غازی ئافریڤی جووتیار : لەبەر بەرهەمی بیانی بەرهەمی جووتیار ساغ نابێتەوە و نرخی شایستەی خۆی پێ نادەن، بۆیە جووتیار حەز و ئارەزووی بۆ كاركردن نامێنێت
بۆ گەشەكردنی كشتوكاڵ و پەرەپێدانی ئەم سێكتەرە پێویستە سەرەتا حكومەتی هەرێمی كوردستان پاڵپشتیی جووتیارەكان و بەرووبوومەكانی بكات. قۆناغی یەكەمی داواكاری و خواستی ئێمە ڕێگرتنە لە هاوردەكردنی ئەو بەرهەمانەی لە وەرزێكی دیاریكراوی ساڵدا ئێمە بەرهەمی دەهێنین. هاوردەكردن بووەتە هۆی بەفیڕۆچوونی ڕەنج و ماندووبوونمان، خۆ لە وەرزی هاویندا بەرهەمی جووتیارانی كوردستان نەك تەنیا هێندەی خواستی ناوخۆیە، بەڵكو ئەو بەرهەمەی دەیچێنین، هەتا بۆ ناوەڕاستی عێراقیشی دەنێرین. بۆیە داواكارین لە حكومەتی هەرێمی كوردستان دەروازە سنوورییەكان بگرێت بۆ ئەوەی بەرهەمی جووتیار زیاد بێت و جووتیار نرخی شایستەی خۆی وەربگرێت و باری داراییەكەشی باش بێت و جووتیار زیانی تێدا نەكات.
پێویستە حكومەت پاڵپشتیی جووتیار بكات لە زۆر بواری دیكەشدا، بۆ نموونە لە دروستكردنی كۆگا و ساردكەرەوە، تاوەكو جووتیارەكان لەو بەرهەمە زیادەیەی هەیانە، هەمووی لە ڕۆژ و مانگێكدا نەخەنە بازاڕەوە و نرخەی دابەزێت و زیانیان بەركەوێت، بەڵكو لەهەر چوار وەرزی ساڵ سوودی لە بەرهەمەكەی وەرگرێت و بەرهەمی ناوخۆی كوردستان كەم و زیاد نەكات، كە لەهەردوو حاڵەتدا خراپە، لەلایەكی دیكەوە دەبێت حكومەت لە بواری ڕێنمایی چاندن و دابینكردنی دەرمانی قڕكەر و پەینی كیمیاوی بكات و ئاسانكاری بۆ ڕاكێشانی ئاو و كارەبا و ڕێگاوبانەكان بكات، تەنانەت حكومەت دەتوانێت لە هەندێك بەروبوومدا بازاڕ بۆ جووتیارەكان بدۆزێتەوە و بەرهەمەكانیان لە ناوخۆ یان لە دەرەوەی هەرێم ساغ بكاتەوە، بەمەش جووتیار زیان ناكات و سوودمەند دەبێت و لەكاری خۆی بەردەوام دەبێت.
كێشەی سەرەكیی جووتیار كاتی فرۆشتنی بەروبوومەكەیەتی، ئەو كاتەی دەیەوێت بەروبووم و ڕەنج و ماندووبوون و تێچووەكەی خۆی كە كردوویەتی لەبازاڕ ساغ بكاتەوە و قازانجێك بكات، بۆ ئەوەی كاری كشتوكاڵی خۆی فراوان بكات و پەرەی پێبدات، كەچی بە كردنەوەی دەروازە سنوورییەكان و بە قاچاخ هێنانی بەروبوومی وڵاتانی دەوروبەر گەورەترین زیان بە جووتیار و كشتوكاڵ و ئابووریی هەرێم دەگەیەنن. جووتیار بۆ بەرەوپێشچوونی كارەكەی پێویستی بە بڕە پارەیەكی زۆر هەیە بۆ ئەوەی ئامێری كشتوكاڵی و پێداویستییەكانی پەینی كیمیاوی و دەرمانی قڕكەر و ڕاكێشانی جۆگەلە و ئاو و دەیان پێداویستیی دیكە دابین بكات. لێرە هەموو شتێك گرانە، دەستی كار، كارەبا، گازوایل، پەین و دەرمان و گواستنەوەی بەروبووم تێوویان زۆرە، كاتێكیش بەرهەممان دەبەینە عەلوەكان و بازاڕ لەبەر بەرهەمی بیانی بەرهەمی جووتیاری ئێمە ساغ نابێتەوە، نرخی شایستەی خۆی پێنادەن و جووتیار زیان دەكات، بەوەش حەز و ئارەزووی بۆ كاركردن نامێنێت و كارەكەی بەجێ دەهێڵێت. خاڵێكی دیكەی گرنگ بابەتی كەمبوونەوەی ئاو و گرنگیی دابینكردن و ڕاكێشانی ئاو و بیری ئاوە، پێویستە حكومەت، یان جۆگەی ئاودێریی بۆ دەشتەكان ڕابكێشێت، یان مۆڵەتی بیرلێدانی بداتێ. ئەگەر ئاو هەبوو، مرۆڤ دەتوانێت گەنمی خۆی بچێنێت و بە ئاوی بیر ئاوی بدات و گەنمەكەی وەكو پێویست دەربچێت، ئەو كات دەتوانێت 20- 30 تۆن گەنم بەرهەم بهێنێت. خاكی كوردستان زۆر بەپیتە و هەموو شتێك دەدات و هەموو بەرهەمێكی تێدا دەچێنرێت.
