باینجان هاندەرە بۆ دابەزاندنی كێش
باینجان Eggplant دەوڵەمەندە بە ماددە دژەئۆكسانەكان، بەتایبەتی پۆلیفینۆلەكان Polyphenols كە رۆڵی گرنگیان هەیە بۆ خۆپاراستن لە ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشییە درێژخایەنەكان و زیادبوونی ئاستی هەوكردن لە لەشدا. باینجان رێژەیەكی باش لە ڤیتامینەكانی A، C لەگەڵ كۆمەڵەی ڤیتامین B لەخۆدەگرێت، لەگەڵ كانزاكانی پۆتاسیۆم و سۆدیۆم، هەروەها سوودبەخشە بۆ كەمكردنەوەی كێشی لەش بەهۆی رێژە بەرزەكەی ریشاڵی تواوە و نەتواوە، بۆنموونە هەر 100 گرام باینجان نزیكەی 2.5 گرام ریشاڵ لەخۆ دەگرێت، سوودەكانی دیكەی باینجان: كەمكردنەوەی ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشیی دڵ لە رێگای كۆنترۆڵكردنی ئاستی كۆلیستیرۆڵی خوێن، رێكخستنی ئاستی شەكری خوێن، هاندانی فرمانەكانی كۆئەندامی هەرس، خۆپاراستن لە هەندێك جۆری شێرپەنجە، باشتركردنی تەندروستیی ئێسك، خۆپاراستن لە كەمخوێنی، باشتركردنی فرمان و تواناكانی مێشك.
باینجان یەكێكە لەو خۆراكانەی كە دەبێتە ئەگەری هەستەوەری لە هەندێك كەسدا، كە نیشانەكانی بریتین لە: خورشت وسووربوونەوەی پێست بە شێوەی پەڵەی پەمەیی یان سوور، خورشت لە لێو و زمان و قوڕگدا، كۆكە، ئازاری گەدە، رشانەوە، هەروەها سكچوون.
