خۆراكی شیرین نیشانەكانی گرژبوونی كۆڵۆن زیاد دەكەن
لە توێژینەوەیەكی نوێی زانكۆی پیتسبێرگ لە وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا هاتووە كە شەكر و خۆراكی شیرین نیشانەكانی نەخۆشیی هەوكردنی كۆڵۆن و گرژبوونی كۆلۆن IBS زیاتر و سەختتر دەكەن. ئەمە ڕوونە كە خۆراك ڕۆڵی بەرچاوی هەیە لە ئەگەری تووشبوون و كۆنترۆڵكردن یان زیادبوونی نیشانەكانی نەخۆشیی هەوكردن و گرژبوونی كۆڵۆن، بۆ نموونە ئەو خۆراكانەی كە نیشانەكان زیاتر و سەختتر دەكەن بریتین لە: ژەمی گەورە، بڕی زیادی شەكر و شیرینی، ژەمی زۆر چەور، قاوە، كافائین، ئەلكهول، شیر، هەروەها خۆراكی تیژ و پاقلەمەنییەكان. ئەمەش سەلمێندراوە كە شەكر و خۆراكی شیرین ئاستی هەوكردن لە هەموو بەشەكانی لەش و كۆڵۆندا زیاد دەكەن و پەیوەندییان هەیە بە ئەگەری: زیادبوونی كێشی لەش و قەڵەوی، بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن، نەخۆشییەكانی كۆئەندامی دڵ وسووڕان، نەخۆشیی شەكرەی جۆری دووەم، گرفتەكانی ددان، بەرزبوونەوەی ئاستی چەورییەكان خوێن، هەروەها نەخۆشیی درێژخایەنی گورچیلە. گرژبوونی كۆڵۆن كۆمەڵێك نیشانە بەیەكەوە پەیدا دەكات بەتایبەتی ئازار و گۆڕان لە جووڵەی كۆڵۆندا بە شێوەی سكچوون، قەبزی یان هەردووكیان هاوكات لەگەڵ كۆبوونەوەی گاز.
