ڕۆژانە خواردنی زیاتر لە شەش كەوچكی شەكر زیانبەخشە!
كە باسی شەكرەكان دەكرێت، واتە شەكرە سرووشتییەكانی ناو خۆراكی سرووشتی لەگەڵ شەكرە زیادەكان Added sugars واتە ئەو شەكرانەی كە لە پیشەسازیی خۆراكدا دەخرێنە ناو خۆراك، یان بۆ شیرینكردنی خۆراك و شلەمەنییەكان بەكار دێن، وەك: شەكری سپی بۆ چای، قاوە، كاكاو، شەربەت، كاستەر، كێك، حەلوا، ئایس كرێم...تاد. خواردنی بڕی زیادی شەكر سرووشتی بێت یان شەكری زیاد ئاكامی خراپی تەندروستیی لێ دەكەوێتەوە، ئەمە سەلمێنراوە كە زیاد خواردنی شەكر پەیوەندی هەیە بە زیادبوونی كێشی لەشەوە، نەخۆشیی شەكرەی جۆری دوو، نەخۆشیی كۆئەندامی دڵ و سووڕان وەكو بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن و نەخۆشیی خوێنبەرەكانی دڵ، لەگەڵ هەندێك جۆری شێرپەنجە، بەتایبەتی شێرپەنجەی پرۆستات، پەنكریاس، لەگەڵ شێرپەنجەی مەمك. لە لێكۆڵینەوەیەكی نوێدا هاتووە كە خواردنی زیاتر لە شەش كەوچكی مشتی شەكری سپی (25) ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشیی ڕەبو، خەمۆكی، لەگەڵ جەڵتەی مێشك زیاد دەكات. هەر كەوچكێكی مشتی شەكر دەكاتە 4.2 گرام، كەچی كەوچكێكی پڕ دەكاتە 7.5 گرام، واتە خواردنی زیاتر لە سێ كەوچك و نیوی پڕ دەبێتە گرفت بۆ تەندروستی.
