رۆژانە چەند پرۆتین پێویستە بۆ بینای ماسوڵكەكان؟
پرۆتین لە ترشە ئەمینییەكان Amino acids پێكدێت، لە هەموو خانە و شانەكانی لەشدا هەیە و رۆڵی زۆر گرنگی هەیە بەتایبەتی بۆ هێز و گەشەی ماسوڵكە وچاكبوونەوە پاش هەر زەبر و برینداربوونێك، هەروەها فرمانی بەرگریی لەش و بەرهەمهێنانی وزە. پرۆتین كە لە خۆراكەوە دەگاتە كۆئەندامی هەرس، شیدەبێتەوە بۆ ترشە ئەمینییەكان كە لەش سوودیان لێوەردەگرێت. سەرچاوە خۆراكییە دەوڵەمەندەكانی پرۆتین: گۆشتی سوور، پەڵەوڕ، هێلكە، ماسی، شیرەمەنی، سۆیا، پاقلەمەنییەكان، كاكڵەكانی وەكو گوێز و باوی، نیسك، لەگەڵ تۆوەكان. پێویستیی رۆژانەی پرۆتین بۆ تەمەنی 19 ساڵ و بەسەرەوە بریتییە لە 50-175 گرام كە كۆی وزەی رۆژانە 2000 كالۆری بێت، یان 0.8 گرام پرۆتین بۆ هەر كیلۆگرامێك كێشی لەش. وەرگرتنی بڕی كەمی پرۆتین لە خۆراكەوە كە پێویستیی لەش پڕنەكاتەوە واتە كەمتر لە 50 گرام رۆژانە، دەبێتە ئەگەری پووكانەوە یان كەمبوونەوەی بارستایی ماسوڵكەكان، هەروەها وەرگرتنی بڕی زیاتر لە پرۆتین لە خۆراكەوە كە لە 2 گرام بۆ هەر كیلۆگرامێك كێشی لەش زیاتر بێت ئەوا زیان بە تەندروستی دەگەنێت.
