پەیام دارا: لەگەڵ كارەكەم ئاسوودەم، چونكە دڵنیام لەوەی هیچ هەڵەیەكی تێدا نییە

پەیام دارا:  لەگەڵ كارەكەم ئاسوودەم، چونكە دڵنیام لەوەی هیچ هەڵەیەكی تێدا نییە

 

 

پەیام دارا خانمە گەنجێكی لێهاتوو و بە سەلیقەی شاری سلێمانییە و وەكو سەدان خاوەنكاری دیكە توانیویەتی لە ڕێگەی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە بەهرە و تواناكانی یەكبخات و ببێتە خاوەنكار و داهاتی خۆی.

پەیام دارا ئامادەیی بازرگانی سلێمانی تەواو كردووە و خێزاندارە دایكی كوڕێكی جوانە، لەم هەڤپەیڤینەدا ئەزموونی كارەكەی بۆ خوێنەرانی گۆڤاری گوڵان باس دەكات.

 

گوڵان: كۆمەڵایەتی

 

«كاتێك دەستم بە كاركردن كرد ڕووبەڕووی ڕەخنەی زۆر بوومەوە، بەوەش زۆر ماندوو دەبووم و ئەو قسەو ڕەخنانەی بەرانبەرم دەكران زۆر بێزاریان دەكردم، بەڵام ئەو ناخۆشییانەم تێپەڕاند و لە ئێستادا لەگەڵ كارەكەم زۆر ئاسوودەم، چونكە دڵنیام لەوەی ئەو كارەی كە دەیكەم هیچ هەڵەیەكی تێدا نییە، سەرەتا بە كاری دەستی هاتمە ناو دونیای كاركردن، كاتێكیش بڕیاری ئەوەم دا پەیجێك بۆ نیشاندانی كارە دەستییەكانم دابنێم، بیرم لەوە كردەوە كە ئەو خواردنانەی دروستیان دەكەم و ئەو كارانەی ڕۆژانە ئەنجامیان دەدەم، لە پەیجەكەم دایانبنێم هەم بینەرەكانم سوود لە ئەزموونی من ببینن و هەم منیش سوود لە بینەرەكانم ببینم، بەڵام بەهۆی لە دایكبوونی كوڕەكەم و كەمی كات ماوەیەك لە كارەكەم دابڕام و دواتر بەردەوام بووم، هەرچەندە ماوەی چەند مانگێكی كەمە خۆم دەردەكەوم، پێشتر دەرنەدەكەوتم تەنیا فێركارییەكانم بڵاو دەكردەوە».

پەیام دارا بەمجۆرە باس لە ئامانجی لە كاركردن و دەركەوتنی دەكات و دەڵێت: «ئامانجم ئەوەیە بە هەموو خانمان بڵێم كاتێك تۆی خانم بەهرە و لێهاتووییت هەیە، دەتوانیت لە ماڵەكەی خۆت و لە ڕێگەی مۆبایلەكەی دەستت ئیش لەسەر توانا و بەهرەكانت بكەیت و ببیتە خاوەن داهات و ئابووری خۆت، خوای گەورە هێزی لە ڕادەبەدەری بە ئافرەت بەخشیوە، لەبەر ئەوە ئافرەت لە یەك كاتدا دەتوانێت هاوسەرێكی سەركەوتوو و دایكێكی پڕ ئەزموون و كاراكتەرێكی بەسوود بێت بۆ خۆی و بۆ دەوروبەری، لەبەر ئەوە پێویستە چێژ لە ژنبوونی خۆمان ببینین، هەرچەندە بۆ دایكێك كە دەیەوێت دەربكەوێت كارێكی زۆر قورسترە بەراورد بە كەسێكی دیكە، چونكە ئەركی دایكایەتی و ماڵ بەڕێوەبردن لە ئەستۆی خودی ئافرەتدایە، سوپاس بۆ خوا خێزانەكەم بە هەموو شێوەیەك هاوكاریم دەكەن و هیچ ڕێگرییەكیان بۆ دروست نەكردووم، بەڵكو بوونەتە هۆكاری سەركەوتنەكانم، لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا ئامانجم لە دەركەوتنم ئەوەیە بە گەنجان و نەوجەوانان بڵێم دەتوانن تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بكەن بە سەرچاوەی زانیاری بۆ كارەكانی ڕۆژانەیان و وەكو كارئاسانییەك بەكاربهێنن و سوودی لێ ببینن».

ئەو خانمە دەستڕەنگینە لە وەڵامی ئەو پرسیارەی كە ئایا تاچەند گرنگ و پێویستە كچان و ئافرەتان ئیش بكەن و خاوەنكار و داهاتی خۆیان بن؟ ئەو گوتی: «زۆر پێویستە خانمان خاوەنكاری خۆیان بن و لەسەر پێیەكانی خۆیان بوەستن و چاوەڕێی دەستی كەس نەكەن، زۆر ئارەزووی ئەوە دەكەم لە داهاتوودا كارێكی تایبەت و شوێنێكی تایبەتم هەبێت، تاوەكو بتوانم دەستی چەند خانمێكی دیكە بگرم و بیانهێنمە ناو بازنەی كار و بژێوی پەیدا كردن، وەكو ئافرەتێك زۆر بە كارەكەم دڵخۆشم و شانازی بە تواناكانم دەكەم، چونكە كارەكەم هەڵبژاردەی خۆمە، بە بۆچوونی لە ئێستادا بلۆگەری  ڕۆڵێكی زۆر باشی هەیە و هەمان كاری كەناڵەكانی ڕاگەیاندن دەكات، لە هەمان كاتیشدا كار ئاسانی بۆ ناساندن و ناسینی بەرهەمەكان و فێربوونی ئەو كارانەی كە تاكەكان ئارەزووی فێربوونی دەكەن».

پەیام دارا لە كۆتایی قسەكانیدا گوتی: «زۆر سوپاسی تەواوی ئەو كەسانە دەكەم كە ئەگەر بە وشەیەكیش بێت پشتگیری منیان كردووە و بۆ بەردەوامبوونم هانیان داوم، داواكارم ئەگەر هەر هەڵە و كەموكوڕییەكیش لە هەر بابەتێك یان شتێك هەبووبێت بمبوورن، دواجار ئێمە مرۆڤین و ئەگەری هەڵە و كەموكوڕیمان هەیە».

 

پەیام دارا:  لەگەڵ كارەكەم ئاسوودەم، چونكە دڵنیام لەوەی هیچ هەڵەیەكی تێدا نییە
Top