ئاداب و سونەتی جەژن لە ئایینی پیرۆزی ئیسلام

ئاداب و سونەتی جەژن لە ئایینی پیرۆزی ئیسلام

1/ جەژن

2/ هۆکاری ناونانی جەژنی قوربان و ڕۆژەکانی

3/ مەبەست و حیکمەتەکانی جەژن لە ئیسلامدا

4/ نوێژی جەژن

5/ ئادابەکان و سونەتەکانی جەژن

ت ::::::::::::::::::::::::::::::::::::::::::::::::::::::::::::::::::

1/ جەژن

خودای گەورە لە قورئانی پیرۆز سەبارەت جەژن دەفەرموێت {وَلِتُكْمِلُواْ الْعِدَّةَ وَلِتُكَبِّرُوا اللهَ عَلَى مَا هَدَاكُمْ وَلَعَلَّكُمْ تَشْكُرُونَ} [البقرة من الآية:185].
واتە : کاتێک رۆژەکانی ( رەمەزان )تان تەواو کرد ، تەکبیرات ( اللە اکبر ) بکەن و لەسەر ئەو دیاریەی پێتان دراوە بۆ ئەوەی شوکرانە بژێربن .


( قدم النبي ـ صلى الله عليه وسلم ـ المدينة ولهم يومان يلعبون فيهما، فقال: قد أبدلكم الله تعالى بهما خيرا منهما: يوم الفطر والأضحى ) رواه أبو داود .
واتە : کاتێک پێغەمبەر ( د.خ) کۆچی کرد بۆ شاری مەدینە ، بینی دوو رۆژیان هەیە بۆ گەمەو گالتە ، پێغەمبەر (د.خ) فەرموی ( خودای گەورە ئەم دوو رۆژەی بۆ گۆڕین بە دوو رۆژی خێرتر ، ئەویش رۆژی الفطر والاضحی ) یەعنی جەژنی رەمەزان و جەژنی قوربان .

وشەی جەژن (عید) لە زمانی عەرەبیدا بەو شتە دەوترێت کە دوبارە دەگەڕێتەوە,

فەرموویەتی: بۆیە بە (عید) ناو دەبرێت چونکە هەموو ساڵێک بە خۆشی دووبارە دەبێتەوە و دەگەڕێتەوە,

هەروەها پێشەوا نەوەوی فەرموویەتی: بۆیە وا ناونراوە چونکە دوبارە دەبێتەوە و دەگەڕێتەوە, وتراویشە لەبەر ئەوەی کە خودای گەورە زۆر چاکە و خێر و نیعمەت بەسەر بەندەکانیدا دەڕژێنێت, واتە خێر و چاکەکانی خودای گەورە بەسەرمانەوە دوبارە دەبێتەوە و دەگەڕێتەوە.

وشەی جەژن (عید) لە بەکارهێناندا بریتییە لە ئەو دڵخۆشی و ئاهەنگ گێڕانەی کە دەکرێت کاتێک کە شتێکی خۆش و دڵخۆشکەر ڕوودەدات,
هەر بەو شێوەش بە جەژنی ڕەمەزان و قوربان دەوترێت, کە لە ئاینی پیرۆزی ئیسلامدا ئەو دوو جەژنە بوونی هەیە بە تەنیا, دڵخۆشی و خۆشی دەربڕینیش تێیدا دروستە وەک سوپاس کردنێکی خودای گەورە لەسەر نیعمەتی ڕۆژوو لە ڕەمەزان, نیعمەتی فەریزەی حەج لە مانگی زیلحیجە, کەواتە جەژنی ڕەمەزان و جەژنی قوربان ئەو دوو جەژنەن کە لە ئاینی پیرۆزی ئیسلامدا بوونیان هەیە.
هەروەها بە عیبادەت بۆ موسلمانان هەژماردەکرێت .

2/ هۆکاری ناونانی جەژنی قوربان و ڕۆژەکانی

لە بەشی پێشووتردا وشەی جەژنمان باس کرد لەبەرچی بە جەژن "عید" ناودەبرێت, هۆکاری پێوتنی وشەی "قوربان" دەگەڕێتەوە بۆ قوربانی, خەڵکی لەم ڕۆژانەدا قوربانی سەردەبڕن لە پێناو خودای گەورە.

جەژنی ڕەمەزان یەک ڕۆژە و جەژنی قوربان چوار ڕۆژە, ڕۆژی یەکەمی جەژنی قوربان پێی دەوترێت ڕۆژی "نەحر"، سێ ڕۆژەکەی تر پێی دەوترێت ڕۆژەکانی "تەشریق".

