هاوژین موحسين:بەكێشانی هەرتابلۆیەك دەروونم ئاسوودە دەبێت
هاوژین موحسین شێوەكارێكی بەتوانا و لێهاتووەی خەڵكی هەولێر و دەرچووی بەشی بازرگانییە، لە منداڵییەوە خولیای هونەر بووە و بەم دواییانە لە گەلەری میدیا لە هەولێر پێشانگەیەكی تایبەتیی شێوەكاریی كردەوە، ژمارەیەك پۆرترێتی كەسایەتییەكانی تێدا نمایش كرد كە بە كریستاڵ بەرهەم هاتوون و ماوەی چەند ڕۆژێك بەردەوام بوو.
*ئەوەی ئێمە بینیمان پێشانگەیەكی قەرەباڵغ بوو، ئایا یەكەم جارت بوو پێشانگە بكەیتەوە؟ هۆكار چی بوو پێشانگەكە درێژ كرایەوە؟
-بەڵێ ئەوە یەكەم پێشانگەم بوو كردمەوە، ئەم جۆرە كارە هونەرییەی من لەسەر ئاستی عێراق نەبینراوە و سەرنجی زۆری هونەرمەند و هونەردۆستانی بەدوای خۆیدا ڕاكێشاوە، بۆیە بۆ ئاشنابوونی ئەم جۆرە كارە بە گەنجان، لەسەر داوای «ئازاد لەشكری» بەڕێوەبەری هونەری شێوەكاری كاتەكەی درێژ كرایەوە.
*نرخی هەر تابلۆیەكت دەگاتە چەند؟
-100 دۆلار بەسەرەوەیە و بەگوێرەی وێنە و قەبارەیان نرخەكەی دەگۆڕێت.
*هیچ كارێكی هونەریت هەیە كە نرخی لەسەر نەبێت و نەتوانی بیفرۆشیت؟
-بەڵێ بێگومان وێنەی ئەسپێكە لە شێوەی كریستاڵبەندی، كە بۆ من پڕە لە یادگاری.
* لە كارەكانتاندا زیاتر پشت بەچی دەبەستن؟
-لە هەر شێوازێكدا كەرەستەی تایبەت بەخۆی بەكار دەهێنم، بەڵام ئێستە بۆ تابلۆی كریستاڵ نقێم و شووشە بەكار دەهێنم.
*چۆن بوو لە ناو ئەو هەموو بوارەدا شێوەكاریت هەڵبژارد؟
-تواناكانم زیاتر لەو بوارەدا خۆی بینییەوە، بە كێشانی هەر تابلۆیەك دەروونم زیاتر ئاسوودە دەبێت.
*ئەو كێشە و گرفتانەی دێنە بەردەم كارە هونەرییەكانت چین؟
-درز و شكان، بەتایبەت ئەگەر لە كۆتایی كارەكەمدا بم، تەرخانكردنی كاتێكی زۆر بۆ هەر تابلۆیەك.
*ئێوە تاچەند هاندەر و هاوكارن بۆ ئەو گەنجانەی دەیانەوێت بێنە ناو بواری شێوەكاری؟
-لەهەر تەمەنێك و بارودۆخێكدا بن، كاتێك خولیای هونەری وێنەكێشانیان هەیە، بەهرە بەجۆرێك دەست پێ بكات، هیچ كات درەنگ نییە، مەهێڵن بەهرەكانتان بە شاراوەیی بمێنێتەوە.
*بۆ زیاتر پەرەپێدان بە كارەكانتان پێویستیتان بە چ شتێكە كە تا ئێستە بۆتان نەكراوە؟
-پاڵپشتیی دارایی و هەبوونی شوێنی تایبەت بۆ پێشاندانی كارەكان بۆ هونەردۆستان.
*ئایا مەرجە هەركاتێك بتەوێت بتوانیت تابلۆ بكێشیت، ئەی زیاتر لە چ كاتێكدا دەتوانیت تابلۆ بكێشیت؟
-لە زۆربەی كاتەكاندا كە بمەوێت دەتوانم وێنە بكێشم، بەڵام بۆ دروستكردنی وێنەیەكی ناوازە، پێویستیم بە كەشێكی ئارام هەیە بۆ ئەمەش شەو كاتێكی گونجاوە.
*بەپێی پێویست هاوكاریی هونەرمەندانی شێوەكار كراوە؟
-بەڵێ یارمەتی دراون، بەڵام پێویستە زیاتر هاوكاری بكرێن.
