دیپلۆماتکارێكی ئیسرائیلی پاپا بە 'دژە جوولەکە' تۆمەتبار دەکات

دیپلۆماتکارێكی ئیسرائیلی پاپا بە 'دژە جوولەکە' تۆمەتبار دەکات

 

 

 

لە نێو کاردانەوەیەکی بەربڵاو بەرامبەر بە مردنی پاپا فرانسیس؛ سەرۆکی کاسۆلیکەکانی جیهان، دیپلۆماتکارێکی ئیسرائیلی ئەوی بە " دژە جوولەکەگەرایی " تۆمەتبار کرد.

درۆر ئیدار، باڵیۆزی پێشووی ئیسرائیل لە ئیتاڵیا، پاپا فرانسیس سەرۆکی کاسۆلیکەکانی جیهان بە "دژە جوولەکەگەرایی " تۆمەتبار کرد. داوای لە ئیسرائیل کرد کە بەشداری لە پرسەی پاپا فرانسیس نەکات.

ئیدار لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ دەزگای ڕاگەیاندنی ئیسرائیل "معاریو" گوتی: پاپا فرانسیس تەنها لە ڕووی ئاستی دژە جوولەکەگەراییەوە بەراورد دەکرێت بە پیۆسی دوازدەهەم.

ئەو ئاماژەی بە پاپا کرد، کە لە ساڵی 1939 تا 1958 سەرۆکی کڵێسای کاسۆلیکی بوو و بە گوتەی ئیدار "لە بەرامبەر هۆلۆکۆستدا بێدەنگ بووە."

ئەم دیپلۆماتکارە ئیسرائیلییە گوتیشی، پاپا فرانسیس "ئێمەی بە جینۆساید تۆمەتبار کردووە" و تەنیا باسی "منداڵانی غەززەی کردووە نەک منداڵەکانمان".

ئاماژەی بەوەشکردووە، پاپا فرانسیس "بە شێوەیەکی بەرچاو بەرپرسیارە لە بەرزبوونەوەی زەریای دژە جوولەکەبوون لە جیهاندا".

پاپا فرانسیس لە مانگی دووەمی ساڵی ڕابردوودا داوای لێکۆڵینەوەی لە ئەگەری ئەنجامدانی تاوانەكانی جەنگی لە غەززە کرد بوو.

پاپا ئاماژەی بەوەشکردبوو، كە هەندێک لە شارەزایانی نێودەوڵەتی دەڵێن، ئەوەی لە غەززە دەگوزەرێت، تایبەتمەندی جینۆسایدی هەیە.

هەروەها ڕەخنەی لە کوشتنی منداڵانی فەلەستینی لە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە گرت.

 

 

 

گوڵان: سەردار خەلیل

 

Top