ددانی تەندروست واتە دڵێكی تەندروست!
لە چەند لێكۆڵینەوەیەكدا هاتووە كە تەندروستیی ناودەم پەیوەندی بە نەخۆشیی دڵەوە هەیە. بەبێ پاككردنەوەی دروستی ددانەكان بە فڵچەی گونجاو و بەكارهێنانی داو بۆ پاككردنەوەی كەلێنی ددانەكان، چینێكی نەرمی بەكتریا Plaque بە توندی لەسەر ددانەكان دەنیشێت، بەتایبەتی لە ژێرەوەی هێڵی پوكدا، پاشان ترشێتی ئەم چینە مینای ددانەكان تێك دەدات، ئینجا پوك تووشی سووتانەوە دەبێت و لەوانەیە كە خوێنی بەربێت، هەروەها بۆنی دەم یان هەناسە ناخۆش دەبێت و پاش ماوەیەك ئەم چینە نیشتووە ڕەق دەبێت بە شێوەی قەتماخی زەرد یان قاوەیی Tartar كە هاندەرە بۆ نیشتنی چینی نوێی بەكتریا و هەوكردنی پوك و كلۆربوونی ددانەكان. لە لێكۆڵینەوەكاندا ئاماژە بەمە كراوە كە بەكارهێنانی داوی ددان Dental floss ڕۆژانە یەك جار ڕاستەوخۆ پێش بەكارهێنانی فڵچە بۆ پاككردنەوەی ددان، ڕۆڵی هەیە بۆ خۆپاراستن لە نەخۆشیی ڕەقبوونی خوێنبەرەكان، نەخۆشیی دڵ، هەروەها نەخۆشیی شەكرە و ئاڵۆزییەكان، بەتایبەتی تووشبوون بە نەخۆشیی دڵ و بۆڕییەكانی خوێن.
