فەرهاد محەمەد ئەندامی بازنەی گفتوگۆ:   گۆڕانكارییەكانی كەشوهەوا وەرچەرخانی لە بارودۆخی جیۆسیاسیی جیهاندا دروست كردووە

فەرهاد محەمەد ئەندامی بازنەی گفتوگۆ:     گۆڕانكارییەكانی كەشوهەوا وەرچەرخانی لە بارودۆخی جیۆسیاسیی جیهاندا دروست كردووە

 

 

فەرهاد محەمەد ئەندامی بازنەی گفتوگۆ و ئەندامی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستانە و سەرنووسەری گۆڤاری گوڵانە، لە گفتوگۆی ئەمجارەی بازنەی گفتوگۆدا (گرنگیی بایەخدان بە پاراستنی ژینگە لە هەرێمی كوردستان) بەم جۆرە دید و تیڕوانین و بۆچوونەكانی خۆی خستە ڕوو.

 

 

د.سیروان كەركووكی كە یەكێكە لە زانا دیارەكانی ئایینی ئیسلام لەسەر ئاستی كوردستان و عێراق، لە تازەترین كتێبیدا بە ناونیشانی «دین و ژین و ژینگە» سەبارەت بە ژینگە نووسیویەتی «ژینگە نیعمەت و بەخششی خودایە بۆ مرۆڤ، مرۆڤ دەبێ لە ژینگەوە گوزەران و بژێویی ژیانی بەدەست بهێنێت بەو مەرجەی زیانی پێ نەگەیەنێت، سەرنج بدە پەوەردگار دەفەموێت: «كُلُوا وَاشْرَبُوا مِن رِزْقِ اللَّهِ وَلَا تَعْثَوْا فِي الْأَرْضِ مُفْسِدِينَ».

كەواتە بەپێی ئەم ئایەتە پیرۆزە، پاراستنی ژینگە ئەركێكی ئایینییە و پەروەردگار داوا لە بەندەكانی خۆی دەكات ئەم نیعمەتە نەشێوێنن، لەم چوارچێوەیەدا ڕێزنەگرتن لە ژینگە، یان هەوڵدان بۆ تیكدانی ژینگە، جۆرێگە لە گەندەڵی بەرامبەر نیعمەتێك كە پەوەردگار پێی بەخشیوین.

زانای بەناوبانگی ئیسلامیی مەغریبی تەها عەبدولڕەحمان لە كتێبیكیدا بە ناونیشانی «پرسیاری ئاكار – سۆال الاخلاق»، لە یەكەم لاپەڕەی كتێبەكەیدا فەموودەیەكی پێغەمبەر «د.خ» داناوە، كە دەفەرموێت «إنما بعثت لأتمم مكارم الأخلاق- من تەنیا بۆ تەواوكردنی ئاكارە باشەكان نێردراوم»، ئەم زانا گەورەیە لە شرۆڤەیدا بۆ ئاكاری باش، نووسیویەتی «بێجگە لە پەروەردگار هیچ كەسێك خاوەنی نیعمـــــەتەكان نییە، مرۆڤ دەبێت لە چوارچێوەی ئاكاری باشدا وەك ئەمانەت مامەڵە لەگەڵ نیعمەتەكانی پەوەردگاردا بكات».

ئەوجا ئەگەر لەم چوارچێوەیەوە سەیری ژینگە و ڕاگرتنی هاوسەنگیی سرووشت بكەین، ئەوا زۆر ڕاشكاوانە دەبینین، ئەوەی هاوسەنگیی ئەم سرووشتەی ڕاگرتووە، ئەو نیعمەتانەیە كە خودا لە سرووشتدا بۆ مرۆڤی دابین كردووە، مامەڵەی خراپی مرۆڤ لەگەڵ هەر یەك لەو نیعمەتانە دەبێتە هۆكاری ئەوەی ئەو سرووشتە بشێوێندرێن.

پرسی ڕاگرتنی هاوسەنگیی سرووشت، لە ئێستای جیهاندا بووەتە پرسێكی گرنگ بۆ مرۆڤایەتی و، ڕێكخراوێكی نێودەوڵەتی بە ناوی «یەكێتیی نێودەوڵەتی بۆ پاراستنی سرووشت - International Union for Conservation of Nature» لەسەر ئاستی جیهان هەوڵ بۆ پاراستنی ڕاگرتنی هاوسەنگیی سرووشت دەدات، دەیەوێت سرووشت بپارێزێت، جێگەی شانازییە كە هەرێمی كوردستان ئەندامی ئەم یەكێتییە نێودەوڵەتییەیە بۆ پاراستنی سرووشت.

