هۆكارەكانی گەڕانەوەی ترشەلۆكی گەدە
گەڕانەوەی ترشەلۆكی گەدە بۆ ناو سوورێنچك Acid reflux حاڵەتێكی باوە، نیشانەكانی بریتین لە: دڵەكزێ و هەستكردن بە ناڕەحەتی لە ناوەڕاستی سینگدا، هەروەها ئازار، یان ناڕەحەتیی و كڕانەوەی قوڕگ، هۆكارەكان:
• هەندێك جۆری خۆراك و شلەمەنیی وەكو: چەوری، شۆكۆلاتە، خۆراكی تیژ، خۆراكی ترش و مزر وەكو پرتەقال و تەماتە، نەعناع، سیر، پیاز، خواردنەوە ئەلكهولییەكان، لەگەڵ شلەمەنییە گازدارەكان (كاربۆنكراوەكان).
• قەڵەوی، چونكە چەوریی زیاد لە ناوچەی سكدا فشار دەخاتە سەر گەدە و هانی گەڕانەوەی ترشەلۆك دەدات بۆ ناو سوورێنچك، هەروەها هاندەرە بۆ زیادبوونی هۆرمۆنی ئیسترۆجین لە لەشدا كە خاوكەرەوەیە بۆ زمانەی سوورێنچك.
• قۆڕیی ناوپەنچك Hiatal hernia كە بەشێكی گەدە دێتە ناو بۆشایی سینگ، ئەمەش وادەكات كە زمانەی خوارەوەی سوورێنچك بە تەواوی دانەخرێت و ترشەڵۆكی گەدە بگەڕێتەوە ناو سوورێنچك، قۆڕیی ناوپەنچك زیاتر لە تەمەنی 50 ساڵی و كەسانی قەڵەودا دەبینرێت، هەندێك جاریش لە ئەنجامی كۆكەی بەهێز یان ڕشانەوی بەهێزدا ڕوو دەدات.
• پاڵكەوتن پاش خواردنی ژەمی گەورە، لێرەدا بە هۆی هێزی كێشكردنی زەوی ترشەڵۆكی گەدە دەگەڕێتەوە ناو سوورێنچك.
• جگەرەكێشان كە زیان بە زۆربەی بەشەكانی كۆئەندامی هەرس دەگەیەنێت و هاندەرە بۆ خاوكردنەوەی زمانەی نێوان سوورێنچك و گەدە، هەروەها كۆكە كە فشار دەخاتە سەر سك و گەدە.
• دووگیانی: پاش 27 هەفتە بە هۆی كاریگەریی هۆرمۆنەكان كە خاوكەرەوەن بۆ زمانەی سوورێنچك.
• زیانی لابەلای هەندێك دەرمان وەكو: بروفین، ئەسپرین، درەمانە هێوركەرەوەكان، دەرمانەكانی ڕەبوو، دەرمانە دژەخەمۆكییەكان، تێتراسایكلین، دەنكی ئاسن، دەنكی پۆتاسیۆم.
