هەنگاوەكانی خۆپاراستن لە ئاوسانی پرۆستات
ئاوسانی سادەی پرۆستات BPH بریتییە لە گەورەبوونی گلاندی پرۆستات تا رادەیەك كە ببێتە ئەگەری گرفت لە كۆئەندامی میزەڕۆدا بە شێوەی زوو میزكردن و شەو بیداربوونەوە بۆ میزكردن لەگەڵ نەمانی توانا بۆ بەتاڵكردنەوەی تەواوی میزڵدان. بە شێوەیەكی ئاسایی زۆربەی پیاوان لە تەمەنی 60 ساڵ و بەسەرەوە تووشی دەبن. ئەگەر چارەسەركردنی ئاوسانی پرۆستات دوابخرێت ئەوا دەبێتە هۆی ئەم ئاڵۆزییانە: بەربوونی خوێن لەگەڵ میزدا، هەوكردنی میزەڕۆ، گیرانی رێڕەوی میز، تێكدانی میزڵدان و گورچیلەكان، بەردی میزڵدان. هەنگاوەكانی خۆپاراستن یان دواخستنی ئاوسانی پرۆستات بریتین لە: خۆپاراستن لە زیادبوونی كێش و قەڵەوی، ئەنجامدانی مەشقی وەرزشیی رۆژانە، دووركەوتنەوە لە جگەرەكێشان، باشتركردنی كوالیتی خەو، خۆراكی هاوسەنگ، پەیڕەوكردنی هەنگاوەكانی خۆپاراستن لە تووشبوون بە نەخۆشییەكانی دڵ و سووڕان و نەخۆشیی شەكرەی جۆری دووەم. هەروەها پێویستە لەسەر تووشبووان بە ئاوسانی پرۆستات بەمەبەستی سووككردنی نیشانەكان ئەم هەنگاوانە بگرنە بەر: دووركەوتنەوە لە دواخستنی هەستی میزكردن چونكە دەبێتە هۆی توندبوونی نیشانەكانی ئاوسانی پرۆستات و زیادبوونی ئەگەری هەوكردنی رێڕەوەكانی میزەڕۆ، دووركەوتنەوە لە ئەلكهول و بەكارهێنانی چەند دەرمانێك وەكو دژەهیستامینەكان و ئەو دەرمانانەی كە بۆ سووككردنی گیرانی لووت بەكاردەهێنرێن چونكە نیشانەكان توندتر دەكەن.
