ئایا ڕۆژووگرتن هاندەرە بۆ دابەزاندنی پەستانی بەرزی خوێن؟
بە ڕای پسپۆڕانی تەندروستی، ڕۆژووگرتن هاندەرە بۆ دابەزاندنی پەستانی بەرزی خوێن، هاوكات لەگەڵ دابەزاندنی ئاستی شەكری خوێن و كۆلیستیرۆڵی خوێن. هەروەها پێویستە لەسەر تووشبووانی پەستانی خوێن كە لە مانگی ڕەمەزاندا پەیڕەوی چەند ڕێنماییەكی تایبەت بكەن بە مەبەستی كۆنترۆڵكردنی پەستانی خوێن، بۆنموونە: پابەندبوون بە پارێزی خۆراكی تایبەتی بە پەستانی خوێن، وەكو كەمكردنەوەی خوێ و چەوری، بەتایبەتی چەورە تێرەكان، خواردنەوەی هەشت پەرداخ ئاو بەلای كەم لە ماوەی نێوان فتار(بەربانگ) و ژەمی پارشێودا، زیاد خواردنی سەوز ە میوەی جۆراوجۆر لە هەردوو ژەمەكەدا، بەتایبەتی ئەو جۆرانەی كە ڕێژەی بەرزی ڕیشاڵ لەخۆدەگرن، كەمكردنەوەی خواردنەوەی شلەمەنییە كافائینییەكانی وەكو قاوە و چای لەگەڵ شلەمەنییە گازدارەكان، دووركەوتنەوە لە خواردنی مایۆنێز، ترشیات، خۆراكی قوتووبەند، كاتچەپ، هەروەها وەرگرتنی دەرمان لەكاتی خۆیدا بەو خشتەیەی كە دكتۆری نەخۆش بۆ مانگی ڕەمەزان دیاری دەكات، واتە پێویستە لەسەر تووشبووانی پەستانی بەرزی خوێن كە سەردانی دكتۆری تایبەتی خۆیان بكەن بۆ وەرگرتنی ڕێنماییەكان، هەروەها لەكاتی سەرهەڵدانی هەر نیشانەیەك پێویستە بە بێ دواكەوتن سەردانی دكتۆر بكرێت.
