۆ نموونە لە چوارچێوەی راسپاردەی جەنابی سەرۆك بارزانی کە لە کۆنگرەی یەکگرتنی رێکخراوی قوتابییان و لاوان هەڤاڵانی نوێی مەکتەبی سکرتاریەتی رێکخراوەکەی راسپارد کە کۆمەڵگە لەو کارەساتە هۆشیار بکەنەوە، یەکێتیی قوتابییان و لاوانی دیموکراتی کوردستان هەڵمەتێکیان بە ناونیشانی (ماددەی هۆشبەر، ئافاتی سەدە) لە سەرانسەری پارێزگە و ئیدارە سەربەخۆکانی هەرێمی کوردستان راگەیاند، جێی دەستخۆشی و پێزانینە چونکە ئەو رێکخراوە چووەتە نێو خوێن و شادەماری قوتابییان و لاوانی کۆمەڵگە، کە دەتوانن کاریگەرییان لەسەر توێژی قوتابییان و لاوان هەبێت. هەر دوای ئەو راسپاردەیەی سەرۆك بارزانی ئەرکی ئێمە قورستر بووە، چونکە دەبێت زۆر خەمخۆرانەتر لە رابردوو ئەو ئەرکە ئەنجام بدەین، لاوان و قوتابیانمان لەو کارەساتە هۆشیار بکەینەوە.
هەر بەڕاستی کارەساتە کە ئامارەکان دەبینین زۆرترین بەکارهێنەر گەنجانن و بە گوێرەی داتایەکی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی نەهێشتنی مادە هۆشبەرەكان، 80% بەکارهێنەرانی مادەی هۆشبەر تەمەنیان لەنێوان 18 بۆ 35 ساڵە، 4% لە خواری 18 ساڵە، 6% لە سەرووی 35 ساڵە و 10% بەکارهێنەرانی مادە هۆشبەرەکان لە کۆی تەمەنەکان ئافرەتان. ئەمەش پێویستی بە هەڵوەستەیە و دەبێت رێکاری توندتر بیگرێتە بەر بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان نەبێتە ناوەندێکی ترانزێت بۆ گواستنەوەی مادەی هۆشبەر بۆ وڵاتانی دیکە.

محەمەد گەردی