هێزی پۆپۆلیست و سیاسی ئانارشیزم
هەبوونی ڕکابەر و ئۆپۆزسیۆن هۆکارن بۆ بەرەوپێشچوونی وڵات و ڕاستکردنەوەی هەڵەی حکومەڕانی، بەڵام بە مەرجێک ئەو هێزانەی دەبن بە ئۆپزسیۆن بە نەفەسی نیشتمانی و دوور لە ئەجێندای دەرەکی ڕەخنە لە هەڵەکان بگرن و پێشنیاری دروست بخەنەڕوو بۆ ڕاستکردنەوەی هەڵەکان، نەک ڕەتکردنەوەی باش و خراپ، ئەگەر ئۆپۆزسیۆن ئاوانەبێت لەچوارچێوەی ئۆپزسیۆن دەردەچێت دەبێت بە هێزێکی پۆپۆلیستی پڕ زیان و دژە نیشتمان.
لە کوردستان دەتوانین بڵێین گۆڕان ئەو هێزەبوو کە هزری پۆپۆلیستی هێنایە کایەی سیاسی کوردی و دوای ساڵی ٢٠٠٩ پاش دروستبوونی گۆڕان وەکو هێزێکی نوێی سیاسی تا ئەمڕو ئیتر ساحەی سیاسی کوردی پڕبووە لە هێزی پۆپۆلیست و کەسی ئانارشیزم، گۆڕان هێزێکی نوێ بوو بەڵام ئەو نوێگەرییە پڕبوو لە زیان بۆ گەلی کورد و هەرێمی کوردستان و ئاساوارێکی ناشرینی بەدوای خۆیدا جێهێشت، کە نەوەی نوێ و هەڵوێست بەرهەمی ئەو گوڕانە و شاسوار عبدولواحید و عەلی حەمەسالحیش قوتابی نەوشێروانن.
ئەو سیاسەتەی کە نەوشێروان دایهێنا شاسوار عبدولواحید و عەلی حەمەسالح لەسەری دەڕوون بریتییە لە دژایەتی کردنی دەسهەڵات و حکومەتی کوردی بە هەموو شێوەیەک، ڕەتکردنەوەی هەموو شتێک و پیشاندانی هەموو شتێک بە ناشرینی، لەهەموو خراپتر لایەنگرانیان هاندەدەن بۆ بەکارهێنانی زمانی زبر و بێڕێزیکردن بە هەموو پیرۆزییەکان.
پۆپۆلیست بەو هێز و لایەنانە دەگوترێت کە بە زمانی نوخبەی نەخوێندەوار قسە دەکەن و عەوام فریودەرن، عاتیفەی خەڵک بەکار دەهێنن بۆ بەرژەوەندییە تەسکەکانی خۆیان بەزمانێکی سادەتر بەردەوام خەریکی خۆنمایش کردنن لە جیاتی خزمەتکردن.
ئانارشیزمیش بەو کەسانە دەگوترێت کە ئاژاوەچین و هەمیشە هەوڵ بۆ تێکدانی ئاسایشی کۆمەڵایەتی دەدەن.
بەداخەوە ئێستا ساحەی سیاسی کوردستان پڕبووە لەو جورە کەسانە، ئەو هێز و کەسانە زیانی زۆڕ گەورە بە یەکڕیزی گەل و بەرژەوەندی نەتەوەیی دەگەیێنن، لە ڕێگای ئەو کەس و لایەنانە بەردەوام بەرژەوەندی لایەنە دەرەکییەکان زاڵ دەبێت بەسەر بەرژەوەندییەکانی ئێمە و لە ڕێگەی ئەوانەوە زیان بە دەستکەوتە کون و نوێیەکانمان دەگەیەنن.

زانا عبدالباقی ستونی