هەموو شتێك سەبارت بە هۆرمۆنی خەو

هەموو شتێك سەبارت بە هۆرمۆنی خەو

میلاتۆنین Melatonin كە بە هۆرمۆنی خەو یان هۆرمۆنی تاریكی یان بە هۆرمۆنی دراكیولا ناسراوە، لە شانەكانی مێشكدا بەرهەم دەهێنرێت، بە كاردانەوە بەرانبەر بە تاریكی واتە لەكاتی شەودا. میلاتۆنین ڕێكخەرە بۆ ڕیتمی كاتژمێری بایۆلۆژیی لەش Circadian rhythm لە هەر 24 كاتژمێرێكدا. ملیۆنان كەس لە سەرتاسەری جیهاندا میلاتۆنین بە شێوەی دەنك بۆ هاندانی خەو یان چارەسەركردنی خەوزڕان بەكاردەهێنن. پسپۆران جەخت دەكەنەوە كە بەكارهێنانی میلاتۆنین بۆ هاندانی خەو تەنیا بۆ خەوزڕانی سووك یان كورتخایەن سوودبەخش و بێ زیانە، بەڵام بەكارهێنانی میلاتۆنین بۆ چارەسەركردنی خەوزڕانی درێژخایەن لەوانەیە كە هێندە كاریگەر نەبێت. جگە لە خەوزڕان، دەنكی میلاتۆنین سوودبەخشە بۆ چەند حاڵەتێكی تایبەتی دیكە وەكو: ناڕەحەتی لە كاتی سەفەری دوور بە فڕۆكە Jet lag بە شێوەی تێكچوونی خەو و هەستكردن بە ماندووبوون لە كاتی ڕۆژدا، دواكەوتنی قۆناغی نووستن، بیداربوونەوە Sleep-wake up، چەند گرفتێكی تایبەتی خەو لە منداڵاندا، هەروەها پەستیی پێش و پاش ئەنجامدانی نەشتەرگەری، كە تووشی نزیكەی 80%ی نەخۆشان دەبێت و كاریگەریی نەرێنی دەكاتە سەر كوالێتی خەو.

 

Top