چۆن رۆژە درێژەكانی هاوین كاریگەری دەكەنە سەر نووستن؟

چۆن رۆژە درێژەكانی هاوین كاریگەری دەكەنە سەر نووستن؟

لەوانەیە كە لە شەوانی وەرزی هاویندا بە ئاسانی نەچیتە خەوەوە، لەوكاتەی كە تا درەنگانی رۆژ هێشتا خۆر بەدەرەوەیە، ئەمەش كاریگەریی دەكاتە سەر سرووشتی نووستنمان، پەرەسەندن مرۆڤی لەسەر ئەوە راهێناوە كە لە كاتی تاریكیدا بخەوێت و لە كاتی رووناكیی رۆژدا هەڵسێت و بكەوێتە جووڵە. لە مانگەكانی وەرزی زستان لەگەڵ رۆژە كورت و شەوە درێژەكاندا، بە شێوەیەكی سرووشتی مەیلی نووستن دەكەین بۆ ماوەیەكی زیاتر، لە هاوینیشدا مەسەلەكە رێك پێچەوانەی زستانە. هەر چەندە رووناكیی رۆژ بۆ ماوەیەكی درێژتر بەردەوام بێت، لەشمان زیاتر مەیلی بەئاگابوون، یان بیداربوونی دەبێت، بەرەو ئێوارە لەگەڵ كزبوونی رووناكی خۆردا، لەش هۆرمۆنی میلاتۆنین Melatonin كە بە هۆرمۆنی خەو، یان هۆرمۆنی تاریكی ناسراوە، بەرهەم دەهێنێت، بەمەبەستی ئامادەبوون بۆ نووستن. لە سەردەمی ئێستاماندا لەگەڵ گۆڕانی دراماتیكیی ژینگە و دەروبەریشدا كە زۆربەی كاتمان لە ژوورەوە، یان ناوماڵ بەسەردەبەین، كە پڕە لە رووناكیی دەستكرد، هێشتا لەشمان هەمان كاردانەوەی هۆرمۆنی بەرانبەر بە رووناكی و تاریكی هەیە. پسپۆڕان لە وەرزی هاویندا رێنمایی زوو خەوتن دەكەن، بەمەبەستی خۆگونجاندن لەگەڵ سووڕی هۆرمۆنی میلاتۆنین و نووستنی تەواو، كە لە دەوروبەری حەوت كاتژمێر بێت.

 

Top