تۆماس فریدمان، گەورە ڕۆژنامەنووسی جیهانی، یەكێك لە هۆكارەكانی سەرهەڵدانی تیرۆریستانی داعش دەگێڕێتەوە بۆ گۆڕانكارییەكانی كەشوهەوا و دروستبوونی ناهاوسەنگی لە سرووشتدا و دەڵێت: «چەند ساڵێك پێش سەرهەڵدانی داعش، وڵاتی سووریا تووشی وشكەساڵی بوو، بەشێكی زۆری هاووڵاتیانی عەرەبی سووریا كە كاری كشتوكاڵی و ئاژەڵدارییان دەكرد، ناچار بوون بە هۆی وشكەساڵییەوە ڕوو بكەنە شارە گەورەكان، بەڵام حكومەتی بەشار ئەسەد نەیتوانی بە باشی مامەڵەیان لەگەڵدا بكات و كاریان بۆ بدۆزێتەوە، بۆیە هەر لەگەڵ دەركەوتنی ئاڵا ڕەشەكەی داعش، باوەشیان بۆ تیرۆریستانی داعش كردەوە، بەو هیوایەی لەو بارودۆخە خراپەی تێی كەوتوون ڕزگاریان ببێت». فریدمان لەم ئاماژەی بۆ تیرۆریستانی داعش، مەبەستی ئەوەیە جیهان لە مەترسییەكانی گۆڕانكارییەكانی كەشوهەوا ئاگادار بكاتەوە، كە نەك دەبێتە هۆكاری وشكەساڵی و لافاوی لەناكاو، لە هەمان كاتدا دەبێتە هۆكاری گۆڕانكاریی گەورەی جیوسیاسیش لە جیهاندا.

دیاردەیەكی مەترسیداری دیكەی گۆڕانی كەشوهەوا كە ئێستا لە عێراقدا سەری هەڵداوە، وشكبوونی زۆنگاوەكانی باشووری عێراق و كۆچكردنی بەكۆمەڵی دانیشتووانی ئەو ناوچانەیە كە بە هەزاران خێزان ناچار بوون شوێنی خۆیان بەجێ بهێڵن و ڕوو لە شارە گەورەكان بكەن، لەمەش زیاتر زەنگی مەترسییەكان بەو جۆرەیە كە ئەم گۆڕانكارییانەی كەشوهەموا دەبنە هۆی بەبیابابوونی بەشێكی باشوور و ناوەڕاستی عێراق و لە ماوەی 10ساڵی داهاتوو لە هەرێمی كوردستان نزیك دەبێتەوە.

مەترسییەكی دیكە بۆ عێراق لە ماوەی 10 ساڵانی داهاتوودا، بە هۆی ئەو بەنداوانەیە كە لەلایەن دەوڵەتانی دراوسێوە دروست دەكرێن، مەترسیی وشكبوونی هەردوو ڕووباری دیجلە و فوراتە لە عێراقدا، ئەم دوو ڕووبارە بۆ عێراق وەك شادەماری ژیان لە قەڵەم دەدرێن، بۆیە تەنیا هیوای عێراق سەرچاوەی ئاوەكانی كوردستان و ئەو بەنداوانەیە كە لە كوردستان دروست دەكرێن.

ئەوەی دەكرێت بە گەشبینییەوە سەیری ژینگەی كوردستان بكەین، ئەوەیە هەتا ئێستا ژینگەی كوردستان نەگەیشتووەتە ئەو ئاستەی لە بازنەی ژینگە مەترسیدارەكان پۆلێن بكرێت، هەروەها ئەو پڕۆژە ستراتیژییانەیە كە لە ماوەی 5-6 ساڵی ڕابردوو لە دروستكردنی بەنداوی گەورە و مامناوەندی بچووك و دروستكردنی پۆندی گەورە بۆ دروستكردنی دەریاچەی دەستكرد لە ناوچە جیاوازەكانی كوردستاندا خۆی دەبینێتەوە، هەروەها پیادەكردنی میتۆدی بەرهەمهێنانی وزەی پاك لە شێوازی بەرهەمهێنانی نەوت و گاز، لەمەش زیاتر بایەخدانی حكومەتی هەرێمی كوردستانە بۆ ئەوەی بۆ بەرهەمهێنانی كارەبا سۆلەر بەكار بهێنرێت و سوود لە تیشكی خۆر وەربگیرێت، بۆ گواستنەوە و هاتووچۆ هاندەرە بۆ ئەوەی هاووڵاتیان ئۆتۆمبێلی كارەبایی بەكار بهێنن.

ئەمانە هەنگاوی دروستن و جێگەی دەستخۆشین، بەڵام ئەركی پاراستنی ژینگە، ئەركێكی دەستەجەمعیی كۆی كۆمەڵگەی كوردستانە و دەبێت وەك بەرژەوەندیی باڵای نیشتمانی سەیری بكرێت، لەبەر ئەوەی ژینگە بۆ هەمووانە، ئەوجا بۆ ئەوەی كوردستان پارێزراو بێت، دەبێت پێش هەمووان هۆیەكانی ڕاگەیاندن پاشان زانایانی هەموو ئایینە جیاوازەكانی كوردستان و تەواوی ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی لەسەر ئەم پرسە لیكتێگەیشنیان هەبێت و پێكەوە هاوكاری بكەن بۆ ئەوەی یارمەتیی حكومەتی خۆمان بدەین، پێویستە هەموومان پێكەوە ژینگەی كوردستان بپارێزین و ڕێگە نەدەین كاریگەرییەكانی گۆڕانكارییەكانی كەشوهەوا كارەسات لەسەر داهاتووی كوردستان دروست بكات.

 

Top