دژایەتیکردنی پرسی کورد سەرەنجامەکەی شکستە
لە مومارەسەی کاری سیاسیدا، ڕووداوەکان، دۆست و دوژمن، مەرد و نامەرد، یار و نەیار، بە هەڵوێست و بێ هەڵوێست نیشاندەدەن، ئەم ڕەوشەی ئێستای هەرێمی کوردستان، دەچێتە ئەو خانەیەوە، خەڵکانێک لە پێشەوە خۆیان بە دۆستی میللەت نیشان دەدەن و لەگەڵ جووڵەیەکی بەغداد، دژی کورد دەوەستنەوە (نۆکەر) ئاسا دەچنە بەرەیانەوە!
ئەوەی لە کوردستان دەگوزەرێت، کارەساتێکی فیکری و عەقڵی مەترسیدارە، بەشێک لە سەرکردەی هەندێک لایەنی سیاسی و کادر و ئەندامانیان لەناو، بە هەمان دیدی دوژمناکارانەی خەزعەلی و گرووپە تیرۆریستییەکان قسە دەکەن و لێدوان دەدەن، لە کاتێکدا هەمووان باش دەزانن کە گەلی کوردستان لەسەر حەقە و داواکەی ڕەوایە، بەڵام چوونە بەرەی دوژمن، لە سیاسەت و نەهج و بەرنامەی خەڵکانێکی خۆفرۆش و بەرژەوەندخواز مایەی شەرمەزاریی و سەرشۆڕییە، لای هەمووان ڕوون و ئاشکرایە، عێراق غەرقی گەندەڵی بووە و گرووپە چەکدارییە تیرۆریستییەکان، مانایەکیان بۆ دەوڵەت نەهێشتۆتەوە، ئەمەش وایکردووە بۆ شاردنەوەی شکستەکانی خۆیان پەلاماری هەرێمی کوردستان بدەن.
ئێستا لە هەموو کات زیاتر کوردستان، پێویستی بە بڕیاری یەکدەستی و یەکڕزییە، کەچی (جاشەکان) بە دڵی ئاغاکانیان، کەوتوونەتە بڵاوکردنەوەی تۆمەت و هۆنینەوەی درۆ بەرانبەر هەرێمی کوردستان.
گەلی کورد دۆزەکەی ڕەوایە، داواکانی حەقن، بیر و باوەڕەکەی مەزنە، قەزیەیەکەی شەرەفمەندییە، بێ شک ئەم قۆناغەش بە سەربەرزی و سەرکەوتوویی تێدەپەڕێنێت، عاقیبەتی ملهوڕی و دژایەتیکردنی پرسی کورد و ڕێگەی ڕاستی کوردایەتی، لەنێچوون و (تەفروتونا) بوونە بۆ هەموو کەس و لایەنانەی لە بەرەی دوژمنەوە جاشایەتی بۆ نەیارانی کوردستان، لە داهاتوویەکی نزیکدا، کوردستان لە کەناری ئارامی و خۆشگوزەرانیدا خۆی دەبینێنەوە، خۆفرۆشەکانیش بۆ زبڵدانی مێژوو.
٣١ـی ٥ـی ٢٠٢٥

فرسەت سەید شکور