قژ سپیبوونی پێشوەختە
ئەمە ڕوونە كە قژ لەگەڵ تەمەندا سپی دەبێت، كە بەگشتی لە تەمەنی 30 -40 ساڵیدا دەست پێدەكات، بەڵام چەند هۆكارێك دەبنە ئەگەری سپیبوونی قژ لە تەمەنێكی زووتردا، واتە قژسپیبوونی پێشوەختە كە بریتین لە: هۆكاری جینەكان (بۆماوە) كە لە هەندێك خێزاندا ڕۆڵی هەیە لە سپیبوونی قژ لە تەمەنێكی زوودا، جگەرەكێشان كە هاندەرە بۆ خێراكردنی سپیبوونی قژ، سترێس كە هۆكارە بۆ كەمبوونەوەی ژمارەی خانەكانی دروستكردنی ڕەنگی قژ Melanocytes، دەردە ڕێوی Alopecia areata، بەڵەكی Vitiligo، گرفتەكانی گلاندی دەرەقی جا زیادبوون یان كەمبوونی چالاكیی گلاندی دەرەقی دەبێتە ئەگەری كەمتر بەرهەمهێنانی بۆیەی سرووشتیی قژ، كەمیی ڤیتامینەكان بەتایبەتی ڤیتامین B12 پاشان ڤیتامینەكانی B6،B7، D، E، هەروەها كەمیی كانزای كۆپەر، فشاری ئۆكسان یان زیادبوونی ئاستی كرداری ئۆكسان لە لەشدا كە دەبێتە هۆی دوستبوونی گەردیلە، یان ئەتۆم یان ئایۆنی ناتەواو كە زیانی جیاواز بە تەندروستی دەگەیەنن، هەروەها بەكارهێنانی ئاوێتەی تایبەت بە قژ وەكو بۆیە، شامپۆ، یان ئاوێتەكانی دیكەی ستایلكردنی قژ، كە ماددەی كیمیایی بەهێز لەخۆدەگرن، وەكو پیرۆكسیدی هایدرۆجین كە گاریگەری دەكاتە سەر بۆیەی سرووشتیی قژ، كە بە میلانین ناسراوە.
