چای یان قاوە.. كامیان سوودبەخشترە؟
بۆ گەلێك كەس لە سەرتاسەری جیهاندا خواردنەوەی قاوە یان چای لەگەڵ دەستپێكی ڕۆژدا بووەتە شتێكی پێویست. چای دەوڵەمەندە بە ماددەی دژەئۆكسان كە ئەتۆمە ناتەواوەكان یان كۆلكە سەربەستەكان Free radicals لە لەشدا هاوسەنگ دەكەنەوە، ڕێژەی بەرزی ئەم ئەتۆمە ناتەوانە دەبێتە هۆی فشاری ئۆكسان Oxidative stress كە هاندەرە بۆ تووشبوون بە نەخۆشیی دڵ و شێرپەنجە. چای سەوز و چای ڕەش دەوڵەندن بە ماددە دژەئۆكسانەكانی پۆلیفینۆلەكان Polyphenols. قاوە، وەكو چای دەوڵەمەندە بە ماددە دژەئۆكسانەكان كە ئاستی هەوكردن لە لەشدا كەم دەكەنەوە و كۆئەندامی دەمار دەپارێزن، هاوكات لەگەڵ خۆپاراستن لە ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشیی ئەلزهایمەر. كە باس لە ماددەی كافائین Caffeine دەكرێت، قاوە دێتە هزرمانەوە، چونكە ڕێژەیەكی بەرزی كافائین لەخۆدەگرێت، كە زیاترە لە ڕێژەی كافائین لە چایدا، بۆنموونە كوپێكی 235 میللیلیتری قاوە كە بە دوو كەوچكی گەورە ئامادە كرابێت، نزیكەی 96 ملگم كافائینی تێدایە كە دوو هێندە زیاترە لە ڕێژەی كافائین لە چای ڕەش و چوار هێندەی كافائین لە چای سەوزدا. كافائین جگە لەوەی كە ورووژێنەرە بۆ فرمان و تواناكانی مێشك، سیفەتی دژەئۆكسانیشی هەیە و كاریگەرییەكەی بۆ چەند كاتژمێرێك بەردەوام دەبێت. كەواتە كامیان تەندروستترە، چای یان قاوە؟ لە ڕاستیدا هەردووكیان سوودی تەندروستییان هەیە، ماددەی دژەئۆكسان و كافائین لەخۆدەگرن، بۆیە هەڵبژارنی یەكێكیان زیاتر لەوی تر تەنیا بەندە بە ئارەزووی كەسییەوە.
