هۆكارەكانی بەڵەكیی پێست
بۆیەی میلانین Melanin ڕەنگی پێست و قژ دیاردەكات كە لە خانەی تایبەت لە پێستدا دروست دەكرێت. بەڵەكی Vetiligo بریتییە لە پەیدابوونی پەڵەی سپی لەسەر پێست لە شوێنی جیاوازی لەشدا كە حاڵەتێكی درێژخایەنە و چارەسەری یەكجارەكی بۆ نییە. بەڵەكی لەوكاتەدا ڕوودەدات كە سستمی بەرگریی لەش بەهەڵە پەلاماری خانە بەرهەمهێنەرەكانی بۆیەی میلانین دەدات، پاشان بە تێپەڕبوونی كات ژمارەیەك لەم خانانە لە ئەنجامی هەوكردنی بەردەوام بە یەكجاری لەناودەچن. تا ئێستا هۆكاری ڕاستەقینەی بەڵەكی نەزانراوە، هۆكارە هاندەرەكان ئەمانەن: سستمی هەڵەی بەرگریی لەش Autoimmune كە پەلاماری خانە و شانە دروستەكانی خودی لەش دەدات، بۆماوە(جینەكان)، زەبری فیزیكی بۆ پێست وەكو خۆربردن یان بەركەوتن بە ماددەی كیمیایی پیشەسازی، سترێسی دەروونی بۆنموونە لەدەستدانی كەسێكی نزیك یان گرفتی ماددی، فشاری ئۆكسان Oxidative stress لە ئەنجامی ناهاوسەنگی نێوان كۆلكە ئۆكسجینە ناتەواوەكان (كۆلكە سەربەستەكان) و ماددە دژەئۆكسانەكاندا بۆنموونە فشاری ئۆكسان لە ئەنجامی بەركەوتن بە تیشكی سەرووی وەنەوشەیی یان پیسكارەكانی ژینگە.
