عەمید فەرمان فازڵ بەڕێوەبەری پۆلیسی دارستان و ژینگەی هەولێر: پێویستە بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی دارستان و ژینگە لە ڕووی تەكنیكییەوە بەشێك بێت لە دەستەی پاراستن و چاككردنی ژینگەی حكومەتی هەرێمی كوردستان
عەمید فەرمان فازڵ، بەڕێوەبەری پۆلیسی دارستان و ژینگەی هەولێرە، ئەم بەڕێوەبەرایەتییە ئەركی ئەوەیە كە پارێزگاری لە دارستانەكان بكات و هاوسەنگیی ژینگە بپارێزێت. لە گفتوگۆی ئەمجارەی بازنەی گفتوگۆدا (گرنگیی بایەخدان بە پاراستنی ژینگە لە هەرێمی كوردستان) بەم جۆرە دید و تێڕوانینەكانی خۆی خستە ڕوو.
ئێمە وەك بەڕێوەبەرایەتیی ژینگە لایەنێكی جێبەجێكارین بۆ جێبەجێكردنی ئەو ڕێنمایی و ڕاسپاردانەی بۆ پاراستنی ژینگە و ڕێگرتن لە بڕینەوەی دار و پاراستنی دارستانەكان و ڕێگرتن لە ڕاوی نایاسایی كار دەكەین، ئەو بەشەی لایەنی جێبەجێكارین كە ڕێگە نادەین خەڵك سەرپێچیی ژینگەیی بكات، یان ناهاوسەنگی لە سرووشتی كوردستاندا دروست بكات.
یەكێك لە گرفتەكانی ئێمە ئەوەیە كە سەر بە وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستانین و ئەو ڕێنمایی و فەرمانانە جێبەجێ دەكەین كە لە سەرووی خۆمان لە وەزارەتەوە بۆمان دەنێرن، كە دەبوو ئەم بەڕێوەبەرایەتییە سەر بە دەستەی پاراستن و چاككردنی ژینگەی حكومەتی هەرێمی كوردستان بووینانە، ئەوان ڕێنمایی و ڕاسپاردەیان بە ئێمە بدایە و سەرپێچییە ژینگەییەكانیان بۆمان دەستنیشان بكردایە.
پاراستنی ژینگە و جێبەجێكردنی ڕێنمایی و یاسا ژینگەییەكان پێویستی بە پاڵپشتی و پشتگیریی لایەنێكی جێبەجێكاری هێزی پۆلیس هەیە، لەمەشدا زیاتر وەك بەڕێزان لەم گفتوگۆیە ئاماژەیان پێ كرد، پێویستە دادگایەكی سەربەخۆی ژینگەییش هەبێت، بۆیە ئەو لایەنانەی وەك پاڵپشتیكەر بۆ شكۆی ژینگە لە كوردستان دیاری دەكرێن، وەك لایەنی جێبەجێكار هێزی پۆلیس و لایەنی یاسایی وەك دادگای ژینگەیی، دەبێت پەیوەندییەكی زۆر نزیك و ڕاستەوخۆیان لەگەڵ دەستەی پاراستن و چاككردنی ژینگەی كوردستاندا هەبێت و ئەوان هاریكار و هەماهەنگ بن، بۆ ئەوەی فەرمانەكان بەو جۆرە جێبەجێ بكرێن، كە خزمەتی پاراستنی ژینگەی كوردستان بكات.
لایەنێكی دیكە كە دەخوازم بۆ هەموو لایەك ئاشكرا بێت، ئێمە وەك بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی دارستان و ژینگە، توێژینەوە لەسەر ژینگە ناكەین، تا بزانین كامە سەرپێچی ژینگەییە و پێویستە ڕێگری لێ بكەین، یان هەڵسین بە كۆكردنەوەی داتا و زانیاری و بزانین كێ سەرپێچی دەكات، یان پابەند نابێت بە ڕێنمایی و یاسا ژینگەییەكان، بەپێچەوانەوە ئێمە لەبەر ڕۆشنایی ئەو ڕێنماییانەی لە وەزارەتی ناوخۆ دەگاتە دەستمان فەرمانەكان جێبەجێ دەكەین.
كوردستان سرووشتێكی زۆر جوانی هەیە، توخمەكانی ناو ئەم سرووشتە بە دارستان و ئاژەڵی كێوی و سەرچاوەكانی ئاو و دەشتە بەپیت و بەرەكەتەكەی، هەر یەكەیان لەگەڵ ئەوی دیكە جوانیی سرووشتی كوردستان تەواو دەكەن و ژینگەیەكی پاكیان دروست كردووە، ئەوجا بۆ ئەوەی ئەو ژینگەیە هەر بە پاكی بمێنێتەوە و پارێزراو بێت، ئەوا دەبێت هەموو ئەو لایەنانەی پەیوەندیدارن بە ژینگەوە، هەر لایەك ئەوی دیكە تەواو بكات و پێكەوە هێزێك دروست بكەین بۆ ئەوەی بتوانین ڕێگە لە سەرپێچیكارانی ژینگە بگرین و بە ڕێگەی یاسا مامەڵەیان لەگەڵدا بكەین.
لەم چوار چێوەیەدا من بە گرنگی دەزانم ئەو پێشنیارە بكەم كە گرنگە بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی دارستان و ژینگە لە ڕووی تەكنیكییەوە بەشێك بێت لە دەستەی پاراستن و چاككردنی ژینگەی حكومەتی هەرێمی كوردستان و ڕێنمایی لەم دەستەیە وەربگرێت و فەرمانەكانی ئەم دەستەیە جێبەجێ بكات.