3/ مەبەست و حیکمەتەکانی جەژن لە ئیسلامدا

خودای گەورە لە ئیسلامدا جەژنی داناوە بۆ موسڵمانان, ئەمەش لەبەر حیکمەت و مەبەستانێکی زۆر, لەوانە:-

پتەوکردنی پەیوەندیەکان لە نێو تاکەکانی کۆمەڵگەی ئیسلامی.

گۆڕینی ڕۆتینی ڕۆژانە بۆ تاکی باوەڕدار, کە مرۆڤ هەمیشە حەزی لە گۆڕانکاری و نوێکاری هەیە.

بەسەربردنی کاتێکی خۆش لەگەڵ ئەندامانی خێزان بە تایبەتی و دۆست و خزمان بە گشتی, کە بەهۆی جەنجاڵی ژیانەوە تا ڕادەیەک لە یەکتر بەدوورن.

دەربڕینی خۆشی و شادی لەگەڵ خێزان و هاوڕێ و دۆست و خزمان و لەبەرکردنی جوانترین پۆشاک.

لەبیرنەکردنی هەژاران و مافەکانیان, هەروەها دڵخۆشکردنیان و یارمەتیدانیان.

تایبەت بوونی موسڵمانان بە جەژنی تایبەت بە خۆیان.

جەژنەکان لە ئیسلامدا پەیوەستن بە پەرستشەکانەوە, جەژنی ڕەمەزان دوای تەواوبوونی پەرستشی ڕۆژوی مانگی ڕەمەزانە و جەژنی قوربان پاش تەواوبوونی پەرستشی فەریزەی حەجە.

هەبوونی وتار لە جەژنەکاندا و سونەتی گوێگرتن لێیان, هەروەها پیرۆزبایی کردنی جەژن لە کەسانی تر.

4/ نوێژی جەژن

نوێژی جەژن یەکێکە لە سونەتە موئەکەدەکان لای مالیکیەکان و شافیعیەکان, لەلای حەنەفیەکان بە فەرز دادەنرێت, بە فەرزی کیفایە دادەنرێت لەلای حەنبەلیەکان، کاتی نوێژی جەژن دەست پێدەکات دوای خۆرهەڵاتن و کاتەکەی تەواو دەبێت پێش خۆر ئاوابوون, مەبەست پێی ئەو کاتەیە کە خۆر لە نیوەی ئاسمان لادەدات، سونەت وایە کە نوێژی جەژنی قوربان زوو ئەنجام بدرێت, بۆ ئەوەی کاتێکی فراوان هەبێت بۆ قوربانی کردن و خواردن لێی.

6/ ئادابەکان و سونەتەکانی جەژن

خۆشۆردنی پێش چوون بۆ مزگەوت.

خواردنی شتێک پێش چوون بۆ مزگەوت لە جەژنی ڕەمەزان, دوای مزگەوت لە جەژنی قوربان.

زۆر تەکبیرکردن لە ڕۆژەکانی جەژندا, کە لە یەکەم ڕۆژی زیلحیجەوە دەست پێدەکات بۆ کۆتا ڕۆژەکانی تەشریق کە دەکاتە چوارەم و کۆتا ڕۆژی جەژنی قوربان.

پیرۆزبایی گۆڕینەوە لەگەڵ موسڵمانان بەبۆنەی هاتنی جەژنەوە.

لەبەرکردنی پۆشاکێکی جوان, لەگەڵ پاپەندبوونی ئافرەتان بەوەی کە لە چونە دەرەوەدا خۆیان نەڕازێنەوە, لەبەر ئەوەی نابێت خۆیان بڕازینەوە لەبەردەم پیاوی بێگانەدا.

ڕۆشتن بۆ مزگەوت لە ڕێگەیەکەوە و هاتنەوە بۆ ماڵ لە ڕێگەیەکی ترەوە وەک پێغەمبەر ﷺ ئەنجامی داوە.

بەپێ ڕۆشتن بۆ مزگەوت.

سونەتێکی موستەحەبە کە ئافرەتان و منداڵانیش بچن بۆ نوێژی جەژن.

ئەنجام دانی نوێژی جەژن پێش وتاری مامۆستا.

مەلا ڕەعد نوری ئۆمەربلی
پێش نوێژ و وتار خوێنی شاری هەولێر .

Top