هەوكردنی پەردەكانی مێشك
هەوكردنی پەردەكانی مێشك Meningitis واتە هەوكردنی ئەو پەردانەی كە دەوری مێشك و پەتكەدەماریان داوە. هەوكردن بە ڤایرۆس باوترین جۆری هەوكردنی پەردەكانی مێسشكە بەراورد بە هەوكردن بە بەكتریا، كەڕوو یان مشەخۆر. هەوكردنی ڤایرۆسی پەردەكانی مێشك حاڵەتێكی سووكە و لەخۆیەوە لە ماوەی دوو هەفتەدا چاك دەبێتەوە، بەڵام هەوكردنی بەكتریایی پەردەكانی مێشك مەترسی هەیە، چونكە لەوانەیە كە لە ماوەی چەند ڕۆژێكدا ببێتە ئەگەری گرفتی هەمیشەیی مێشك، یان ئەگەری مردن ئەگەر زوو چارەسەر نەكرێت. لە تووشبووانی تەمەن دوو ساڵی و بەسەرەوەدا، نیشانە سەرەتاییەكانی هەوكردنی پەردەكانی مێشك وەكو نیشانەكانی هەڵامەت دەردەكەون، ئینجا نیشانەی دیكە سەرهەڵدەدەن، كە بریتین لە: بەرزبوونەوەی كتوپڕی پلەی گەرمیی لەش، ڕەقبوونی مل، سەرئێشەی توند، هێڵنج و ڕشانەوە، شێوان و تێكچوونی تەركیز، گەشكە، خەوتنی قورس و گرفت لە لەخەوهەڵساندا، هەستییاربوون بە ڕووناكی، كەمبوونەوەی ئارەزووی خواردن و هەستی تینووبوون، لە هەندێك حاڵەتیشدا دەركەوتنی پەڵەی سوور لەسەر پێست Skin rash.
