پێویستە شەش كاتژمێر پێش نووستن قاوە نەخورێتەوە!
پسپۆڕانی تەندروستی ڕێنمایی دەكەن كە هیچ قاوە یان چای یان جۆرەكانی دیكەی شلەمەنییە كافائینییەكان لانیكەم شەش كاتژمێر پێش كاتی نووستن نەخورێتەوە، چونكە كاریگەریی نەرێنی دەكەنە سەر خێرایی چوونە خەو و كوالێتی خەو، بۆنموونە ئەگەر كاتی نووستنت 11 ی شەو بێت ئەوا پێویستە كە پاش كاتژمێر 5 ی ئێوارە هەرگیز قاوە یان چای نەخۆیتەوە. ئەو شلەمەنییانەی كە كافائین بە ڕێژەی جیاواز لەخۆدەگرن بریتین لە قاوە، چای، كاكاو، خواردنەوە وزەبەخشەكان Energy drinks، هەروەها هەندێك شلەمەنییە كاربۆنكراوەكانی وەكو كۆلا و بیبسی. لێكۆڵینەوەكان جەختیان كردووەتەوە كە ماددەی كافائین Caffeine ڕیتمی كاتژمێری بایۆلۆژیی لەش لە زۆربەی خەڵدا دوا دەخات، ئەمەش لە كۆی ساتەكانی خەو كەم دەكاتەوە. لە لایەكی دی، خواردنەوەی قاوە (كە ڕێژەیەكی بەرزی كافائینی تێدایە) لەكاتی شەودا هاندەرە بۆ پەستی و ناڕەحەتی لە ئەنجامی بەرزبوونەوەی ئاستی هۆرمۆنی كۆرتیزۆڵ، كە بە هۆرمۆنی سترێس ناسراوە.
