كەمی ڤیتامین D هۆكارە بۆ سەرئێشەی درێژخایەن

كەمی ڤیتامین D  هۆكارە بۆ سەرئێشەی درێژخایەن

  لە لێكۆڵینەوەكاندا هاتووە كە كەمیی ڤیتامین D جگە لە چەندین گرفتی تەندروستی، لەوانەیە ببێتە ئەگەری شەقەسەر و جۆری تری سەرئێشە بەتایبەتی لە تەمەنی ناوەڕاست و بەساڵاچوواندا. لە لێكۆڵینەوەكاندا ئاماژە بەمەش كراوە كە كەمیی ڤیتامین D بە چەند میكانیزمێك ئەگەری شەقەسەر و جۆری دیكەی سەرئێشە زیاد دەكات، كە بریتین لە: زیادبوونی ئاستی هەوكردن لە لەشدا، زیاد هەستیاربوونی چەند جۆرێكی دەمارەخانەكان، گۆڕینی هاوسەنگی یان ئاستی ماددە كیمیاییەكانی مێشك، زیادبوونی دروستبوونی ئۆكسیدی نایتریك Nitic oxide كە ڕۆڵی لە گەیاندنی نێوان دەمارەكاندا هەیە، كەمبوونەوەی هەڵمژینی كانزای مەگنسیۆم، هەروەها كەمبوونەوەی میلاتۆنین Melatonin كە بە هۆرمۆنی خەو ناسراوە. نیشانەكانی دیكەی كەمیی ڤیتامین D لە لەشدا: ئازاری ئێسك، ناڕێكبوونی شێوەی ئێسكەكان، تەنكبوون و لاوازبوونی ئێسكەكان و زیادبوونی ئەگەری شكان هەتا بە زەبری سووك، لاوازبوون و ئازاری پەیكەرە ماسوولكەكان. بۆ چارەسەركردنی سەر ئێشە و ڕێگرتن لە كەمیی ڤیتامین D، خۆدانە بەر تیشكی خۆر لەكاتی بەیانی زوو یان ئێواران پێویستە، لەگەڵ هەڵبژاردنی سەرچاوە خۆراكییەكانی ڤیتامین D كە بریتین لە: جگەر، هێلكە، پەنیر، ماسیی چەور وەكو سالمۆن و تونە، لەگەڵ كوارگ، هەروەها بەكارهێنانی ڤیتامین D بە شێوەی كەپسوول لەژێر چاودێریی دكتۆر.

 

Top