بەم هەنگاوانە جوانیی قژە لوولەكەت بپارێزە
چاودێریكردنی قژ ڕۆڵێكی سەرەكیی دەبینێت لە پاراستنی تەندرووستیی قژ و درەوشاوەییدا، لێرەدا چەند ئامۆژگارییەك دەخەینە ڕوو، بۆ پاراستنی قژ لە تێكچوون، تا گەشاوەتر دەر بكەوێت:
شامپۆی گونجاو هەڵبژێرە: زۆربەی شامپۆكان مادەی كەفكردنیان تێدایە كە پێی دەگوترێت سەلفات، ئەمانە ماددە كیمیاییە توندەكانن، كە بەهۆیانەوە قژ زەیتە سرووشتییەكانی لەدەست دەدات و وشك و مات دەبێت و زیاتر تووشی شیبوونەوە دەبێت، بۆیە ئەو شامپۆیە هەڵبژێرە كە لەگەڵ جۆری قژتدا دەگونجێت، بە مەرجێك بێ سولفات بێت.
شێداركردنی قژ: بۆ ئەوەی قژە لوولەكەت بە شێداری بمێنێتەوە، دوای شۆردنی كۆندیشنەرەكە، كرێم و جێڵی لێ بدە، ئەمەش بە بریقەداری دەیهێڵێتەوە.
ئاوی سارد بەكار بهێنە: شۆردنی قژی لوول بە ئاوی گەرم تاڵە لوولەكان وشك دەكاتەوە، چونكە ئاوی گەرم دەبێتە هۆی هەڵمبوونی شێی قژ، ئاوی سارد (یان شلەتێن) بە پێچەوانەوە كاردەكات، كەكونیلەكانی پێستی سەر دادەخات و یارمەتی قژت دەدات تا شێداری و هێز و بریقەی خۆی بپارێزێت.
ئامادەكردنی: شیلان عەلی
