ئەو خۆراكانەی زیاتر برسیت دەكەن!

ئەو خۆراكانەی زیاتر برسیت دەكەن!

هەندێك جۆری خۆراك، بەتایبەتی كاربۆهیدراتی سافكراو وەكو بسكویت لە راستیدا هۆكارن بۆ بەرزبوونەوەی كتوپڕی ئاستی شەكری خوێن، واتە دەردانی رێژەیەكی زۆری هۆرمۆنی ئینسولین كە دەبێتە هۆی دابەزینی ئاستی شەكری خوێن، ئەمەش هەستی برسیبوون پەیدا دەكات. كاربۆهیدراتە سادەكان Simple carbs وەكو كێك و بسكویت، قەنادی، شیرە دەستكردەكانی میوە و شلەمەنییە شیرینكراوەكان، كە زیاتر شەكرەكانی فركتۆز و گلوكۆز لەخۆدەگرن، نابنە هۆی هەستكردن بە تێربوون بۆ ماوەیەكی زۆر، بەڵكو هانی گلاندی پەنكریاس دەدەن بۆ زیاتر دەردانی هۆرمۆنی ئینسولین، كە ئاستی شەكری خوێن دادەبەزێنێت و هەستی برسیبوون پاش ماوەیەكی كورت دووبارە سەرهەڵدەداتەوە. شیرە دەستكردە شیرینكراوەكانی میوە و سۆدا خراپترینی ئەم خۆراكانەن، پاشان شیرەی گەنمەشامی Corn syrup، ماستی چێژكراو Flavored yogurt كە رێژەیەكی بەرزی شەكر لەخۆدەگرێت، خواردنەوە ئەلكهولییەكان، هەویركاری و ماكەرۆنی بە ئاردی سپی White pasta، چیپس كە خوێی زیاد لەخۆدەگرێت و هاندەرە بۆ كەمبوونەوەی شلەی لەش، كە دەبێتە ئەگەری تێكەڵبوونی هەستی تێنووبوون و هەستی برسیبوون. ئەو خۆراكانەی كە رێژەی بەرزی شەكر لەخۆدەگرن وەكو دۆنەت (كەعك) و شیرینی، هەروەها سۆدیۆم گلوتامەیت MSG كە وەكو خۆشكردنی چێژ و هاندەری ئارەزووی خواردن دەخرێتە ناو گەلێك خۆراك بەتایبەتی سوپ، خۆراكی چینی، گۆشتی پرۆسێسكراو، هەروەها خۆراكە قووتووبەندەكان.

Top