لەش چیی بەسەردا دێت ئەگەر واز لە خواردنی گۆشت بێنیت؟
ئەمە روونە كە كەمخواردنی گۆشت سوودی تەندروستیی هەیە، بەڵام چی لە لەشدا روودەدات ئەگەر بە یەكجاری واز لە خواردنی گۆشت بهێنیت؟ ئەمە سەلمێنراوە كە ئەوانەی پەیڕەوی خۆراكی رووەكی دەكەن، ئەگەری تووشبوونیان بە گەلێك نەخۆشی زۆر كەم دبێتەوە وەكو نەخۆشیی دڵ، نەخۆشیی شەكرە، بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن، قەڵەوی، هەروەها هەندێك جۆری شێرپەنجە، بەتایبەتی شێرپەنجەی پرۆستات لە پیاو و شێرپەنجەی مەمك لە ئافرەتدا. ئەو گۆڕانانەی كە بەسەر لەشدا دێن، پاش وازهێنان لە خواردنی گۆشت بریتین لە: هەستكردن بە برسیبوون لە 1-2 هەفتەی سەرەتای وازهێنان لە خواردنی گۆشت، كە بنەمایەكی دەروونیی هەیە، كەمبوونەوە یان گۆڕان لە هەستی چێژدا لەبەر كەمبوونەوەی كانزای زینك لە خۆراكدا لەوكاتەی كە گۆشت دەوڵەمەندە بەم كانزایە، كە رۆڵی هەیە لە باشتركردنی سیستمی بەرگریی لەش و هەستی چێژدا، بۆیە پێویستە كە كانزای زینك بە شێوەی دەنك بە رێنمایی دكتۆر وەربگیرێت، پاش وازهێنان لە خواردنی گۆشت، هاندانی گەشەی بەكتریای سوودبەخش لە ریخۆڵەدا هاوكات لەگەڵ باشتركردنی تەندروستیی كۆئەندامی هەرس و رێكخستنی جووڵەی ریخۆڵە، كەمبوونەوەی ئەگەری تووشبوون بە رەقبوونی خوێنبەرەكان و نەخۆشیی دڵ، كەمبوونەوەی ئەگەری قەڵەوی و تووشبوون بە هەندێك جۆری شێرپەنجە، هەروەها هاندانی دابەزینی كێشی لەش.
