هۆكارەكانی زیـاد تینووێتی
هەستكردن بە تینووێتی واتە پێویستیی لەش بە شلە، بەڵام ئەگەر پاش هەستكردن بە تینووبوون و خواردنەوەی برێكی باشی ئاو و شلەمەنی، هێشتا هەستی تینووبوون هەر مایەوە، واتە هەستكردنی بەردەوام بە تینووبوون Polydipsia، ئەوكاتە بە ئاسایی هەژمار ناكرێت و پێویستی بە پشكنینی پزیشكی هەیە بۆ دۆزینەوە و دەستنیشانكردنی هۆكارەكان، بۆنموونە نەخۆشیی شەكرە، نەخۆشیی گەندە شەكرە Diabetes insipidus كە لە ئەنجامی كەمبوونی هۆرمۆنی ڤاسۆپرێسین Vasopressin روو دەدات. ئەم حاڵەتە جیاوازە لەگەڵ حاڵەتی هەستكردنی توند بە تینووبوون كە هاوكات دەبێت لەگەڵ وشكبوونی دەم، قوڕگ، لێو، زمان لەگەڵ گرفت لە قووتدانی خۆراك و قسەكردندا، لە ئەنجامی كەمبوونەوەی توندی لیك لەناو بۆشایی دەم و قوڕگدا، ئەم جۆرەی هەستكردنەی توند بە تینووبوون لە هەندێك حاڵەتی ئاسایی و هەندێك حاڵەتی نەخۆشیدا بەدی دەكرێت، وەكو: مەشقی وەزرشیی توند، كەشی گەرم و زیاد ئارەقەكردن، كەمخواردنەوەی ئاو و شلەمەنییەكان، كەمخوێنی، دووگیانی، سكچوون یان رشانەوە لەبەر ونكردنی شلەی لەش، پەككەوتنی گورچیلەكان، هەروەها جگەرەكێشان كە هۆكارە بۆ كەمكردنەوەی رێژەی دەردانی لیكی دەم.
